بڕیارێك سه‌باره‌ت به به‌رپرسه‌كه‌ى یه‌كێتى ده‌ركرا

هەواڵ / کوردستان :: 06/12/2019‌ :: 3455‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، یوسف موڕاد

پاش ئەوەی ئێوارەی دوێنێ ئه‌ندامێكى مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە دەستگیرکرا، ئه‌مڕۆ به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكرا.


محه‌مه‌د ئیبراهیم، ئەندامی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتیمانى كوردستان (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 6ى كانونى یه‌كه‌مى 2019) بە دواڕۆژی راگه‌یاند: مانگێک بەر لە ئێستا بەهۆی شەڕی نێوان جوتیارانی کورد و عەرەبی هاوردە لەسەر کێشەی زەویوزار، لە گوندی مەنسور لەسەر سکاڵای عەرەبی هاوردە و بەپێی مادەی 413 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پێنج کەس دەرکرا، یەکێک لەوانە من بوم و به‌هۆیه‌وه‌ دوێنێ ده‌ستبه‌سه‌ركرام.

محه‌مه‌د، كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ئەنجومەنی گوندی مەنسورە، وتیشی: "له‌و كێشه‌یه‌دا کە دەیانویست زەویە کشتوكاڵیەکانی گوندی مەنسور داگیربکەن، یەکێک لە عەرەبە هاوردەکان کە کەسایەتی عەرەبەکان بوو چاوی بریندارکرا، لەگەڵ دوو کەسی دیکەیان، بەڵام دواتر سوڵحی ئەو کێشەیە کرا".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: پاش ئازادکردنم پێیان راگه‌یاندم كه‌ دەبێت رۆژی 8ی ئەم مانگە  بچمە بەردەم دادگا.

ئه‌و كادیره‌ى یه‌كێتى رونیشیكرده‌وه‌: دوور و نزیک پەیوەندیم بەو کێشەیە نەبوە، هەرچەنده‌ ئێمە خاوەنی رەسەنی ئەو زەویە کشتوکاڵیانەین، بەڵام عەره‌بی هاوردە دەیەوێت داگیریان بکات.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure