"تائێستا یەكسانی جێندەریی لەكوردستان ئاستی باشی بەخۆوە نەبینیوە"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 05/12/2019‌ :: 265‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

هەرچەندە لەهەرێمی كوردستان لەكۆی 34 زانكۆ، 31 زانكۆ سەنتەری یەكسانی جێندەریی كراوەتەوە، بەڵام هێشتا چالاكوانانی ئەو بوارە رەخنەیان هەیە و دەڵێن لەسەر ئاستی كۆمەڵگە و دەسەڵاتەكان یەكسانی جێندەریی ئاستی باشی بەخۆوە نەبینیوە.


ئەمڕۆ 5ی كانوونی یەكەمی 2019 لەشاری سلێمانی دووەم كۆنفرانسی ساڵانەی سەنتەرەكانی یەكسانی جێندەری لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو كە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانەوە رێكخرابوو.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوتاری دەسپێكی كۆنفرانسەكەدا رایگەیاند: میدیا دەتوانێت هەم رۆڵێكی باش ببینێت لەبواری یەكسانی جێندەریی و هەمیش رۆڵی خراپ، بەڵام پرسیار ئەوەیە دەبێت رێكخراوەكان و میدیاش چی بكەن تا ببنە هۆكاری دروستكردنی یەكسانی جێندەریی؟، چۆن بتوانین سیاسەتی میدیاییمان هەبێت لەئاست بابەتە جێندەرییەكان و ببێتە پەیمانێكی شەرەفی كاری میدیایی كوردستان، چۆن برەو بەڕۆشنبیری میدیایی بدەین.

قوباد تاڵەبانی وتی :"رێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵگەی مەدەنی ئایا تا چەند توانیویانە ئاسەوارەكانی كلتوری پیاوسالاریی لەمێشكی ئەندامە ژنەكانیان بسڕنەوە، چییان كردووە بۆ ئەوەی بیری پیاوسالاریی لای پیاوان لاواز بكەنەوە؟".

ناوبراو وتی :"پرسی یەكسانی جێندەریی ئەركی هەموو كۆمەڵگەیە، چەند دەبێت ژن لەخەمیدا بن، پیاویش بەهەمانشێوە، بەڵام ئەوەش راستە كە هیچ كەسێك وەك ژنان ناتوانن ببنە نوێنەری مافە فكری و جەستەییەكان، پرسی ئابوری سەربەخۆی ژنان زۆر گرنگە چونكە ژنان دەبنە خاوەن ئابوری خۆیان، بۆیە ئەگەر ژنان خاوەن ئابوری سەربەخۆ بن، كەواتە هەنگاوی گەورەمان ناوە بەئاڕاستەی یەكسانی جێندەریی".

ئەمەل جەلال، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای خانمان بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: ئێستا لەكۆی لە 34 زانكۆی كوردستان، لە 31 زانكۆ سەنتەری یەكسانی جێندەری كراوەتەوە، بۆیە ئەمڕۆ قسە لەسەر ئەوە دەكرێت سەنتەرەكان چیان دەوێت و بەرپرسیارێتی سەنتەرەكان چییە، ئەوان دەیانەوێت یەكسانی جێندەری جێبەجێ بكرێت و بكرێتە پڕۆگرام تا لەداهاتوودا شارەزای جێندەرناسی لەزانكۆكان دەربچن و وانەیەك لەزانكۆكان هەبێت بۆ خوێندنی جێندەر.

هەروەها د.خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی كارگێڕی و دارایی لەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەو سەنتەرانە كەوتوونەتە سەرپێ، بەڵام هێشتا كێشەیان هەیە راستە بۆ كوردستان یەكسانی جێندەری قورسە، بەڵام چەندین ساڵ كاركردنی دەوێت بۆ بەهێزبوونیان، چونكە یەكسانی جێندەریی تەنها لەبواری كۆمەڵایەتی نییە، بەڵكو لەبواری یاسایی و تەندروستی و بوارەكانی دیكەشە.

د.چۆمان هەردی، بەڕێوەبەری سەنتەری جێندەر لەزانكۆی ئەمەریكی- سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: كاتێك باسی یەكسانی جێندەری دەكرێت دوو بوارە، یەكێكیان لایەنی كرداری و دووەمیان تیۆرییە كە دەبێت هەردووكیان پێكەوە هەنگاو بنێن، لەكوردستان لەبواری مەیدانی كاری زۆر كراوە، بەڵام لەڕووی ئەكادیمی و لێكۆڵینەوە كاری كەم كراوە، ئەم سەنتەرانە كە دامەزراون دەكرێت سەرەتایەكی زۆر باش بن بۆ ئەم پرسە.

هەردی ئاماژەی بەوەكرد: "خەڵك پێیوایە پرسی ژن دەبێت رێكخراوەكانی ژنان چارەسەری بكەن كە ئەوە هەڵەیەكی گەورەیە، بەڵكو بەپلەی یەكەم دابینكردنی دایەنگە و هەلیكار و پاراستنی ژن لەتوندوتیژی ئەركی حكومەتە و رێكخراوەكان ناتوانن جێگەی حكومەت بگرنەوە".
 
لەلایەكی دیكەوە ئاوات محەمەد، چالاكوان و بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ بەدواڕۆژی راگەیاند: كوردستان كۆمەڵگەیەكی پیاو سالارە و یەكسانی جێندەریی كاری زۆر دەوێت، هێشتا لەناو دەسەڵاتە سیاسی و حیزبەكاندا یەكسانی جێندەری نییە، چ جای لەسەر ئاستی كۆمەڵگە، ئەم كۆنفرانسانە هەوڵێكن بۆ باشتركردنی یەكسانی جێندەریی، بەڵام تائێستا ئەم بوارە ئاستی باشی بەخۆوە نەبینیوە".

ئەم چالاكوانە پێشنیاری ئەوە بوو یەكسانی جێندەریی لەدەسەڵاتی سیاسی و مەكتەبی سیاسییەكانەوە دەست پێبكات، دواتر هەمواركردنەوەی كۆمەڵێك یاسا كە هەموو پێگە هەستیارەكانی دەسەڵات بەشێوەیەكی هاوسەنگ دابەش بكرێتەوە، پاشان گرنگی بەمەسەلەی گەشەپێدانی بەردەوام بدرێت.

 

پێداچوونەوەو بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure