وەزارەتی کشتوکاڵ: تاوەکو یەک هەناری خۆماڵی مابێت هاوردەی هەنار دەستپێناکات

هەواڵ / ئابوری :: 05/12/2019‌ :: 136‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

زیاتر لە دوو مانگە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمیش هاوردەکردنی هەناریان قەدەغەکردووە، بەمەبەستی بەبازاڕ کردنی بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ، سەرباری ئەوەی وەرزی هەناری خۆماڵی تەواو بوو ئەوەی ماوە لە ساردخانەکان هەڵگیراون، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "تاوەکو هەنارێک مابێت دەست بە هاوردە ناکرێتەوە".


حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە دواڕۆژی راگەیاند: ئێمە هاوردەی هەنارمان راگرتووە و تاوەکو ئێستاش بڕیارەکە وەک خۆیەتی بۆ ئەوەی جووتیاران بەدڵی خۆیان بەرهەمەکانیان بفرۆشن تاوەکو هەنارێکیش مابێت هاوردە دەستپێناکاتەوە.

وتیشی: "میسر یەکێکە لە هەناردەکارانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە هەنار پلەی پێنجەمی ریزبەندیی بەرهەمە هەناردەکراوەکان لە خۆدەگرێت و ساڵانە نزیکەی سەد هەزار تۆن هەناردە دەکات، لەو رێژەیەش لەسەدا چل و حەوتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانە، هەروەک پەتاتە و پیازیش لە ریزبەندیی یەکەمی بەرهەمە هەناردەکراوەکان دێت کە ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن و دوو سەد هەزار تۆن لەو دوو بەرهەمە هەناردە دەکات".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ: لەماوەی پێنج ساڵی رابوردوودا 116 هەزار و 842 تۆن هەنار لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنراوە، بەرهەمی ساڵی رابوردووش گەیشتووەتە نزیکەی بیست و پێنج هەزار تۆن، لەبەرامبەردا ئاستی خواست لەسەر بەرهەمی هەناریش ساڵی رابوردوو گەیشتووەتە زیاتر لە 52 هەزار تۆن، بۆیە 19 هەزار تۆن لەو ساڵەدا هاوردەکراوە.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure