ئۆپیك: به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت به‌بڕى نیو ملیۆن به‌رمیلى رۆژانه‌ كه‌مده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 06/12/2019‌ :: 988‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

وڵاتانى ئه‌ندام له‌ رێكخراوى ئۆپیك رێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت له‌ ساڵى داهاتوودا به‌ بڕى نیو ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا.


ئاژانسى رۆیته‌رز (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 6ى كانونى یه‌كه‌مى 2019) له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كانه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌: وڵاتانى (ئۆپیك+) له‌ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیاندا رێككه‌وتوون له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت.

به‌پێى ئاژانسه‌كه‌ بڕیاره‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوه‌وه‌ تا كۆتایى چاره‌كى یه‌كه‌مى ساڵ ده‌بێت و بڕى 503 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ كه‌مده‌كرێته‌وه‌ و ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ى له‌ ئێستادا په‌یڕه‌وده‌كرێت.

بڕیاره‌كه‌ى ئۆپیك راسته‌وخۆ كاریگه‌رى له‌سه‌ر نرخى زێڕى ره‌ش له‌ بازاڕه‌كاندا دروستكرد و به‌هۆیه‌وه‌ نرخى به‌رمیلێك نه‌وتى برێنت گه‌یشته‌ 64.72، پاش ئه‌وه‌ى به‌ بڕى 1.33 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك به‌رزبوه‌وه‌.

هاوكات نرخى نه‌وتى رۆژئاواى ته‌كساس-یش گه‌یشته‌ 59.62، پاش ئه‌وه‌ى به‌ بڕى 1.19 دۆلار به‌رزبونه‌وه‌ى تۆماركرد. 

به‌پێى رۆیته‌رز كه‌مكردنه‌وه‌كه‌ به‌مجۆره‌ ده‌بێت: پشكى ئه‌ندامانى ئۆپیك 372، ده‌ره‌وه‌ى ئۆپیك 131، به‌ هه‌ڵاوێركردنى ئێران و ڤه‌نزوێلا و لیبیا له‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه‌.

بڕیاریشه‌ كۆبونه‌وه‌ى داهاتووى رێكخراوه‌كه‌ له‌ 5 و 6ى ئازارى ساڵى داهاتوو ئه‌نجامبدرێت.

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure