پێویست ناكات هه‌موو كه‌س خۆشى بوێیت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 07/12/2019‌ :: 507‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌ رابوردوودا به‌لاى خه‌ڵكه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ گرنگ بوو فڵانه‌ كه‌س به‌ نهێنى چى ده‌كات نه‌ك ئه‌و كارانه‌ى به‌ ئاشكرا ئه‌نجامیان ده‌دات. ئه‌مه‌ پێى ده‌وترا كه‌لتوورى سروشت، به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و كه‌لتووره‌ى كه‌ دواتر سه‌ری هه‌ڵدا و پێيده‌وترێت كه‌لتوورى ده‌قگرتن یان خووپێوه‌گرتن. 


له‌م جۆرى دووه‌مه‌ى كه‌لتوورەدا مرۆڤ زۆر به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ به‌پێى ویست و چاوه‌ڕوانییه‌كانى خه‌ڵكانى دیكه‌ ره‌فتاربكات و راى خه‌ڵكى له‌سه‌رى گرنگه‌. واته‌ ئه‌و ره‌فتار و ره‌وشتانه‌ گرنگن كه‌ به‌ ئاشكرا ئه‌نجامیان ده‌دات نه‌ك ئه‌وانه‌ى به‌دزییه‌وه‌ ده‌یانكات یان ئه‌وه‌ى كه‌ به‌ته‌مایه‌ بیكات، چونكه‌ ئامانج رازیكردن و سه‌رنجڕاكێشانى خه‌ڵكانى دیكه‌یه‌ كه‌ وه‌كو ئاوێنه‌ مرۆڤ خۆى تیایاندا ده‌بینێته‌وه‌. 

تا سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌میش جوامێرى و ره‌وشتبه‌رزى ئه‌وه‌ بوو چاكه‌ بكه‌یت و نه‌هێڵیت كه‌س پێي بزانێت، به‌ڵام له‌ سه‌ده‌ى بیسته‌مه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى كتێبه‌ په‌روه‌رده‌یى و رێنماییه‌كانیش گۆڕانیان به‌سه‌ردا هات. مرۆڤى باش ئیتر به‌و كه‌سه‌ ده‌وترا كه‌ له‌لاى خه‌ڵكه‌كه‌ سه‌رنجڕاكێش و سیحراویى بێت.

ئێستا زۆربه‌ى كاتى خۆمان بۆ ئه‌وه‌ ته‌رخان ده‌كه‌ین كه‌ هه‌ندێك وه‌ڵاممان ده‌ستبكه‌وێت سه‌باره‌ت به‌ دوو پرسیارى جیاواز، پرسیار سه‌باره‌ت به‌ قوڵى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تیمان و په‌یوه‌ندیمان به‌ كه‌سانى دیكه‌وه‌ كه‌ تۆ ده‌ڵێیت وابزانم خه‌ڵكه‌كه‌ خۆشیان ناوێم، ئه‌و وشه‌ى وابزانمه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ مرۆڤه‌كه‌ دڵنیا نییه‌ له‌وه‌ى كه‌ ده‌یڵێت. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ نه‌رێنییه‌ كه‌ مرۆڤى نه‌رێنى ده‌ینوێنێت و ده‌ریده‌خات كه‌سه‌كه‌ دڵنیا نییه‌ له‌وه‌ى ده‌وروبه‌ره‌كه‌ خۆشیان ده‌وێت یان نا. به‌ڵام كه‌ ده‌ڵێت خه‌ڵكه‌كه‌ خۆشیان ناوێم، ئه‌وه‌ به‌ توێژینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ خه‌ڵكانى ساویلكه‌ و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك گۆشه‌گیر و كه‌م چالاكییه‌.

ئه‌و مرۆڤه‌ى كه‌ له‌ڕووى سۆزدارییه‌وه‌ برسییه‌ تووشى تێر نه‌بوونى سۆزداریى ده‌بێت و هه‌میشه‌ داواى زۆرتر و زۆرتر ده‌كات. 

یه‌كێك له‌ شێوازه‌كانى دابه‌شكردنى مرۆڤ له‌ڕووى كه‌سایه‌تییه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ دابه‌شكردنى بۆ دوو جۆر كه‌سایه‌تى: كه‌سایه‌تییه‌كى رووخۆش و كراوه و كه‌سایه‌تییه‌كى گۆشه‌گیر. مرۆڤى گۆشه‌گیر هێز و چالاكیی و كامه‌رانى خۆى له‌ پاڵنه‌ره‌ ناوه‌كییه‌كانى خۆیدا ده‌بینێت، به‌ڵام كه‌سایه‌تى كراوه‌ وزه‌ له‌ ده‌وروبه‌ره‌وه‌ وه‌رده‌گرێت و زۆر به‌ توندى ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌رییه‌وه‌. هه‌ڵوێست و ره‌فتارى كه‌سانى دیكه‌ زۆر كارى تێده‌كه‌ن و زۆر هه‌ستیاره‌ به‌رامبه‌ریان، بۆیه‌ ئه‌م جۆره‌ كه‌سایه‌تییه‌ هه‌میشه‌ له‌ خۆى ده‌پرسێت كه‌ ئاخۆ ده‌وروبه‌ر چ بیر و بۆچوونێكیان هه‌یه‌ له‌سه‌رى و تا چ ئاستێك قبووڵیانه‌ و خۆشیان ده‌وێت.

زۆرجار كه‌ تۆ له‌ ناخى خۆتدا ده‌ڵێیت خه‌ڵكه‌كه‌ خۆشیان ناوێم، ئه‌و قسه‌یه‌ به‌ زانیارییه‌كى نه‌گۆڕ و روون و ئاشكرا له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌یت، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ راستییه‌كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ بێت و زۆرجار ئه‌وه‌ ته‌نیا خه‌یاڵى خۆت ئه‌و وێنه‌یه‌ت بۆ ده‌خوڵقێنێت.

ده‌روونناسه‌كانى سه‌ر به‌ قوتابخانه‌ى شیكاریى ده‌روونیى ده‌ڵێن ئه‌م جۆره‌ كه‌سایه‌تییه‌ له‌ قۆناغى سه‌ره‌تایى ژیانیدا كێشه‌ى هاتووه‌ته‌ رێ له‌ بوارى په‌یوه‌ندییه‌كاندا، بۆ نموونه‌ له‌ قۆناغى خوێندنى سه‌ره‌تاییدا، یاخود په‌یوه‌ندى خراپى هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ دایك و باوكیدا. ئه‌مه‌ وای لێده‌كات به‌ تێپه‌ڕبوونى كات هه‌ستێكى قووڵ و شاردراوه‌ له‌ ناخى خۆیدا گه‌شه‌پێبدات به‌وه‌ى كه‌ ده‌وروبه‌ر خۆشیان ناوێت.

بچوكترین هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌ى به‌رامبه‌ره‌كه‌ى به‌وه‌ لێكده‌داته‌وه‌ كه‌ ره‌فتارێكى نه‌رێنییه‌ بۆیه‌ ئه‌م جۆره‌ كه‌سایه‌تییه‌ هه‌میشه‌ تینوى سۆز و میهره‌بانییه‌، به‌رده‌وام داواى سۆز و بایه‌خ پێدانى زیاتر و زیاتر ده‌كات. به‌ راده‌یه‌ك كه‌ بڕى سۆزه‌كه‌ گرنگتر ده‌بێت له‌ خوودى سۆزه‌كه‌ و هه‌تا زیاتر پێ ببه‌خشیت داواى زیاتر ده‌كات. كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌م كه‌سه‌ خۆى مه‌سه‌له‌كه‌ به‌و جۆره‌ نابینێت. كه‌سایه‌تى له‌و جۆره‌ هه‌میشه‌ پێشبینى ده‌كات ره‌تبكرێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ى كه‌ مامه‌ڵه‌شى له‌گه‌ڵدا بكرێت.

گومانى تیادا نییه‌ مێشكى مرۆڤ پێكهاته‌یه‌كى بلیمه‌ته‌. ده‌توانێت هه‌م له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سه‌كه‌ كاربكات هه‌م له‌ دژى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى، چونكه‌ توانایه‌كى بێ سنوورى هه‌یه‌ له‌ نه‌رمى نواندندا. مێشكى مرۆڤ ده‌توانێت رووداوى ئاینده‌ ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ هه‌موو رووداو و ئه‌زموونه‌ هاوچه‌شنه‌كانى پێشووه‌وه‌.

زانیارییه‌ك له‌ ده‌وروبه‌ره‌وه‌ ده‌گاته‌ مێشك. مێشك ده‌ستبه‌جێ هه‌زاران ئه‌زموون و بیره‌وه‌ریى كۆن ده‌هێنێته‌وه‌ پێش چاوى خۆى بۆ لێكدانه‌وه‌ى ئه‌م زانیارییه‌. چی به‌ بارى ئه‌رێنیدا یان به‌ بارى نه‌رێنیدا. مێشك ده‌توانێت زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك وا لێكبداته‌وه‌ كه‌ تاڤگه‌یه‌كه‌ له‌ خۆشه‌ویستى، ده‌شتوانێت سه‌رقاڵبوونى به‌رامبه‌ره‌كه‌ى وا لێكبداته‌وه‌ كه‌ بایه‌خى پێ نادات و فه‌رامۆشى ده‌كات. واته‌ مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ده‌ستى خوودى كه‌سه‌كه‌یه‌، له‌و توانایه‌دایه‌ كه‌ كۆنترۆڵى نه‌رمییه‌كه‌ى مێشكى بكات و ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ به‌كاربهێنێت بۆ لێكدانه‌وه‌یه‌كى ئه‌رێنى نه‌ك لێكدانه‌وه‌یه‌كى نه‌رێنى. 

كه‌ تۆ له‌ رووخسارى كه‌سێك ده‌ڕوانیت بۆ ئه‌وه‌ى لێى تێبگه‌یت، له‌ڕاستیدا ته‌نیا خه‌مڵاندنه‌، چونكه‌ مێشكت تێكڕاى روخسار و گوزارشته‌ هاوچه‌شنه‌كانت بیرده‌خاته‌وه‌ و له‌ بژارده‌یه‌ك زیاترت ده‌داتێ. ئیتر ئه‌وه‌ تۆیت و خه‌مڵاندنى خۆته‌ كه‌ كام بژارده‌یان په‌سه‌ند ده‌كه‌یت. زانستى ده‌روونناسى سه‌لماندویه‌تى كه‌ دۆخى ده‌روونیى و هه‌سته‌كانى مرۆڤ په‌یوه‌ندییه‌كى توند و تۆڵیان هه‌یه‌ به‌ بارودۆخى قسه‌ و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یه‌وه‌. ئه‌مه‌ بۆیه‌ هه‌ندێك جار زه‌رده‌خه‌نه‌ له‌لامان نیشانه‌ى خه‌مبارییه‌ و هه‌ندێك جارى دیكه‌ش گریان ده‌رئه‌نجامى دڵخۆشییه‌. كه‌واته‌ حوكمدان به‌سه‌ر زه‌رده‌خه‌نه‌ و پێكه‌نیندا به‌بێ به‌ستنه‌وه‌یان به‌ بارودۆخى رووداو و بابه‌ته‌كه‌وه‌ ئه‌نجامێكى هه‌ڵه‌مان ده‌داتێ. 

به‌ روونتر قسه‌ بكه‌ین ده‌بێ بڵێین ئه‌وه‌ى كه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌ بڕیاره‌كانمان و هه‌ست و خۆشه‌ویستى و رق و سه‌رسامبوون و دووركه‌وتنه‌وه‌مان به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك له‌ڕاستیدا ته‌وه‌رێكه‌ له‌ ته‌وه‌ره‌كانى نه‌ستى مرۆڤ. مرۆڤ له‌ژێر كۆنترۆڵى نه‌ستى خۆیدایه‌. بۆیه‌ زۆر رێى تێده‌چێت لێكدانه‌وه‌كه‌ت هه‌ڵه‌ بێت و نه‌گونجێت له‌گه‌ڵ راستیى ئه‌وه‌ى كه‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت پێشكه‌شى ده‌كات.

ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ خه‌ڵك لێیان رازى بێت بڕوایان به‌و قسه‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت خۆشویستنى خۆت ره‌نگدانه‌وه‌ى خۆشویستنته‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكییه‌وه‌. واته‌ هه‌تا خه‌ڵكى زیاتر خۆشیان بوێیت تۆ خۆتت زیاتر خۆشده‌وێت و پێچه‌وانه‌كه‌شى راسته‌. دیاره‌ ئه‌م وته‌یه‌ هه‌ندێك راستى تیادایه‌ چونكه‌ متمانه‌ به‌خۆبوون واده‌كات ده‌وروبه‌ر خۆشیان بوێیت، به‌ڵام خه‌ڵكانێكیش هه‌ن حه‌ز به‌ نه‌بوونت ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ى متمانه‌ت به‌ خۆت هه‌یه‌. كه‌واته‌ ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ هه‌م لایه‌نگرى هه‌یه‌ و هه‌م دوژمنیش. كه‌واته‌ زۆر گرنگه‌ مرۆڤ بزانێت خاوه‌نى چ جۆره‌ كه‌سایه‌تییه‌كه‌ رووخۆش و كراوه‌یه‌ یان گۆشه‌گیره‌. له‌م رێیه‌وه‌ ده‌توانێت مامه‌ڵه‌ى گونجاو بكات له‌گه‌ڵ ره‌فتارى ده‌وروبه‌ردا.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure