لەسەر داوای تورکمان لیژنە دژی زانایەکی ئاینی کورد پێکدەهێنرێت

هەواڵ / کوردستان :: 07/12/2019‌ :: 629‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری


دوای ئەوەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە چەند پەیجێکی تورکمان هێرشیانکردە سەر زانایەکی کورد لەشاری کەرکوک گوایە ئیهانەی کردوون، وەقفی سوننی لیژنەی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەبابەتەکە.

دوێنێ ٦ ی کانونی یەکەم، پەیجەکانی سەر بە بەرەی تورکمانی لەکەرکوک هێرشێکیان دژی مەلا ئەحمەد تاڵەبانی زانای ئاینی کورد لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستپێکرد، گوایە لەوتاری هەینیدا لەگەورەیی شەهیدانی ١٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٩ی پردێی کەمکردووەتەوەو بە ئاشوب ناوی بردوون. بانی، ماستەر و دکتۆرای لە عیلمی حەدیسدا هەیە، بەدەنگی زانایانی کەرکوک کراوە بە شێخی مەشایەخی حەدیس لەشارەکەدا کە پلەیەکی باڵای ئاینییە و دەدرێت بەکەسانی زانا، هاوکات وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی ئەبرارە لە گەڕەکی رێگەی بەغدا.

لەو بارەیەوە، ئەحمەد مودەریس بەڕێوەبەری وەقفی سوننی لەکەرکوک بەدواڕۆژی راگەیاند "بابەتەکە زۆر لەقەبارەی خۆی گەورەکراوە، بۆیە بڕیارمانداوە لێکۆڵینەوە لەدروستیی ئەو تۆمەتە بکەین".

وتیشی: "وتارخوێنەکان پابەندن بەبڕیاری ئەوقافەوە کە پێویستە هەفتانە وتارەکانیان تۆمار بکەن، بۆیە تۆماری وتارەکەی مەلا ئەحمەد دەخرێتە بەردەم لیژنەیەکی شەش کەسیی تاوەکو دوبارە گوێڕایەڵی بن ئەگەر تۆمەتەکە پشتراستبێتەوە، ئەوە سزا دەدرێت و بۆ ماوەیەک لە وتاردان دوور دەخرێتەوە".

بەڕێوەبەری وەقفی سوننی ئەوەشی خستەڕوو، وتارخوێن قەدەغەیە باسی دوبەرەکی و هەوڵی دروستبوونی ئاشوب بدات هەر کاتێکیش ئەو کارە بکات، ئەوە سزا دەدرێت، چونکە دۆخی کەرکوک تایبەتە و هیچ هەڵەیەک قبوڵ ناکات.

ئەحمەد مودەریس ستایشی مەلا کوردەکەی کردو وتی: "مەلا ئەحمەد یەکێکە لە مەلا گەنجەکان کە زانایەکی گەورەی کەرکوکە و ماوەی ١٠ ساڵە لەو گەڕەکە عەرەب و تورکمان نشینە وتار دەدات، هیچ کاتێک کەموکورتی نەبووە و خۆشەویستی نێو خەڵکەکەیە".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure