کاروان سێ منداڵی لەدوای خۆی بەجێهێشت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 07/12/2019‌ :: 12003‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

ته‌نها چەند کاتژمێرێک بوو (کاروان عوسمان) لەگەڵ مەفرەزەکەی پێش خوێدا ئاڵوگۆڕی ئەرکەکەی کردبوو کاتێک بەهۆی بۆمبێکی چێندراوەوە شەهیدبوو، لەدوای خۆشی سێ منداڵی بەجێهێشت.


کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی نیوەڕۆی (دوێنێ هەینی ٦ی کانونی یەکەمى 2019) لە گەڕەکی پەنجاعەلی شاری کەرکوک بۆمبێکی چێندراو لەنزیک مەفرەزەیەکی پۆلیسی فریاکەوتن تەقییەوە بوە هۆی شەهیدبونی کاروان عوسمان-ى مفەوەز و بەرپرسی مەفرەزەکە.

بۆمبەکە لە تەنیشت دیواری موەلیدەی گەڕەکە لەنێو باخچەیەکی سێگۆشەدا دانرابوو، کە بەردەوام مەفرەزەیەکی پۆلیسی فریاکەوتن لەوێدا جێگیرن.

بەهۆی تەقینەوەکەوە سه‌ره‌تا (کاروان) برینداربوو کە بەهۆی نزیکی لە رووداوەکەوە قاچێکی لەدەستدا، به‌ڵام دوای گەیاندنی بەنەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

شاخەوان جاف، هاوڕێی کاروان، کە هاوکات کارمەندی پۆلیسی فریاکەوتنە، بە دواڕۆژی وت: بەیانی ئەمڕۆ کاروان و هاوڕێکانی کە بەدیلی یەکتربوین لەو خاڵە جێگیرەی پەنجاعەلی، دوای پەیوەندیکردنیان بەدەوامەوە ئەرکەکەمان لەگەڵ یەکتر ئاڵوگۆڕکرد.

وتیشی: "لەکاتی ئاڵۆگۆڕی ئەرکەکەدا، بۆ ماوەی 20 خولەک بەیەکەوە دانیشتین و گاڵتەیەکی زۆرمان کرد، دوایین قسەی ته‌نها ئه‌وه‌بوو پێی وتم بڕۆن خواتان لەگەڵ".

کاروان عوسمان (تەمەن 36 ساڵ) ساڵی 2003 و هەر لەسەرەتای دامەزراندنی هێزى نوێى پۆلیسەوە بوەتە کارمەند و لە ریزی پۆلیسی فریاکەوتندا دەوامی کردوە.

لەدوای هاوسەرگیریكردنیشى بۆ ماوەی چەند ساڵێک چاوەڕێ دەکات تاوەكو ده‌بێته‌ خاوه‌ن منداڵ، له‌ دواى خۆیشى سێ منداڵ، دوو کچ و کوڕێك له‌دواى خۆى جێده‌هێڵێت.

بەوتەی شاخەوانی هاوڕێی، کاروان عوسمان ساڵانێکە سەرقاڵی دروستکردنی خانوو بوە لە گەڕەکی رەشیدئاوای شۆرجە، ماوەیەکی کەمبووە خانوه‌کەی تەواوکردووە و پێیوابوە ئیدی کاتی ئەوەیە پشویەک بدات.

گەڕەکی پەنجاعەلی، ئەو شوێنەی تەقینەوەکەی تێیدا رویداوە گەرەکێکی کوردنشینە، بەڵام لەدوای سەرهەڵدانی داعش لە باشوری کەرکوک، خەڵکێکی زۆری حەویجە و شارەکانی دیکەش نیشتەجێی بون.

لەدوای روداوەکە هێزەکانی لیوای ٦١ی تایبەت بۆ دەستکەوتنی و زانیارى له‌باره‌ى شوێن پێی ئەو کەسەی بۆمبەکەی داناوە، هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان لەچەند کۆڵانێکی ئەو نزیکە ئەنجامدا و زۆربەی کامێرەکانی چاودێری ماڵ و دوکانەکانی ناوچەکەیان هەڵگرتەوە.

پێشتریش چەند جارێک گەڕان و پشکنینیان لەو گەڕەکە ئەنجامداوە و دەیان کەسی داواکراو و شانەی نستوی داعشیان دەستگیرکردوە.

دوبارەبونەوەی تەقینەوەی بۆمب لەگەڕەکە جیاوازەکان و دەستگیرکردنی گەورە تیرۆریستێکی داعش لەچەند رۆژی رابردودا کە برازای ئەبو بەغدادیە، بەبڕوای دەزگا ئەمنیەکان و چاودێرانی سیاسی ئاماژەیە بۆ بونی ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش کەوەکو شانەی نستوو لە شارەکەدا کاردەکەن.

به‌ڵگه‌ى زیندووش ئه‌و رووداوه‌یه‌ كه‌ كاروان-ى كرده‌ قوربانى.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure