نوێترین زانیاری لەسەر مووچە پاشەکەوتکراوەکان بڵاوکرایەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 05/12/2019‌ :: 7610‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

هه‌ردوو فراكسیۆنى گۆڕان و یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نن: حكومه‌تى هه‌رێم هه‌شت مووچه‌ى ته‌واو و 34 مووچه‌ى پاشكه‌وت قه‌رزدارى فه‌رمانبه‌رانه‌و به‌وهۆیه‌وه‌ 12 ملیار دۆلار قه‌رزدارى فه‌رمانبه‌رانه‌.

(ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5ى كانوونى یه‌كه‌مى 2019) ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى و ئابوورى هه‌رێم له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى راگه‌یاند: حكومه‌تى هه‌رێم هه‌شت مووچه‌ى ته‌واوى فه‌رمانبه‌ران و 12 مووچه‌ى خانه‌نشینان قه‌رزداره‌، به‌ڵام له‌ئێستادا هه‌رێم ناتوانێت قه‌رزه‌كانى فه‌رمانبه‌ران بداته‌وه‌.

ئه‌و لێدوانه‌كه‌ى وه‌زیرى دارایى، كاردانه‌وه‌ى لێكه‌وته‌وه‌و هه‌ردوو فراكسیۆنى گۆڕان و یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان دوو راگه‌یاندراوی جیایان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا، فراكسیۆنى یه‌كگرتوو راگه‌یاندووه‌ "حكومەتی هەرێم 12 مووچەی ساڵی 2016ی بە پاشەكەوتكراوی دابەشكردووەو 11 مووچەی ساڵی 2017ی بە پاشەكەوتكراوی دابەشكردووەو 11 مووچەی ساڵی 2018شی بە پاشەكەوتكراوی دابەشكردووە، كە دەكاتە 34 مووچەی پاشەكەوتكراو".

فراكسیۆنه‌كه‌ راشیگه‌یاندووه‌: "ساڵی 2015 حكومەتی هەرێم چوار مووچەی مووچەخۆرانی دابەشنەكردووەو ساڵی 2017ش یەك مووچەی تەواوەتی دابەشنەكردووەو لە ساڵی 2019ش وا سێ مووچەی تەواوەتی دابەشناكات، بۆیه‌ كۆی مووچە دابەشنەكراوەكان بە تەواوەتی دەكاتە هەشت مووچەی تەواو".

شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكى فراكسیۆن یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: هۆكارى ئه‌وه‌ نازانین كه‌ بۆچى وه‌زیرى دارایى نایه‌وێت راستییه‌كان له‌باره‌ى مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان بڵاوبكاته‌وه‌؟ له‌كاتێكدا ئێمه‌ پڕۆژه‌یه‌كمان هه‌یه‌ بۆ دانه‌وه‌ى سه‌رجه‌م پاشه‌كه‌وت بۆیه‌ داوایانكردووه‌ حیسابى بانكى بۆ مووچه‌خۆران دروستبكرێت و سه‌رجه‌م مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان بخرێته‌سه‌ر ئه‌و حیسابه‌ بانكییه‌".

هاوكات فراکسیۆنی گۆڕان راگه‌یاند: حکومەتى هه‌رێم 12 ملیار دۆلاری مووچەی فەرمانبەران قەرزدارە و پڕۆژەیەکشیان بۆ دانەوەی قەرزەكان ئامادەکردووە.

فراکسیۆنی گۆڕان، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: ئەو پڕۆژە بودجەیەی هەرێم و بەغدا لەسەری رێککەوتون، گه‌ره‌نتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی کردوه‌، به‌ڵام پێویسته‌ به‌ پلانێکی ورد حکومه‌تی هه‌رێم قه‌رزی مووچه‌ پاشه‌که‌وتکراوەکان بداتەوە.

فراكسیۆنى گۆڕان، راشیگه‌یاندووه‌: حکومەت هەشت مووچەی تەواوی فەرمانبەران و (34) مووچه‌ى پاشەکەوت و (12) مووچه‌ی ته‌واوی خانه‌نشینان قەرزردارە، که‌ نزیکه‌ی (12) ملیار دۆلاره، بۆ دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزه‌ش پڕۆژه‌یه‌کیان ئاماده‌کردووەو ده‌یانه‌وێت بیکه‌نه‌ پڕۆژه‌ی هه‌مووان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure