ليستێكی ترسناك.. بەسەدان كچ و ژنی پاكستانی بە چین فرۆشراون

هەواڵ / جیهان :: 06/12/2019‌ :: 285‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس بڵاویكردەوە: زیاتر لە 600 كچ و ژنی پاكستانی وەك هاوسەر بە پیاوانی چینی فرۆشراون و دوای ئەوە گوازراونەتەوە سەر سنوری باكوری رۆژهەڵاتی پاكستان.


ئەو ئاژانسە باس لە لیستێك دەكات كە 629 ژن لەخۆدەگرێت و بونەتە قوربانی ئەو پڕۆسەیە و لێكۆڵەرە پاكستانیەكان ئامادەیان كردووە و دەڵێن: لەلایەن بازرگانانی مرۆڤەوە ئەم پڕۆسەیە ئەنجامدراوە و داوادەكرێت مامەڵەی توند لەگەڵ ئەو جۆرە باندانە بكرێت كە هەژار و لاوازەكانی ئەو وڵاتە دەكەنە نێچیرێكی ئاسان.

ئاژانسەكە باس لەوەش دەكات: بەرپرسە پاكستانیەكان لەبەرامبەر ئەم كارە خەمسارد و بێدەنگن و ترسیان لەوە هەیە ئەم بابەتە ببێتە هۆكارێك بۆ تێكچونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ لە ئۆكتۆبەری ئەمساڵ دادگای فەیسەڵ ئاباد 31  هاووڵاتی چینی كە بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە مرۆڤە دەستگیركرابوون ئازادكردووە.

بەپێی وتەی بەرپرسێكی دادگای ئەو وڵاتە و لێكۆڵەرانی پۆلیس زۆربەی ئەو ژنانەی بونەتە قوربانی لە لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسدا ترسیان هەبووە كە راستیەكان بڵێن، چونكە پێشتر هەڕەشەیان لێكراوە یاخود بڕێك پارەیان پێدراوە.

سەلیم ئیقبال كە چالاكوانێكی مەسیحییە دەڵێت: هەتا ئێستا هاوكاری چەندین كچ و ژنی كردووە و لە چین رزگاریكردوون و رێگری لەوەكردوە كە كچ و ئافرەتی تر بنێردرێنە ئەو وڵاتە و دەشڵێت: حكومەت گوێ بەو پرسە نادات و كاتێكیش قسە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پاكستان دەكەین گوێمان لێناگرن و فشارێكی زۆریش لەسەر لێكۆڵەرەكان هەیە.

هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی پاكستان رەتیانكردۆتەوە هیچ لێدوانێك لەبارەی ئەو پرسەوە بدەن، بەڵام دوو بەرپرسی ئەو وڵاتە كە نایانەوێت ناویان بهێنرێت بۆ ئاژانسی  ئەسۆشیەتد پرێس رایانگەیاندووە: لێكوڵینەوەكان لەسەر ئەم پرسە سستە  و لێكۆڵەرەكان توشی بێهیوایی بوون و كەناڵەكانی راگەیاندنیش زۆر باسی ناكەن .

یەكێك لەو بەرپرسانە دەڵێت: كەس یارمەتی ئەو كچانە نادات و بەردەوام ژمارەی ئەو كچانە لەزیادبووندایە و بازرگانانی مرۆڤ بێ گوێدانە یاساكان ئەو كارە دەكەن، چونكە دەزانن دەربازیان دەبێت لە سزا و دەسەڵات بەدواداچون ناكات.

وەزارەتی دەرەوەی چینیش بێئاگای خۆی لەبارەی ئەم پرسەوە راگەیاندووە و لە بەیاننامەیەكدا  لە وه‌ڵامی ئەسیۆشیەتد پرێس حكومەتەكانی هەردوو وڵاتی چین و پاكستان رایانگەیاندووە: پشتیوانی دروستكردنی خێزان دەكەن لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەشێوەیەك كە لەگەڵ یاساكانی هەردوو وڵات گونجاو بێت هەروەها لەدژی ئەوە دەوەستنەوە كە هاوسەرگیری ناشەرعی لەسەر سنور ئەنجام بدرێت. 

ئاژانسه‌كه‌، لەبارەی ئەو بابەتەوە چەندین بەڵگەی دەستكەوتووە و توانیویەتی بگاتە خێزانی ئەو كچانەی بەشوودراون و بردراونەتە چین كە هەندێكیان لەوێ‌ كاری لەشفرۆشیان پێدەكرێت و هەندێكیان توانراوە رزگاربكرێن و هەندێكیشیان هێشتا لەوێن.

هەروەها بەڵگەشی دەستكەوتووە كە بازرگانانی مرۆڤ  چوار هەتا 10 ملیۆن روبیەیان دەستدەكەوێت كە دەكاتە 25 هەزار  بۆ 65 هەزار دۆلار و تەنها 1500 دۆلار لەو بڕە دەدرێت بە خێزانەكان.   

پێداچونەوە: ئەڤین
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە