حکومەتی هەرێم وردەکاری رێککەوتنی لەگەڵ بەغدا ئاشکرا کرد

هەواڵ / کوردستان :: 05/12/2019‌ :: 1886‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمد

ئەمڕۆ 5ی کانوونی یەکەمی 2019 وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاری رێککەوتنی بەغدا و هەرێمی ئاشکرا کرد.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ شاندی هەرێم بۆ بەغدا رایگەیاند: ئێمە لەسەر سێ بابەتی سەرەكیی وەك نەوت و دارایی و قەرزەكانی كوردستان گفتوگۆمان كردووە و لەسەر بابەتی نەوت رێككەوتووین و مانگانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ دەكرێت، لەسەر دارایی كوردستان رێككەوتین كە بەشێك  لە مافەكانی خۆمانمان وەرگرتووە و هەروەها لەسەر بابەتی قەرزەكانیش گەیشتووینەتە رێككەوتنێكی هاوبەش كە دەستەیەكی هاوبەش دروست دەكرێت بۆ پێداچوونەوە بە قەرزەكانی هەردوولا و پشكێك دیاری بكرێت بۆ دانەوەی قەرزەكانمان.

لەبارەی بودجەی ساڵی رابوردوو وەزیری دارایی وتی: "9 تریلیۆن و 700 ملیار دینار بووە و مانگانە بۆمان هاتووە، بەڵام ئەمساڵ ئەو پشكەمان زیاتر بووە كە مووچەی فەرمانبەران و شەهیدان و ئەنفالكراوان دابین دەكرێت".

هەروەها باسی لەوەشكرد: كە ئەوان نیگەرانن لەو دۆخەی كە ئێستا عیراقی پیادا دەڕوات، بەڵام هەرچی ئەركی ئەوان بووە لە گفتوگۆ سەركەوتوو بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی دەستەبەریان كردووە تەواوی مافەكانی خەڵكی كوردستان نییە، بۆیە ئەو دەستەیەی ئێمە ئەركمان تەواو كردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئێستا هەموو ئەركەكە لە پەرلەمانی عیراقە.

لەبارەی رێژەی پشکی کورد لە بودجەی عیراقدا وەزیری دارایی وتی: پێشتر بودجەی هەرێم %17 بووە و دواتر كراوە بە %12 ئەوەش بە بڕیارێكی سیاسی بووە.

ئەوەشی وت: "هەشت مووچەی فەرمانبەران و 12 مووچەی خانەنشینان لەلای حكومەتی هەرێمی كوردستان وەک قەرزە کە لەئێستادا حکومەت ناتوانێت بیداتەوە".

لەبارەی تەواوی رێككەوتنەكە د.ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وتی: ئێمە شێلگیرانە بەرگریمان لە مافەكانی خەڵكی كوردستان كردووە، ئەمساڵیش نەفەقەی سیادی عیراق كە زۆربەی بۆ قەرز دەڕوات 18 ملیار دۆلارە، بۆیە لەو لیستی نەفەقانەدا قسە لەسەر قەرزەكانی هەرێمی كوردستانیش كراوە بەتایبەتی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران.

ئاماژەی بەوەشدا: حكومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی سەرجەم داتاكان لەبارەی نەوت و بودجە و داهات و قەرزەكانەوە بدات بە حكومەتی ناوەندی و ئەو رێككەوتنە بەشێوەیەكە هەر حكومەتێك بێتە شوێنی ئەم حكومەتە رێككەوتنەكە وەك خۆی دەبێت.

باسی لەوەشكرد: كە حكومەتی عیراق تائێستا 62 ملیار دۆلاری قەرز كردووە كە %2 كەمتریشی بۆ هەرێمی كوردستان بووە، بەڵام هەرێم بەشداربووە لە دانەوەی قەرزەكان.

لەلایەن خۆشیەوە د.ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەن وەزیرانی هەرێمی كوردستان وتی: "ئێمە لە بودجەی عیراق ئەوەمان چەسپاندووە كە كوردستان هەرێمە نەك پارێزگا و بۆ ئەوەش كە پرۆسەی رێككەوتن بەردەوام بێت، هەرێمی كوردستانیش داتاكان بۆ بەغدا دەنێرێت".

لەبارەی بودجەی پێشمەرگەشەوە وتی: "لە ساڵی 2019دا بودجەی پێشمەرگە پێشێلی تیادا بووە، بەڵام لەم رێككەوتنە ئەو باسە جێگیركراوە و بودجەی پێشمەرگە وەك بەشێك لە بودجەی بەرگری عیراق جێگیر كراوە، چونكە پێشمەرگە بەشێكە لە دامەزراوەی بەرگری عیراق و دەبێت حكومەتی ناوەندی بودجە و خەرجییەكەی لەئەستۆ بگرێت".

ئا: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure