خواستى ژیانێكى یه‌كسان (دڵشاد)ى به‌مه‌رگ گه‌یاند

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 06/12/2019‌ :: 3393‌ جار بینراوە
دڵشاد ئەمین

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا

گرفتاربوون به‌ ده‌ردێكى ده‌روونى واى له‌ دڵشاد كرد ئه‌وه‌ى به‌بیرى كه‌سدا نه‌ده‌هات ئه‌نجامى بدات و كۆتایى به‌ژیانى بهێنێت، كه‌سوكار و ئه‌وانه‌ى ده‌یناسن به‌ مردنى تاساون به‌تایبه‌ت به‌هۆى هه‌وڵه‌ ژیاندۆسییه‌كانى له‌ رابوردوودا.


رۆژی چوارشەممە 27ی تشرینى دووه‌مى رابوردوو لە گەڕەکی کارەبای قەڵادزێ لە ماڵەکەی خۆیاندا (دڵشاد ئەمین)ی تەمەن 36 ساڵ بە گولـلەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

رووداوه‌كه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى دڵشاد ده‌ناسن مایه‌ى تاسان بوو، به‌تایبه‌ت به‌هۆى ژیاندۆستى و هاندانه‌كانى پێشوو بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون و یه‌كسانى مرۆیى.

خاوەن بڕوانامەی ماستەر و هه‌ڵگرى رەگەزنامەی ئەوروپی بوو
دەشتی ئەمین برای (دڵشاد) بۆ دواڕۆ وتى: دوای ساڵی 2001 (دڵشاد) وەک پەنابەر روویکردە وڵاتی بریتانیا، پاشان لەو وڵاتە رەگەزنامەی وەرگرت و دواتر دەستیکرد بە کۆڕسەکانی خوێندن و تا ئەوەی بوو بە خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، پاشان لە ساڵی 2011 گەڕایەوە بۆ کوردستان، ئامانجی گەڕانەوەکەشی خزمەتکردن بوو لە بواری پەروەردە و فێرکردن و نوسینی کتێب.

دەشتی وتیشى: "دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان (دڵشاد) ویستی لە زانکۆیەکی هەرێم وەک مامۆستا وانەبڵێتەوە، بەڵام بەهۆی چەند گرفتێکی یاسایی بەهۆی هاوتانەکردنی بڕوانامەکەی نەیتوانی به‌و ئامانجه‌ى بگات، دواتر په‌ناى برده‌به‌ر نوسینى كتێب و له‌و بواره‌دا کتێبێکی فەلسەفی لە بازاڕدا بڵاوبۆتەوە".

ئه‌وه‌شى وت: "دوای ساڵی 2012 بیرکردنەوەی زۆر و رۆچوونه‌ ناو بابەتی چارەسەری فکری بۆ دابینکردنی ژیانێکی یەکسان وای لە (دڵشاد) کرد کە توشی نەخۆش دەروونی بێت و كه‌ وایکرد توشی گۆشەگیری و رەشبینی ببێت".

خه‌مى له‌ داخستى ناوه‌نده‌ كلتورییه‌كان ده‌خوارد
فەرمان عەزیز هاوڕێیەکی (دڵشاد)ە و سەبارەت بە رووداوه‌كه‌ بۆ دواڕۆژ وتى: ئەوان وەک هاوڕێیانى (دڵشاد) زۆر تاساون بەو رووداوە، چونکە ئەو هەموو کات کەسێکی ژیاندۆست و رۆشنبیر بوو خەمی داخستنی ناوەندە کلتوری و فەرهەنگخانە و قاوەخانە کلتورییەکانی قەڵادزێی بوو کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە داخران، دژی شەڕ و مردن و خۆکوشتن بوو.

فەرمان ئه‌وه‌شى وت: "هەرچەند (دڵشاد) کەم دەردەکەوت، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی کەسێکی چالاکی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و پەروەردەی بوو، تا دواین جار کە (دڵشاد)ی بینیوە پێی ووتوە کە پێویستە ئیتر هاوسەرگیری بکات بەڵکو لەو گۆشەگیریە رزگاری بێت، (دڵشاد)یش پێی راگەیاندووە کە ئەویش خۆی بیری لێکردۆتەوە کە دەبێت ئیتر کچێک دەستنیشان بکات و ژیانی هاوسەرگیری دروستبکات".

كۆتایى هێنان به‌ژیان
شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند: پاش رووداوه‌كه‌ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداو و دەرکەوت خۆکوژییە و قوربانیەکە بە گولـلەیەکی چه‌كى جۆری کڵاشینکۆف خۆی کوشتووە. 

وتیشى: "دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت هیچ کەسێک دەستی لە رووداوەکەدا نیە و هیچ کەسێکیش له‌سه‌رى دەستگیرنەکراوە".

په‌نابه‌رانى تریشى گرتووه‌ته‌وه‌
سەردار عەبدوڵا، جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: وەک کۆمەڵەکەیان ئاگاداری زۆرێک لەو کەیسانەن کە ئەو پەنابەرانەی لەو ئەوروپا گەڕاونەتەوە بۆ هەرێم توشی نەخۆش دەروونی هاتوون یاخود خۆیان کوشتووە، کە بەگشتی دوو هۆکار هەیە هۆکارێکی ئەوەیە کە لە ئەوروپا بەزۆر نێردراونەتەوە بۆ هەرێم، یاخود رەگەزنامەی وڵاتێکی ئەوروپیان هەیە بەڵام کە دەگەڕێنەوە هەرێم کاریان دەستناکەوێت.

سەردار عەبدوڵا وتیشی: "حکومەتی هەرێم هیچ ئاوڕێک لە توانای ئەو گەنجانە ناداتەوە کە لەدەرەوە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێم و بە تەواوی پشتگوێخراون، بۆیە ئەوان وەک کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا پڕۆژەیەکیان ئامادەیە کە پێشکەشی پەرلەمانی کوردستانی دەکەن، بۆ ئەوەی بە یاسا مافی پەنابەرە گەڕاوەکان لە هەرێم دیاری بکرێت و کار و ماف و ژیانیان بۆ دابینبکرێت، تا هاوشێوه‌ى دڵشاد-یان به‌سه‌رنه‌یه‌ت و رووداوى له‌و جۆره‌ دووباره‌نه‌بێته‌وه‌".

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure