بۆشایی ئیداری و هاوسۆزی بۆ قوربانیان دەوامی لە زانکۆی کەرکوک پەکخستووە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 04/12/2019‌ :: 285‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

ماوەی هەفتەیەکە بەناوی پشتیوانیکردن لە داواکاری خۆپیشاندەرانی بەغدا و پارێزگاکانی باشوری عێراق، دەوام لە زانکۆی کەرکوک پەکیکەوتووە، مامۆستایەکی زانکۆکەیش دەڵێت: "بۆشایی ئیداری وایکردوە خوێندکاران پابەندنەبن بەدەوامەوە".


سەرەتای ئەم هەفتەیە هاوکات لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکەی شاری ناسڕیەی باشوری عێراق، رێگا بە خوێندکاران درا رێوڕەسمی ماتەمینی وەکو هاوسۆزییەک بۆ قوربانیان رێکبخەن، بەڵام بەشێک لە خوێندکارانی عەرەب ئەو دۆخەیان قۆستەوە و بڕیاری بایکۆتیان لە خوێندن راگەیاند.

لە دوو رۆژی رابردویشدا خوێندکارانی عەرەب و تورکمان لەبەردەم بینای زانکۆ گردبونەوەی ناڕەزایەتیان رێکخست و نەچونە هۆڵەکانی خوێندنەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی وێنەی هادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدریان لەنزیک زانکۆکە دڕان.

دکتۆر رێبوار محەمەد، مامۆستا لە زانکۆی کەرکوک بە دواڕۆژی راگەیاند: هۆکاری سەرەکی پابەندنەبوونی خوێندکاران بە دەوام لە زانکۆی کەرکوک بۆ هەڵپساردن یاخود نەبونی راگری کۆلیژەکان دەگەڕێتەوە کە لەچوارچێوەی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی زانکۆدا لە پۆستەکانیان لادراون و هێشتا پڕکردنەوەی شوێنەکانیان بەهەڵواسراوی ماوەتەوە.

وتیشی: "لەغیابی راگرەکان، یاریدەری راگرەکان کاری کۆلێژەکان بەڕێوەدەبەن ئەوەش وایکردوە بۆشایی ئیداری دروستبێت و سەرۆکی بەشەکان پابەندی دەوام نەبن و لێپرسینەوەش لە خوێندکاران نەکرێت بۆیە ئەم دۆخەی ئێستا هاتوەتە ئاراوە".

بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، راگری کۆلێژەکان بۆ ماوەی چوار ساڵ لە پۆستەکانیان دەمێننەوە و دواتر دەگۆڕدرێن.

لەماوەی رابوردودا و دوای پێکهێنانی حکومەتەکی عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نوێی خوێندنی باڵا لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکان بۆ پێکهاتەی زانکۆکان بڕیاریدا بەدانانی کەسێکی کورد لە پۆستی سەرۆکی زانکۆی کەرکوک کە پێشتر ئەو پۆستە لەلای کەسایەتیەکی تورکمان بوو.

لە گۆڕانکارییەکانی زانکۆدا رەچاوی دابەشکردنی پۆستەکان بەرێژەی ٣٢% کراوە لەنێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکەدا بەشێوەیەک دانراوە هەر پێکهاتەی شەش راگری بەرکەوتوە.

لەو بارەیەوە د. رێبوار محەمەد رونیکردەوە: بەپێی گۆڕانکارییەکان شه‌ش کۆلێژ بەر کورد دەکەوێت کە بریتین لە کۆلێژه‌كانی (پەرستاری، یاسا، پزیشکی، ئاداب، پەروەردەی وەرزش و پەروەردەی مرۆڤایەتیەکان).

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، یەکێتی و پارتی رێککەوتوون لە پشکی کورد، راگری چوار کۆلێژ بدرێت بە یەکێتی و دووانیان بدرێته‌ پارتی.

د. عومەر ئینجە دەستنیشانکراوە بۆ وەرگرتنی راگرایەتی کۆلێژی یاسا، د. کامەران شكور و د. هیوا ستار کاندیدن بۆ کۆلێژی پەرستاری، ئادابیش بۆ د. رێبوار محەمەد یەکلابوەتەوە، د. سەباح زەنگەنەیش دەستنیشانکراوە بۆ وەرگرتنی راگرایەتی کۆلێژی پزیشکی لەکاتێکدا وەرینەگرێت ئەوە د. گەیلان قادر دادەنرێت.

بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەو دۆخەی لە بەغداد دەگوزەرێت پرسی دانانی راگرەکان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.

هەر لەچوارچێوەی ئەو گۆڕانکاریانەشدا، جێگرانی سەرۆکی زانکۆ دراون بە عەرەب و تورکمان چونکە سەرۆکی زانکۆ لە پشکی کوردە.

هونەر ئەحمەد، لێپرسراوی لقی زانکۆو پەیمانگەکانی کۆمەڵەی خوێندکاران بەدواڕۆژی راگەیاند: بەهۆی مانگرتنی خوێندکارانی عەرەب و تورکمان لە پڕۆسەی خوێندن وایکردوە دەوام لەزۆربەی کۆلێژەکان رابوەستێت کە بەهۆیەوە خوێندکارانی کوردیش دەوام ناکەن.

وتیشی: "خوێندکارانی کورد ئاگاداردەکەینەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بایکۆت بشکێنن و پابەندبن بەخوێندنەوە، داوایش لە پێکهاتەکانی دیکەش دەکەین کۆتایی بەو دۆخە بهێنن چونکە بەزیانی خوێندکاران دەشکێتەوە".

دواڕۆژ زانیوێتی کە بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆ لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ قسەیان کردوە و داوایانکردوە کێشەی راگرەکان یەکلاییبکاتەوە کە بوەتە هۆی دروستبونی بۆشایی ئیداری و بێسەروبەری کە دەوامی لە زانکۆدا پەکخستوە.

سەرۆکی زانکۆیش بەڵێنی داوە لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا چارەسەرێک بدۆزێتەوە یاخود بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی جێگرانی راگری کۆلێژەکان بچێتەوە کە پێشوتر ده‌ریكردووه‌.

مانگرتنی خوێندکارانی زانکۆی کەرکوک لەکاتێکدایە کە لەم هەفتەیەدا راکان جبوری، پارێزگاری کاتی کەرکوک کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنییە رایگەیاند: هەر گردبونەوە و بایکۆتکردنێک لە پڕۆسەی خوێندن بەبێ ئاگاداری لیژنەی ئەمنی و وەرگرتنی مۆڵەت لە ئیدارەی شارەکە، بەسەرپێچیکردنی یاسا لە قەڵەم دەدرێت.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure