قوباد تاڵه‌بانی ئه‌ركی چاره‌سه‌ركردنی ئەو خێزانه‌ کوردە لەئەستۆ دەگرێت کە لەئێران سوتێندران

هەواڵ / کوردستان :: 07/12/2019‌ :: 737‌ جار بینراوە
قوباد تاڵه‌بانى

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

به‌رپرسى نووسینگه‌ى قوباد تاڵه‌بانى ئاشكرایده‌كات: جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌ركى چاره‌سه‌ركردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و خێزانه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ له‌ئه‌ستۆده‌گرێت كه‌ به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك ده‌رمانخواردكران و دواتر جه‌سته‌یان سوتێندرا.


عه‌تا محه‌مه‌د، لێپرسراوی نووسینگه‌ی سلێمانی قوباد تاڵه‌بانى، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 7ى كانوونى یه‌كه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌سه‌ر راسپارده‌ى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ تاران و باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ تاران له‌سه‌ر خه‌تن بۆ دروستكردنی دۆكیۆمێنت و به‌ڵگه‌نامه‌ بۆ ئه‌و خێزانه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ى كه‌ به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك ده‌ستدرێژییان كرایه‌سه‌ر و هه‌وڵى كوشتن و سوتاندنى جه‌سته‌یان درا، ئەو دۆکیۆمێنتانەش بۆ ئه‌وه‌یە بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان چونكه‌ پاسپۆرت و به‌ڵگه‌نامه‌كانیان دزراوه‌.
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: هه‌ر له‌سه‌ر داواى قوباد تاڵه‌بانى، ئه‌مڕۆ ستافی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ تاران سه‌ردانی شاری ورمێ‌ ده‌كه‌ن، هاوكات وه‌ك نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ سلێمانی به‌هه‌مان شێوه‌ له‌سه‌ر خه‌تن بۆ ئه‌وه‌ی تۆمه‌تباران به‌ سزای یاسایی بگه‌یه‌ندرێن كه‌ له‌ئێستادا ده‌ستگیركراون.

دوای ئەوەی بەمەبەستی سەردانیکردنی نەخۆشخانە ژن و پیاوێکى خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ناوى چیا و هێمن لەگەڵ دایکی چیا روو لە شاری ورمێی ئێران دەکەن، لەلایەن دوو کەسەوە به‌ مه‌به‌ستى دزینى پاره‌ و ئاڵتونه‌كانیان دەرمانخوارد دەکرێن و دواتر جەستەیان دەسوتێندرێت.
 
لێپرسراوی نووسینگه‌ی سلێمانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌وه‌شى وت: قوباد تاڵه‌بانى ئه‌ركى چاره‌سه‌ركردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى خێزانه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كه‌ى له‌ ئه‌ستۆى خۆى گرتووه‌، هاوكات ئاماده‌یی ته‌واو بۆ خێزانه‌كه‌ ده‌ربڕدراوه‌ به‌وه‌ی له‌ ئێران بمێننه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری پزیشكیان له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی شاری ورمێ بۆ بكرێت یان بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان چاره‌سه‌ریان بۆ بكرێت.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure