ئەنجومەنی خانمان: فەتواكەی یەكێتی زانایان پێشێلكردنی كەرامەتی ژن و پیاوە

هەواڵ / کوردستان :: 06/12/2019‌ :: 828‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان رایده‌گه‌یه‌نێت: فه‌تواكه‌ى یه‌كێتى زانایان پێشێلكردنی كه‌رامه‌تی ژن و پیاوه و داواش له‌ لیژنه‌ى باڵاى فه‌توا ده‌كات رۆڵ و پێگه‌ی خۆی بۆ هاوژیانی و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كسانی ته‌رخان بكات.


ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 6ى كانونى یه‌كه‌مى 2019) له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند: له‌ چه‌ند رۆژی رابوردوودا ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، به‌بێ ره‌چاوكردنی رۆڵ و پێگه‌ و مافه‌كانی ئافره‌تان، چه‌ند فه‌توایه‌كی بڵاوكردۆته‌وه‌ ده‌رباره‌ی كاری شوفێرانی تاكسی و ئافره‌تان.

ده‌شڵێت: "وروژاندنی ئه‌م بابه‌تانه‌ خزمه‌ت به‌ ئاشته‌وایی و هاوژیانی و یه‌كسانی و مافه‌كانی مرۆڤ ناگه‌یه‌نێت، ئه‌م فه‌توایه‌ پێشێلكردنی كه‌رامه‌تی ژن و پیاوه‌، به‌ تایبه‌تی برایانی شۆفێری ته‌كسی، هه‌روه‌ها پێشێلكردنیشه‌ بۆ كاری داموده‌زگا فه‌رمی و یاساییه‌كان و له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی یه‌كسانی جێنده‌ری یه‌كناگرێته‌وه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هێڵه‌ گشتییه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم".

له‌ فه‌تواكه‌دا كه‌ به‌ ژماره‌ (1022) له‌ (4ى كانونى یه‌كه‌مى 2019) ده‌رچووه‌ هاتووه‌: ئه‌گه‌ر ئافره‌ت له‌ نه‌فسی خۆی دڵنیابو له‌ پشته‌وه‌ی تاكسی سه‌ربكه‌وێت، هه‌ر كاتێك ئافره‌ته‌كه‌ یان شۆفێره‌كه‌ یان هه‌ردولا كه‌وتنه‌ داوی گوناهوتاوان و كاری ناشه‌رعی، پێویسته‌ ئافره‌ته‌كه‌ له‌گه‌ڵ شۆفێره‌كه‌ سه‌رنه‌كه‌وێت و دابه‌زێت، یان شۆفێره‌كه‌ داوای دابه‌زینی لێ بكات.

ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان داواشده‌كات: لیژنه‌ی باڵای فه‌توا هه‌ستیارانه‌تر مامەڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ستیارانه‌دا بكات و رۆڵ و پێگه‌ی خۆی بۆ هاوژیانی و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كسانی ته‌رخان بكات و له‌ وروژاندنی ئه‌م جۆره‌ بابه‌تانه‌ خۆی به‌دوربگرێت.

بۆ خوێندنه‌وه‌ى ده‌قى فه‌تواكه‌ كلیك لێره‌ بكه‌.

ده‌قى په‌یامه‌كه‌:

پەیامێك لە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانەوە
بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردووداو هاوكات لەگەڵ هەڵمەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرتان، ئەنجومەنی باڵای فەتوای مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان، لە نووسراوی ژمارە 144 كە لە 4/12/2019 دەرچووە، بەبێ رەچاوكردنی رۆل و پێگەو مافەكانی ئافرەتان، چەند فەتوایەكی بڵاوكردۆتەوە دەربارەی كاری شوفێرانی تاكسی و ئافرەتان.
لێرەوه‌ رایدەگەیەنین كە وروژاندنی ئەم بابەتانە خزمەت بە ئاشتەوایی و هاوژیانی و یەكسانی و مافەكانی مرۆڤ ناگەیەنێت، ئەم فەتوایە پێشێلکردنی کەرامەتی ژن و پیاوە، بە تایبەتی برایانی شۆفێری تەکسی..
هەروەها پێشێلكردنیشە بۆ كاری دامودەزگه‌ فەرمی و یاساییەكان و لەگەڵ بنەماكانی یەكسانی جێندەری یەكناگرێتەوە،
كە یەكێكە لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان..
پێویستە لێژنەی باڵای فەتوا هەستیارانەتر مامڵە لەگەڵ ئەم بابەتە كۆمەڵایەتی و هەستیارانەدا بكات ..
هیوادارین یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان، رۆل و پێگەی خۆی بۆ هاوژیانی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و یەكسانی تەرخان بكات و لە وروژاندنی ئەم جۆرە بابەتانە خۆی بەدووربگرێت.

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان
6/12/2019

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure