"داعشى عێراق خۆى نوێ ده‌كاته‌وه‌"

هەواڵ / عێراق :: 05/12/2019‌ :: 175‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

سه‌رقاڵبوونى هێزه‌كانى ئاسایشى عێراق به‌ ناڕه‌زایه‌تى و خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ كه‌ له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مه‌وه‌ به‌غداد و زوربه‌ى پارێزگاكانى باشوورى عێراقى گرتووه‌ته‌وه‌، جارێكى تر رێكخراوى داعش هاتووه‌ته‌وه‌ سه‌ر گۆڕه‌پانى هه‌واڵه‌كان. به‌ مه‌به‌ستى رێكخستنى ریزه‌كانى خۆى له‌ڕێى ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌یه‌كى چه‌كداریى گه‌وره‌وه‌ كه‌ په‌لامارى زیندانه‌كان بدات و هه‌زاران ئه‌ندامى زیندانیكراوى خۆى ئازاد بكات كه‌ هه‌ندێكیان گه‌وره‌ به‌رپرسه‌كانى داعشن. 


له‌ ماوه‌ى 15 ساڵى رابوردوودا حكومه‌تى به‌غدا زیاتر له‌ 18 هه‌زار ئه‌ندامى رێكخراوه‌ تیرۆریسته‌كانى ده‌ستگیركردووه‌. له‌وانه‌ رێكخراوه‌كانى قاعیده‌ و ئه‌نسارى سوننه‌ و داعش و سوپاى ئیسلامیى و نه‌قشبه‌ندییه‌كان و سوپاى راشیدین و سوپاى فاتیحین و حه‌ماسى عێراق و سوپاى مسته‌فا. 

یه‌كێك له‌ زیندانه‌ گه‌وره‌كانى عێراق كه‌ ئه‌و تیرۆریستانه‌ى تێدا زیندانى كراون زیندانى (ئه‌لحوت)ه‌ له‌ شارى ناسرییه‌. 

تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى شارى ناسرییه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ سروشتى خێڵه‌كى تێدا به‌هێزه‌ و رێژه‌یه‌كى زۆرى دانیشتووانه‌كه‌ى بێ كار و هه‌ژارن ئه‌گه‌رچى پارێزگاكه‌ چه‌ندین كێڵگه‌ى گرنگى نه‌وتى تێدایه‌. ئه‌مه‌ وایكردووه‌ هه‌میشه‌ شارى ناسرییه‌ به‌شداریى چالاك و توندى هه‌بێت له‌ ناڕه‌زایه‌تى و خۆپیشاندانه‌كاندا. هه‌بوونى ژماره‌یه‌كى زۆر خه‌ڵكى ده‌مامكدار له‌ناو خۆپیشانده‌ران و په‌نابردن بۆ توندوتیژى به‌رامبه‌ر به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌و گومانه‌ى به‌هێز كردووه‌ كه‌ ده‌ستى ده‌ره‌كیى له‌ به‌رنامه‌یدایه‌ كه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌ ئاڕاسته‌یه‌كى دیكه‌دا ببات و سه‌رئه‌نجام زه‌مینه‌ خۆش بكرێت كه‌ گروپه‌كانى داعش له‌ بیابانه‌وه‌ بێن و زیندانى حوت بشكێنن له‌ خۆرهه‌ڵاتى شارى ناسرییه‌دا كه‌ زیاتر له‌ (6200) زیندانیكراوى تێدایه‌ و زوربه‌ى هه‌ره‌ زۆرییان سه‌ر به‌ داعشن و  هه‌ندێكیان له‌ سه‌ركرده‌ گه‌وره‌كانى ئه‌و رێكخراوه‌ن و حوكمى ئیعدامكردنیان بۆ ده‌رچووه‌.

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق كه‌ كه‌م تا زۆرێك ئاگادارى ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ن خۆپیشانده‌ران و سه‌رۆك خێڵه‌كانیان له‌و نه‌خشه‌یه‌ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ و ده‌توانین بڵێین ئێستا ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ له‌ ئه‌جێنداى داعشدا نه‌ماوه‌. به‌ڵام نه‌خشه‌كه‌ى ئه‌و رێكخراوه‌ هێشتا هه‌ر له‌ ئارادایه‌ و له‌ هه‌فته‌ى رابوردوودا هه‌وڵ درا كۆمه‌ڵێك زیندانى به‌ندیخانه‌یه‌كى شارى موسڵ ئازاد بكرێن و زیندانه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكرێت.

پێشتر هه‌وڵێكى له‌وجۆره‌ بۆ شكاندنى زیندانى پارێزگاى سه‌لاحه‌دینیش درا كه‌ دیسان هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق شكستیان پێ هێنا. 

به‌پێى لێدوانى سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق، هه‌وڵى په‌لاماردانى زیندانى (ئه‌لحوت) به‌رنامه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌ى داعش بووه‌ كه‌ گومان ده‌كرێت یارمه‌تى هه‌واڵگریى و لۆجستى ده‌ره‌كیشى بۆ ته‌رخان كرابێت.

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ى ئه‌لئه‌خبارى لوبنانى



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure