سه‌ركرده‌یه‌كى یه‌كێتى: به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌م مانگه‌دا كۆنگره‌ ده‌به‌ستین

هەواڵ / کوردستان :: 05/12/2019‌ :: 225‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

بڕیاره‌ پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5ی کانوونی یەکەمی 2019، ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له‌ باره‌ى دوابڕیار بۆ كۆنگره‌ى حیزبه‌كه‌یان كۆببنه‌وه‌، ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تیش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌: "به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌م مانگه‌دا كۆنگره‌ ده‌به‌سترێت، به‌ڵام له‌ كاتى دیاریكراوى خۆیدا ناكرێت".

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، به‌ دواڕۆژى وت: "به‌پێى بڕیارى پێشووتر ده‌بێت رۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو كۆنگره‌ ببه‌سترێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى تائێستا كۆنفرانسى مه‌ڵبه‌نده‌كان ئه‌نجام نه‌دراوه‌ ناتوانین له‌ واده‌ى خۆیدا كۆنگره‌ ببه‌ستین، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ بڕیار ده‌ده‌ین هه‌فته‌یه‌ك بۆ 10 رۆژ كاتى ئه‌نجامدانى درێژبكه‌ینه‌وه‌".

وتیشى: "زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ن له‌مساڵدا، بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌وه‌ زیاتر درێژ ناكرێته‌وه‌ و له‌م مانگه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌ر ئه‌مڕۆش لیژنه‌كان و ده‌زگاى هه‌ڵبژاردن راده‌سپێرین بۆ ته‌واوكردنى كاره‌كان".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى بڕیاره‌ له‌مڕۆدا له‌به‌رده‌م مه‌كته‌بى سیاسى حیزبه‌كه‌یان كادره‌كانیان خۆپیشاندان بكه‌ن، ئه‌سه‌سه‌رد وتى: "ده‌ستخۆشییان لێ ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ وامان لێ ده‌كات سوورتر بین له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى كۆنگره‌". 

هه‌ر ئه‌مڕۆش لاهور شێخ جه‌نگى له‌ په‌ڕەى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك، رایگه‌یاند: "هه‌موو دڵسۆزانى یه‌كێتى دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى بڕیاره‌ دروسته‌كه‌ ده‌دات".

ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى له‌كاتێكدایه‌ كه‌ چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر هه‌مان ئه‌نجومه‌ن بڕیاریدا له‌ 7/12/2019 كۆنگره‌ى چواره‌مى حیزبه‌كه‌یان ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام ته‌نیا دوو رۆژ بۆ ئه‌و واده‌یه‌ ماوه‌، تائێستا كۆنفرانسى مەڵبەندەکان ئەنجام نەدراون.


پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure