ته‌رمی ئه‌و هاووڵاتییه‌ کورده‌ی له‌ زیندانێکی فره‌نسا گیانی له‌ده‌ستدا گه‌یشته‌وه‌ کوردستان

هەواڵ / کوردستان :: 07/12/2019‌ :: 783‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

تەرمی ئەو ھاووڵاتیە کوردەی لە فڕەنسا گیانی لەدەستدا، ئەمڕۆ 7ی کانوونی یەکەمی 2019 گەیشتەوە سلێمانی.

هاژین محەمەد، به‌رپرسی نووسینگه‌ی لقی کوردستانی فیدراسیۆنی سه‌رانسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراق بەدواڕۆژی راگه‌یاند: "زانا ئه‌حمه‌د ئه‌و په‌نابه‌ره‌ی 25ی مانگی رابوردوو له‌ یه‌کێک له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی شاری لیل له وڵاتی‌ فره‌نسا گیانی له‌ده‌ستدا، بەرە بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 3 ته‌رمه‌که‌ی گه‌یشته‌وه‌ ئامێزی که‌سوکاری له‌ گوندی موان نزیک عەربەت".

وتیشی: "که‌سوکارەکەی تێچووی ناردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌که‌یان له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ و کاروباره‌ ئیدارییه‌کانی له‌لایه‌ن فیدراسیۆن و کونسڵی گشتی عێراق له‌ پاریس جێبه‌جێکراوه‌".

زانا ئه‌حمه‌دی ته‌مه‌ن 31 ساڵ هاووڵاتی شاری سلێمانییه‌ و ماوه‌ی 9 مانگ له‌یه‌کێک له‌گرتوخانه‌کانی وڵاتی فره‌نسا زیندان بووه‌ و رۆژی 25ی ئه‌م مانگه‌ له‌ یه‌کێک له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی شاری لیل گیانی له‌ده‌ستداوه‌. پۆلیسی فره‌نسا رایگه‌یاندووه‌ رووداوه‌که‌ خۆکوژیی بووه‌.

نوێنەرەکەی فیدراسۆنی پەنابەران ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: سه‌باره‌ت به‌و رووداوە فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی‌ هه‌وڵ و به‌دواداچوونه‌کانیان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فره‌نسا و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کاندا له‌سه‌ر چۆنێتی ئه‌م رووداوه‌ و مه‌رگی ئه‌و په‌نابه‌ره‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure