گۆڕینى ئاین له‌ موسوڵمانه‌وه‌ بۆ مه‌سیحى و زه‌رده‌شتى زیادیكردووه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 06/12/2019‌ :: 477‌ جار بینراوە
هاتنی داعش وایكرد خەڵكانێك بیر لە گۆڕینی ئاینی ئیسلام بۆ ئاینی دیكە بكەنەوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

مانگی رابوردوو ئافرەتێكی خەڵكی بەڕازیل كە لە سلێمانی نیشتەجێیە بەویستی خۆی لە مەسیحییەوە بووە موسوڵمان و لەگەڵ كەسێكی موسوڵمانیش هاوسەرگیری كرد، بەوتەی بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف، به‌فه‌رمى راگه‌یاندنى گۆڕینی ئاین زۆر دەگمەنە، بەڵام دوای هاتنی داعش لە موسڵمانەوە بوونە مەسیحی و زەردەشتی زیادیكردووە. 


پڕۆسەی گۆڕینی ئاینی ئەو ئافرەتە بەڕازیلییە لەلایەن مەلا عەتا پێنجوێنی، سەرپەرشتیاری لقی سلێمانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان ئەنجامدراوە، مەلا عەتا بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەو ئافرەتە بەخواستی خۆی ئاینەكەی لەمەسیحییەوە بۆ ئاینی ئیسلام گۆڕیوە، چونكە پێشتر تێگەیشتنی باشی بۆ ئاینی ئیسلام نەبووە، بەڵام كاتێك تێگەیشت ئاینی ئیسلام دینێكی پاكە، هاتە سەر ئاینی ئیسلام، ئەوانیش مەراسیمە ئاینییەكانیان بۆ ئەنجامداوە و پاشان لەگەڵ كەسێكی موسڵمان هاوسەرگیری كردووە.

ماوەیەكە بەشێك لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان روویان لەگۆڕینی ئاین كردووە و زۆرینەشیان لەموسڵمانەوە دەبنە شوێنكه‌وته‌ى ئاینی دیكە بەتایبەتیش مەسیحی و زەردەشتی، لە ئاینی ئیسلامدا دوو رێگە دانراوە بۆ ئەو موسڵمانەی دەیەوێت ئاینەكەی بگۆڕێت.

د. محەمەد عەبدوڵا پێنجوێنی، ئەندامی لیژنەی فەتوای سلێمانی بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: گۆڕینی ئاین واتە "پەشیمانبوونەوە" لە ئیسلام، زانایان دەڵێن دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ ئەو كەسە بكرێت تا بزانرێت هۆكاری پەشیمانبوونەوەكه‌ی چییە؟ و بزانن ئەو ئاینەی هەڵدەبژێرێت چ خاڵێكی بەهێزتری لە ئاینی ئیسلام تێدایە.

ئاماژەی بەوەكرد: هەموو ئاینە ئاسمانییەكان لە قورئاندا هەیە، ئایا لەڕووی لۆژیكییەوە گۆڕین لە باشترینەوە بۆ باش قبوڵە، یان لە باشەوە بۆ باشترین؟ بۆیە دەبێت ئەو كەسە هۆكارەكەی بسەلمێنێت و قەناعەت بەفەتوا بكات، بەڵام ئەگەر هۆكارەكەی بۆ ئارەزووبازی بێت، بۆ نموونە رەنگە بۆ سێكسكردن یان مەیخواردنەوە ئاینی بگۆڕێت، ئەوە هۆكاری ئایدۆلۆژی نییە و لە ئیسلامدا پێی دەوترێت گۆڕینی ئاكار.

بەوتەی ئەو ئەندامەی فەتوا، ئێستا گۆڕینی ئاین زیاتر لە مەسیحییەوە بۆ ئاینی ئیسلامە و وتی :"لەكاتی شەڕی داعشدا كەسێك ویستی ئاینی ئیسلام بگۆڕێت بۆ ئاینی مەسیحی، كاتێك هاتە لامان و هۆكارەكانمان بۆ روونكردەوە، لەو گۆڕانكارییە پەشیمانمان كردەوە، چونكە لای ئێمە ئیسلام باشترین ئاینە".
 
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: پێش ساڵی 2007 كە وەزارەت ناوی (ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی) بوو كەسانێك ئاینی خۆیان دەگۆڕی لە ئاینی دیكەوە بۆ موسوڵمان كە ئەوانە حاڵەتی شازبوون مانگانە دوو تا سێ كەس بوون، هەر كەسێكیش بهاتایەتە سەر ئاینی ئیسلام پاداشتێكی دارایی وەردەگرت و هەوڵی دۆزینەوەی كاریشی بۆ دەدرا.

نەقشبەندی، كه‌ ماوەی نزیكەی 20 ساڵە لەو وەزارەتەیە، وتیشى: "بەڵام دوای گۆڕینی ناوی وەزارەت، بەپێی یاساكە هەر كەس ئازادە دەچێتەسەر چ دینێك، پاشان لەساڵی 2015یش كە یاسای پێكهاتەكان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچوو، هەر كەس ئازادە لەوەی ئاینی خۆی رابگەیەنێت".

هاتنی رێكخراوی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2014ەوە بۆ عێراق و شام وایكرد خەڵكانێك بیر لەگۆڕینی ئاینی ئیسلام بۆ ئاینی دیكە بكەنەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەو رێكخراوە لەژێر ناوی ئاینی ئیسلامدا مامەڵەی كوشتنی دڕندانەی لەگەڵ هاووڵاتیان دەكرد لەو ناوچانەی لەژێر دەستیدا بوون.

مەریوان نەقشبەندی وتی: "ئێستا بابەتی گۆڕینی ئاین زۆر دەگمەنە بەفەرمی رابگەیەنرێت، بەڵام دوای هاتنی داعش ژمارەكە زیادیكردووە لە موسوڵمانەوە بوونەتە مەسیحی و زەردەشتی، بەپێچەوانەشەوە تاك تاك مەسیحی و ئێزیدی دەبنە موسڵمان، بەڵام بەشێكی ئەو گۆڕینە پەیوەندی بە بەرژەوەندی ئابوری هەیە، نەك عەقیدە، بۆ نموونە كەسێكی ئەسیوبی ببوە موسوڵمان لەبەرئەوەی لە كوردستان كاردەكات، چونكە ماڵەكە وەریان نەدەگرت".

چەند ساڵێكە ئاینی زەردەشتی لە هەرێمی كوردستان بڵاوبۆتەوە و نوێنەریان لە وەزارەتی ئەوقاف هەیە و تەنانەت پەرستگای تایبەت بەخۆیشیان هەیە، نوێنه‌ریان له‌ وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف ده‌ڵێت: دوای دەرچوونی یاساكەی پەرلەمان خەڵك لە ئاینەكانی دیكە چوونەتە سەر ئاینی زەردەشتی 

ئاوات حیسامەدین، نوێنەری ئاینی زەردەشتی لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی  بەدواڕۆژی راگەیاند: "تائێستا نزیكەی 200 تا 300 هەزار كەس هاتوونەتە سەر ئاینی زەردەشتی و لەوەش 97%ی موسڵمانن".

سەبارەت بەوەی ئایا ئه‌و ژماره‌یه‌ى باسیده‌كات "زۆر نییە؟!" ناوبراو وتی :"كەمیشە و دەبوو زۆرتر بێت، چونكە ئەمە ئاینی باو و باپیرانی كوردە".

بەڵام مەریوان نەقشبەندی ئه‌و ژماره‌یه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و وتی :"ئەو ژمارەی ئاوات خان باسیكردووە موبالەغەی زۆرە، بەڵكو تەنها بۆچوونە و هیچ بەڵگەیەكی نییە، بۆ نموونە رەنگە 300 هەزار كەس زەردەشتییان خۆشبوێت وەك مێژووی رێزگرتن، بەڵام بەو مانایەی نییە ئەو ژمارەیە راست بێت، بۆ نمونە رەنگە دەیان كەس چووبێتنە سەر ئاینی زەردەشتی".

دەربارەی ئەوەی بۆچی خەڵك لە ئاینی دیكەوە دێنە سەر ئاینی زەردەشتی، ئاوات ئاماژەی بەوەكرد كه‌ ئاینی ئەوان ئاینی باپیرانی كوردە و پڕ لەخۆشەویستی و ئاشتی، دەبێت مرۆڤەكان بە بیر و كردار و گوتاری چاك رەفتار بكەن.

هەرچەندە بابەتی گۆڕینی ئاین لەهەرێمی كوردستان بڵاوە، بەڵام لەبەرئەوەی لە دەستور و یاسای عێراقیدا تەنها ئیسلام ئاینی فەرمییە، بۆیە تائێستا هیچ كەسێك لە دادگا بەفەرمی ئاینی خۆی نەگۆڕیوە، بەڵكو ئەو پڕۆسەیە بەنهێنی ماوەتەوە.

دادوەر عومەر ئەحمەد، وتەبێژی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەگەر كەسێكی موسوڵمان بیەوێت ئاینی خۆی بگۆڕێت، ئەوە بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە، بەڵام بەپێچەوانەوە كەسێكی ئاینەكانی دیكە بیانەوێت ببنە موسوڵمان، لە دادگاكانی باری كەسێتی لەهەرێمی كوردستان بەڵگەی ئاشكراكردنی (اشهار الاسلام) هەیە بۆ ئەو كەسانەی موسڵمان نین و دەیانەوێت ئاینی خۆیان بۆ ئاینی ئیسلام بگۆڕن.

ناوبراو روونیكردەوە: لەو حاڵەتەدا دادگای باری كەسێتی ئەو كەسە رەوانەی لیژنەی فەتوای سنوورەكەیان دەكات و ئەوانیش مەراسیمە ئاینییەكەیان بۆ رێكدەخەن، دواتر لیژنەی فەتوا ئاگاداری دادگا دەكاتەوە و دادگاش بەڵگەنامەی "ئاشكراكردنی بوون بە ئیسلامیان" پێدەدات.

ئاوات حیسامەدین باسی كێشەی گۆڕینی ناسنامەی ئەو كەسانە دەكات كە دەڕۆنە سەر ئاینەكەی ئەوان و دەڵێت :"ئێمە پەرستگامان هەیە و ئەوانەی دێنە سەر ئاینەكەمان رۆژانە پشتێن دەبەستن، بەڵام دادگا راستدەكات كە ناسنامە ناگۆڕن، چونكە تائێستا یاسا رێگەی نەداوە".

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure