ڤیدیۆ: پێشانگەیەكی فۆتۆگرافی كرایەوە

هەواڵ / ڤیدیۆ :: 07/12/2019‌ :: 540‌ جار بینراوە

تاگ :: ڤیدیۆ

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد
مۆنتاژ: چاوان محەمەد

 
پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی بۆ دوو هونەرمەندی شێوەکاری هەولێر و هەڵەبجە کرایەوە، داهاتەکەشی بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت تەرخانکرا.

 

ئەمڕۆ 7ی کانوونی یەکەمی 2019 لە گەلەری رەنج لە شاری هەولێر پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی بۆ دوو هونەرمەند کرایەوە و بڕیارە داهاتی ئەو پێشانگەیەش بۆ پێداویستی جلوبەرگی زستانەی منداڵانی بێ سەرپەرشت خەرج بکرێت.

 

 هەڤاڵ عومەر، دانیشتووی شارەزوور یەکێکە لەو شێوەکارانەی کە بە ژمارەیەک فۆتۆ بەشداری پێشانگەکەی کردووە بە دواڕۆژی راگەیاند: من وەکو شێوەکارێک  لە قەزای شارەزوور هاتوومەتە هەولێر بۆ کردنەوەی پێشانگەیەکی هاوبەش لەگەڵ منداڵێکی بەهرەمەندی تەمەن 7 ساڵان بە ناوی سپێدە، سەرەتای دروستبوونی بیرۆکەی کردنەوەی ئەم پێشانگەیە لەسەرەتادا لە رێگەی تۆری کۆمەلایەتی فەیسبوک بوو سپێدەم ناسی و دایکی سپێدە باسی بیرۆکە و توانای سپێدەی بۆ کردم، ئەوە بوو بڕیارمدا کاری هاوبەشی لەگەڵ بکەم و تا وای لێهات رۆژانە چەند کاتژمێرێک لە رێگەی لایڤەوە کاری هاوبەشمان دەکرد و دواتر بڕیارماندا پێشانگەیەکی هاوبەش ئەنجام بدەین داهاتەکەشی بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت بێت.

 

 لای خۆشیەوە سپێدە دەڵێت: "فۆتۆکانم هەمەجۆرن بەشێکیان باس لە سروشتی کوردستان دەکەن و بەشەکەی تر باس لە خۆشەویستی و جوانی ژیان و رووخساری ئافرەت دەکات، هەروەها نرخی فۆتۆکانیش لە 50 دۆلارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو نزیکەی 200 دۆلاری ئەمریکی دەروات، بۆیە نرخەکان کەمێ بەرزن بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی زیاتر بە منداڵانی بێ سەرپەرشت بکەین".

 

جێگەی باسە لەو پێشانگەیە 43 فۆتۆ نمایشکراون هەر فۆتۆیەکیش باس لە جوانی سروشت و بوارەکانی تری نێو کۆمەڵگە دەکات، سپێدەی تەمەن 7 ساڵ ئەمە یەکەم کاری نییە پێشتر دوو پێشانگەی تری کردووەتەوە، بە وتەی دایکی سپێدە ئەم پێشانگەیە جیاواترە لە پێشانگەکانی تر، چونکە داهاتی ئەو پێشانگەیە بۆ بوارێکی مرۆیی تەرخان دەکرێت.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure