هۆكارى دواخستنی كۆنگره‌ی یه‌كێتی ئاشكرابوو

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 05/12/2019‌ :: 1952‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر، پشتیوان

به‌وته‌ی ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هۆكارى دواخستنی ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ له‌ 7ی ئه‌م مانگه‌وه‌ بۆ 21ی مانگه‌، ته‌واونه‌كردنی ئاماده‌كارییه‌كان بووه‌.


ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ وتی "هیچ ریككه‌وتنێكى پیشوه‌خته‌ نه‌كراوه‌ بۆ دواخستنی كۆنگره‌، به‌ڵكو له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پرسیار له‌ رزگار عه‌لی لێپرسراوی ده‌زگای هه‌ڵبژاردن كراوه‌ ئایا ئاماده‌كارییه‌كان چه‌ند رۆژی پێویسته‌ بۆ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌، ئه‌ویش ورده‌كاری خسته‌ڕوو، بۆیه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ خرایه‌ 21ی ئه‌م مانگه‌".

پێشتر یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان لیژنه‌یه‌كی به‌ناوی لیژنه‌ی لێكتێگه‌یشتن بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی بیروبۆچوون و پێشنیاره‌كانی باڵه‌ جیاوازه‌كان پێكهێنابوو، بۆ ئه‌وه‌ی پێش كۆنگره‌ هه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بێت بگه‌نه‌ لێكتێگه‌یشتن، بۆیه‌ نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نجام و بڕیاردراوه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ی ناكۆكی له‌سه‌ر هه‌یه‌ ببرێته‌ كۆنگره‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی وتیشی "زیاتر له‌ پێنج پڕۆژه‌ له‌ لایه‌ن (ئه‌رسه‌لان بایز، عومه‌ر فه‌تاح، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ند، مه‌كته‌بی رێكخستن) ئاماده‌كراوه‌ بۆ گۆڕانكاری له‌ هه‌یكه‌لییه‌تی یه‌كێتی و له‌ كۆنگره‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت".

بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ، بۆ دیاریكردنی رۆژی كۆنگرە دوێنێ ژمارەیەك سەركردەی یەكێتی كۆبوونەتەوەو تاوتوێی دواخستنەكەیان كردووە بۆ 10 رۆژ، بەڵام دواتر لەكۆبوونەوەی سەركردایەتیدا رۆژی دواخستنەكە تاووتوێ كراوە، لەلایەن رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن، میكانیزمی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان و پێداویستییە لۆجستییەكانی كۆنگرە باسكراوە و بەكۆی دەنگ رۆژی 21ی ئەم مانگەیان بۆ كۆنگرە دیاریكردووە.

سەبارەت بەڕێككەوتنی سەركردە دیارەكان بۆ پۆستە باڵاكان، ئەو سەرچاوەیە وتی "هێشتا كات ماوەو دەتوانرێت پێش كۆنگرە تەوافوقی سەركردەكان بكرێت، بەڵام ئەگەر تەوافوقیش نەكرا، بێ تەوافوق دەڕۆنە كۆنگرە".

ئەمڕۆ 5ی كانوونی یەكەمی 2019 سەركردایەتی یەكێتی بۆ پرسی دواخستنی كۆنگرەی چوارەم كۆبووەوە و تیایدا بڕیاریاندا لە جیاتی رۆژی 7ی ئەم مانگە، رۆژی 21ی مانگ چوارەم كۆنگرە ببەسترێت و رۆژی 9ی ئەم مانگەش كۆنفرانسی مەڵبەندەكان ئەنجام بدرێت.

 

ُپێداچوونه‌وه‌ : ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure