عێراق رووبه‌ڕووى قه‌یرانێكى قورس ده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 05/12/2019‌ :: 659‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
 رۆژنامه‌ى فاینانشاڵ تایمزى بریتانی ئاشكرایكردووه‌ كه‌ عێراق رووبه‌ڕووى قه‌یرانێكى قورس ده‌بێته‌وه‌ كه‌ پێشتر پیایدا تێپه‌ڕنه‌بووه‌ به‌هۆى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران و نه‌دۆزینه‌وه‌ى كه‌سێك كه‌ بتوانێت جێى بگرێته‌وه‌.

به‌پێى راپۆرته‌كه‌ له‌پاش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى كوتله‌ سیاسییه‌كان هه‌ر كه‌سێكیان خستووه‌ته‌ڕوو وه‌ك پاڵێوراوى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ره‌تكراونه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت:"دیاریكردنى سه‌رۆك وه‌زیرانێكى نوێ له‌سایه‌ى ئه‌و سیستمه‌ سیاسیه‌ى كه‌ عێراقى له‌سه‌ر بونیادنراوه‌ پرۆسه‌یه‌كى قورس و ئاڵۆزه‌ و دواین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقیش وابووه‌ كه‌ هیچ كوتله‌یه‌ك زۆرینه‌ى په‌رله‌مان نه‌بێت تاوه‌كو بتوانێت سه‌رۆك وه‌زیرانێكى نوێ وه‌ك گه‌وره‌ترین فراكسیۆن پێشكه‌ش بكات".


عه‌باس كازم به‌ڕێوبه‌رى په‌یمانگاى موباده‌ره‌ كه‌ ناوه‌ندێكى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێت :"پێناچێت هیچ كاره‌كته‌رێكى سیاسى هه‌بێت كه‌ له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگى داهاتوودا بیه‌وێت پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێت به‌وپێیه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ رووبه‌ڕووى رقى خۆپیشانده‌ران ده‌بێته‌وه‌ كه‌ دواى گۆڕانكاریى ریشه‌یی ده‌كه‌ن".


ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌پێى راپۆرته‌كه‌ گفتوگۆ هه‌یه‌ له‌نێوان ئێران له‌گه‌ڵ هێزه‌ شیعه‌ و سوننه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌نه‌ رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر كه‌سێك وه‌ك پاڵێوراوى سه‌رۆكوه‌زیران.
 ئا:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure