كونسوڵخانه‌ى ئێران له‌سه‌ر خێزانه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كه‌ هاته‌ده‌نگ

هەواڵ / کوردستان :: 06/12/2019‌ :: 3313‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: كونسوڵى ئێران له‌ سلێمانى پێیراگه‌یاندوون كه‌ تۆمه‌تبارانى سوتاندنى خێزانه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كه‌ ده‌ستگیركراون.


كاوه‌ عه‌لى، جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 6ى كانونى یه‌كه‌مى 2019) رایگه‌یاند: كونسوڵیەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی پەیوەندییان بە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەوە کرد و دڵنیاییان کردینەوە کە بە جددی کاریان لەسەر کەیسەکە کردووە.

وتیشى: هەروەها ئاغای شوشتەری بە زۆر سوپاسەوە ئاگاداری پارێزگای هەڵەبجەی کرد کە پارێزگاری ورمێ پێشوازی گەرمی لە برای کاک هێمن کردووە و بەڵێنی بەدەمەوەچوونی تەواوی داوە، هەروەک شوێنی نیشتەجێبوون بۆ دایکی چیا دابینکراوە، تا چارەسەرکردنی و مانەوەیان لە نەخۆشخانە لەئەستۆی ئەوان دەبێت.

دوای ئەوەی بەمەبەستی سەردانیکردنی نەخۆشخانە ژن و پیاوێکى خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ناوى چیا و هێمن لەگەڵ دایکی چیا روو لە شاری ورمێی ئێران دەکەن، لەلایەن دوو کەسەوە به‌ مه‌به‌ستى دزینى پاره‌ و ئاڵتونه‌كانیان دەرمانخوارد دەکرێن و دواتر جەستەیان دەسوتێندرێت.

جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت: كونسوڵی ئێران لە سلێمانی جەختیشی کردووەتەوە کە تۆمه‌تباران دەستگیرکراون و رووبەرووی یاسا دەکرێنەوە.

پێشتر ئازاد تۆفیق، پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ رێگه‌ى نوسراوێكى فه‌رمییه‌وه‌ داواى له‌ كونسڵى ئێران له‌ سلێمانى كرد كارى جدى بكه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و تاوانبارانه‌ى كه‌ هه‌ستاون به‌ ده‌رمانخواردكردن و سوتاندنى ئه‌و خێزانه‌.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure