هەڕەشەکانی داعش ژمارەیەک گوند بەکوردی داقوق چۆڵ دەکات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 05/12/2019‌ :: 286‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، یوسف موڕاد

تادێت هەڕەشەکانی داعش لەسنووری قەزای داقوق زیاتر دەبێت کە بەهۆیەوە ژمارەیەک گوند بەتەواوەتی چۆڵکراون و سەدان خێزانیش شارەکەیان بەجێهێشتوە.

بەپێی بەدواداچوونێکی دواڕۆژ، لەدوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 بەهۆی پەلامارەکانی داعشەوە تاوەکو ئێستا 23 هاووڵاتی کورد شەهید بوون و 7ی دیکەش رفێندراون کە گرتەی ڤیدیۆیی شەهیدکردنی چواریان بڵاوکراوەتەوە.

داقوق بەدووری 45 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری کەرکوک لەسەر رێگەی سەرەکی بەغدایە، دانیشتوانەکەی تێکەڵەیەکن لە کورد، عەرەب و تورکمان.

ساڵی 2014 لەدوای سەرهەڵدانی گروپی تیرۆریستی داعش، بەشێکی زۆری گوندە عەرەبنشینەکانی سنوورەکە کەوتنە دەستی ئەو گروپە، بەڵام پێشمەرگە فریای داقوق و ناوچەکانی کاکەیی، داودە و تاڵەبانی کەوتن و بەرپەرچی دەیان پەلاماری ئەو چەکدارانەیان دایەوە کە بەنیازبوون دەست بەسەر تەواوی شارەکەدا بگرن.

بەڵام لەساڵی 2017 و دوای جێگرتنەوەی شوێنی پێشمەرگە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە، سنووری داقوق بە رووی جموجۆڵی چەکدارانی داعش کرایەوە و ئەوەش مەترسی لەسەر خەڵکی سنوورەکە بەتایبەت گوندەکانی کاکەیی دروستکرد.

ئازاد رۆستەم، لێپرسراوی کۆمیتەی داقوقی (ی.ن.ک) بە دواڕۆژی راگەیاند: چەکدارانی داعش لەسنووری قەزای داقوق و بەتایبەت لە گوندە کاکەیی نشینەکان و حەفتەغار، بوونیان هەیە و بەبەردەوامی پەلاماری دایشتوانی سنوورەکە دەدەن و خەڵکی بێتاوان شەهید دەکەن.

وتیشی: "هێزە سەربازییەکانی عێراق کەمتەرخەمن لەپاراستنی هاووڵاتیان ئەوەش وایکردووە گوندنشینانی کورد بۆ خۆپاراستن پشت بەخۆیان ببەستن، لەچەند گوندێک مانگانە بڕی 4 ملیۆن و 500 هەزار دینار لەلایەن هاووڵاتیانەوە تەرخان دەکرێت بۆ ژمارەیەک گەنجی خۆبەخشی سنوورەکە تاکو پاسەوانی گوندەکان بکەن".

لەدوو ساڵی رابوردوودا بەهۆی مەترسییەکانی داعشەوە 8 گوند لەناوچەکانی حەفتەغار و کاکەیی لەلایەن دانئشتوانەکانیانەوە چۆڵکراون.

گوندەکان بریتین لە ئەلبونەجم (فەریق)، جینگڵاوە، شکور جەیران، شەشەکان، سەید وەڵە، ئەلبو محەمەد، عارەب کۆیی و سەید نیعمەت.

هەفتەی رابوردوو دوایین رووداوی تیرۆریستی لەسنوورەکە روویدا کاتێک لەبازگەیەکی وەهمیدا پێشمەرگەیەک و هاوژینەکەی کوژران لەدووری 200 مەتر لەبازگەیەکی هێزە عێراقییەکانەوە.

فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی کەرکوکیش نەیشاردەوە کە رووداوەکە تیرۆریستی بووە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: کە جوڵەی چەکدارەکان زۆر بووە و پێویست دەکات ئۆپراسیۆن بۆ کۆتاییهێنانیان ئەنجام بدرێت.

شێرزاد سەمەد، چاودێری سیاسی بە دواڕۆژی راگەیاند: پەلامارەکانی سەر خۆرئاوای کوردستان و خۆپیشاندانەکانی عێراق هۆکاری سەرەکین بۆ خۆڕێکخستنەوەی داعش  و پەلاماردانی هاووڵاتیان، چونکە بەشێکی زۆر لە هێزە عێراقییەکان بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە خۆپێشاندانەکانەوە سنووری کەرکوک و دەوروبەریان بەجێهێشتوە.

هۆشداریشیدا لەئەگەری چارەسەرنەکردنی دۆخەکە و وتی: "ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت مەترسی گەورەتر لەڕووی ئەمنیەوە دەکەوێتە سەر کەرکوک و حەویجە و داقوق و ناوچەکانی دیکە".

بەشێک لە سەنگەرەکانی پێشووی پێشمەرگە لەئێستادا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بەحەشارگە کراون.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure