ژماره‌ی تاكسی له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌مده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 07/12/2019‌ :: 819‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ی تاكسییه‌كان زۆره‌ و پێویستی به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ هه‌یه‌. 

سه‌ڵاح جه‌وهه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گواستنه‌وه‌ی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌پێی ستانداردی جیهانی ده‌بێت هه‌ر تاكسییه‌ك كه‌ كار ده‌كات 300 كه‌سی به‌ر بكه‌وێت، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر تاكسییه‌ك 50 كەسی به‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌مه‌ش ژمارەیه‌كی زۆر كه‌مه‌ و زیانی بۆ شۆفێرانی تاكسی هه‌یه‌ كه‌ سود له‌ كاره‌كه‌یان نابینن و پاره‌یان بەشی ماندووبوونی رۆژانه‌یان ناكات.
 
له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 90 هه‌زار تاكسی هه‌یه‌ و رۆژانه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم له‌ شه‌قامه‌كان هاتوچۆ ده‌كه‌ن بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیانیان، به‌ڵام به‌هۆی زۆری ژماره‌ی تاكسییه‌كان وه‌ك پێویست كاریان ده‌ست ناكه‌وێت، هاوكات شه‌قامه‌كانیش قه‌ره‌باڵغ ده‌كه‌ن. 

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ وتیشی: "وه‌زاره‌ته‌كه‌مان كۆتایی به‌ رێكاره‌كان هێناوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی سیستمی تازه‌ی كاری تاكسی و ته‌نیا له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ ماوه‌ كاره‌كه‌ جێبه‌جێ بكات كه‌ ئه‌ویش سه‌ره‌تا ناوی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ تۆمار ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ شۆفێریی تاكسی ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌شی كه‌ پێشتر فه‌رمانبه‌ر بوون له‌ سیستمه‌كه‌دا بڕیار دراوه‌ نابێت كار بكه‌ن ئه‌وانه‌ بۆیان نییه‌ شۆفێریی تاكسی بكەنه‌وه‌". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: حكومه‌ت له‌ به‌رنامه‌یدا هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی سیستمی تازه‌ ئه‌و تاكسییانه‌ رێگه‌یان پیده‌درێت كه‌ له‌گه‌ڵ سیستمه‌كه‌ ده‌گونجێن و ژماره‌ی تاكسییه‌كانیش كه‌مده‌كرێنه‌وه‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure