كامه‌ران به‌درخان.. كارامه‌كه‌ى دیبلۆماسیه‌ت و رۆژنامه‌گه‌رى

هەواڵ / که‌لتور :: 07/12/2019‌ :: 439‌ جار بینراوە
كامه‌ران به‌درخان

دواڕۆژ

لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا دەستیكردوە بە نوسین و به‌هۆى زانینى شه‌ش زمانه‌وه‌ رۆڵێكی گرنگی بینیوە لە بزوتنەی رزگاریخوازی كوردستان و رۆژنامەگەری و ئەدەبیاتی كوردیدا.


کامەران ئەمین عالی بەدرخان رۆژی ٢١ی‌ ئابی‌ ساڵی ١٨٩٥ له‌ شاری‌ ئه‌سته‌مبوڵ‌ له‌دایكبووه‌ و هه‌ر له‌وێ‌ تا قۆناغی‌ ئاماده‌یی‌ خوێندووه‌ و لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا دەستی كردوە بە نوسین.

له‌ ئه‌نجامی‌ شۆڕشه‌كه‌ی‌ شێخ سه‌عیدی‌ پیران دا، بنه‌ماڵه‌كه‌یان به‌ ناچاری‌ روویان كردۆته‌ شام و له‌دوای‌ ساڵی‌ (١٩٢٥)ه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ جه‌لاده‌ت به‌درخانی‌ برایدا ده‌ستیان داوه‌ته‌ خه‌باتی‌ نهێنی‌ و رۆڵێكی‌ گه‌وره‌یان بینیووه‌ له‌ دامه‌زراندنی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ (خۆیبون)دا. دواتر كامه‌ران به‌درخان بۆ ته‌واوكردنی‌ خوێندنی‌ باڵا رووی‌ كردۆته‌ ئه‌ڵمانیا و درێژه‌ی‌ به‌ خوێندن داوه‌ و بڕوانامه‌ی‌ دكتۆرای‌ وه‌رگرتووه‌.

شان به‌شانی‌ ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام هاوكاری‌ جه‌لاده‌ت به‌درخانی‌ برای‌ كردووه‌ له‌ ده‌ركردنی‌ هه‌ردوو گۆڤاری‌ (هاوار) و (روناهی‌)دا. 

ساڵی ١٩٤٣ به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ له‌ به‌یروت نیشته‌جێ‌ بووه‌ و گۆڤارێكی‌ ده‌ركردووه‌ به‌ شێوه‌ی‌ كرمانجی‌ ژووروو كه‌ ناوی‌ گۆڤاری‌ (روژا نو) بوو. له‌ كۆتایی‌ هه‌مان ساڵیشدا گۆڤارێكی‌ تریشی‌ ده‌ركردووه‌ به‌ناونیشانی‌ گۆڤاری‌ (ستێر).

دكتۆر كامه‌ران به‌درخان ساڵی ١٩٤٧ له‌ فه‌ڕه‌نسا نیشته‌جێ‌ بووه‌ و له‌ پاریس په‌یمانگه‌یه‌كی‌ بۆ خوێندنی‌ كوردی‌ دامه‌زراندووه‌ و وه‌ك پسپۆڕێكی‌ زمانی‌ كوردی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ خوێندكارانی‌ باڵای‌ ئه‌و به‌شه‌ی‌ كردووه‌ و پاشان له‌ ساڵی‌ ١٩٥٤دا له‌ زانكۆی‌ (سۆربۆن) بووه‌ به‌ مامۆستا.

لە ڕووی سیاسیەوە كامەران بە درخان پەیوەندیەكی بەرفراوانی لەگەڵ زۆرینەی سەركردەكانی جیهان و وڵاتانی عەرەبی هەبوو، ساڵی ١٩٤٨ لە نیویۆرك داواكارییەكانی كوردی گەیاندە نەتەوە یەكگرتووەكان، لەسەر ئاستی ناوچەیش بە دامەزرێنەری پەیوەندیەكانی كورد و ئیسرائیل دادەنرێت.

ساڵی ١٩٦٢ چوەتە تەلئەبیب و داوای هاوكاری كردوە بۆ شۆڕشی كورد سەرئەنجام هاوكاری سەربازی ئیسرائیلی بۆ كورد بەدەستهێناوە، كامەران پەیوەندی شۆڕش و وڵاتانی میسر و جەزائیر و ئەردەنی رێكخستوە بە عەرابی پەیوەندییە دبلۆماسیەكانی كورد لە ساڵانی ١٩٤٠ تا ساڵی ١٩٦٩ دادەنرێت.

ئه‌م زانا گه‌وره‌یه ١٥ كتێبی‌ به‌نرخی‌ به‌ هه‌ردوو زمانی‌ كوردی‌ و فه‌ڕه‌نسی‌ به‌ چاپ گه‌یاندووه‌ و چوار كتێبی‌ تریشی‌ هێشتا ده‌ستنووسن و چاپ نه‌كراون.

كامه‌ران به‌درخان پاش ته‌مه‌نێكی‌ پڕ سه‌روه‌ری‌ رۆژی ٤ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ ١٩٧٨ لە پاریس كۆچی‌ دواییكرد و جەستەی خۆی بەخشیە پەیمانگای زانستی پاریس.

ئه‌مین عالی به‌درخان
دامه‌زرێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی ته‌ره‌قی و ته‌عاونى كوردی بووه‌، دامه‌زرێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی زانین و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی بووه‌، دووه‌م سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی خه‌باتی كوردستان و دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی رێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردی بوو، تـــــا له‌ ساڵی ١٩٢٦ كۆچی دوایی كرد.
ئه‌مین علی به‌درخان خاوه‌نی شه‌ش كوڕ و كچێك بوو به‌ ناوی مه‌زیه‌ت و كوڕه‌كانی ناویان (سوره‌یه‌، حیكمه‌ت، جه‌لاده‌ت، كامه‌ران، تۆفیق و سه‌فده‌ر) به‌درخان بوون.

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure