هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌و پارێزگایه‌ى خاوه‌ن هیچ هۆڵێكى شانۆ و سینه‌ما و گه‌له‌رى نییه‌

هەواڵ / که‌لتور :: 05/12/2019‌ :: 117‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كراوه‌ به‌پارێزگا، به‌ڵام تائێستا ئه‌و پارێزگایه‌ خاوه‌نی هیچ هۆڵێكی تایبه‌ت به‌ سینه‌ما و شانۆ نیه‌ و هیچ هۆڵێكى گه‌له‌ریشى لێ نییه‌، ئه‌وه‌ش گرفتی زۆری له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی چالاكییه‌كان و به‌ره‌و پێشچوونی كاره‌ هونه‌رییه‌كاندا دروستكردووه‌، هونه‌رمه‌ندانیش له‌ دواڕۆژه‌وه‌ باس له‌ گرنگى بوونى هۆڵێكى شایسته‌ی بوارى هونه‌رى ده‌كه‌ن.


نه‌سرین محه‌مه‌د، یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی شانۆكار له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ماوه‌ی 28 ساڵه‌ داوای دروستكردنی هۆڵی شانۆیی و سینه‌ما له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌ شانۆییه‌كانمانی تیادا نمایش بكه‌ین، به‌ڵام تائێستا بۆمان دروست نه‌كراوه‌، له‌ كاتێكدا زۆرجار په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ شاره‌كانی دیكه‌دا هه‌بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كارێكى شانۆیى بهێنینه‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ و بواری شانۆ فراوان بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وان رازیی نه‌بوون بێنه‌ هه‌ڵه‌بجه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ هۆڵێكی تیادا نیه‌ به‌كه‌ڵكی شانۆیی بێت ئه‌وه‌ش مافى خۆیانه‌ كه‌ نه‌توانن بێن.

عوسمان محه‌مه‌د، یه‌كێك له‌ سینه‌ماكاره‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ و خاوه‌ن چه‌ند فیلمێكى سینه‌مایى، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: نه‌بوونى هۆڵى تایبه‌ت به‌ نمایشى كاره‌ هونه‌رییه‌كان چی له‌ بوارى سینه‌ما یاخود شانۆ كاریگه‌رى خراپى كردووه‌ته‌ سه‌ر پاشه‌كشه‌كردنى ره‌وتى هونه‌ر له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا، به‌ جۆرێك زۆرجار ئێمه‌ تواناى به‌رهه‌مهێنانى فیلمى سینه‌ماییمان هه‌بووه‌، به‌ڵام كاتێك بیرمان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هۆڵى تایبه‌ت به‌ سینه‌ما نییه‌، ناچار وازمان له‌ بیرۆكه‌كه‌مان هێناوه‌، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى سینه‌ماكاره‌كانى شاره‌ جیاوازه‌كان ئاماده‌بوون بێنه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و كارى سینه‌مایى بكه‌ن، به‌ڵام دووباره‌  به‌هۆى نه‌بوونى هۆڵه‌وه‌ نه‌هاتوون.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ رابوردوو و له‌ ئێستاشدا خاوه‌نى چه‌ندین شاعیر و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ره‌ له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا كه‌ ده‌كرێت سود له‌ ئه‌زموونى هه‌موو ئه‌وانه‌ وه‌ربگیرێت و كارى هونه‌رى به‌ره‌و پێش ببرێت، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ خۆى خاوه‌ن یادێكى تراژیدییه‌ و ساڵانه‌ یادى ئه‌و كاره‌ساته‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ریدا هاتووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هۆڵێكى شایسته‌ش بوونى نیه‌ كه‌ ئه‌و بۆنه‌یه‌ى تیادا یاد بكرێته‌وه‌، ساڵانه‌ له‌ یاریگایه‌ك یاده‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ كاره‌ساته‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێته‌ پارێزگا و هۆڵێكى شایسته‌ى لێ نه‌بێت. 

جه‌مال محه‌مه‌د، یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌نده‌ شێوه‌كاره‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ دواڕۆژى روونكرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ زۆرێك له‌ شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان هۆڵى گه‌له‌رى تایبه‌ت به‌ نمایشكردنى تابلۆ هونه‌رییه‌كان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ شارێكى وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ بووه‌ به‌ پارێزگا هیچ هۆڵێكى گه‌له‌رى حكومى و ناحكومى بوونى نییه‌، له‌ كاتێكدا پێش چه‌ند مانگێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى رۆشنبیرى و هونه‌رى هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌له‌رییه‌كى بچوك بوونى هه‌بوو به‌ڵام ئێستا ئه‌و گه‌له‌رییه‌ش نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ نه‌توانرێت وه‌ك پێویست گرنگى به‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كان بدرێت و بۆشاییه‌كى هونه‌رى گه‌وره‌ى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌رى دروستكردووه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ په‌روێز نیازی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: راسته‌ نه‌بوونى هۆڵى شانۆ گرفتى زۆرى بۆ ئێمه‌ و شانۆكارانیش دروستكردووه‌، به‌ڵام ماوه‌ی چوار ساڵه‌ ده‌رخسته‌ و شوێنی هۆڵمان ئاماده‌كردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ جێبه‌جێ بكرێت.

روونیشى كرده‌وه‌: دروستكردنی هۆڵى شانۆ یه‌كێكه‌ له‌پرۆژه‌ راگیراوه‌كانی پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، بۆیه‌ دروستكردنه‌كه‌ی به‌نووسراو ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه‌، تاوه‌كو و ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش بكه‌وێته‌ سه‌ر كار و هه‌ڵه‌بجه‌ش ببێته‌ خاوه‌ن هۆڵێكی شیاو بۆ كار و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵه‌كانمان چڕكردووه‌ته‌وه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure