هەموو سەرنجەكان لەسەر ئەردۆغانن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 04/12/2019‌ :: 368‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

كۆبوونەوەی لوتكەی پەیمانی ناتۆ لە لەندەن لە ساتەوەختێكدایە كە ئەو هاوپەیمانییە هەستیارەی جیهانی سەرمایەداری بە قۆناغێكی دژواردا تێدەپەڕێت و لە ناوچە جیاجیاكانی دنیاشدا زنجیرەیەك كێشەی گەورە هەڕەشە لە ئاسایشی نێودەوڵەتی و چارەنووسی وڵاتان دەكەن. سەركردەی 28 دەوڵەتی ئەندامی ناتۆ دەیانەوێت لەم كۆبوونەوە لوتكەییەدا رۆح بكەنەوە بە بەری هاوپەیمانی ناتۆدا كە زۆر كەس پێی وایە لە ئامانجە سەرەكییەكەی خۆی دوورخراوەتەوە و پاساوی مانەوەی لەژێر پرسیاردایە. بە دڵنیاییەوە گرنگترین باس و خواسی ئەم لوتكەیە تا ئەندازەیەكی زۆر چڕ دەبێتەوە لەسەر ئەو بابەتانەی كە پەیوەندییان هەیە بە توركیاوە.


ئەردۆغان بە دیاریكراوی فۆكەس دەخاتە سەر توركیا و لێكەوتە ترسناكەكانی ئەو كێشەیە. هەوڵدەدات پشتیوانی دارایی و سیاسی بەدەستبهێنێت بۆ جێبەجێكردنی (نەخشەی ناوچە پارێزراوەكان) لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا كە دەیەوێت سەدان هەزار ئاوارەی سوریا كە لە توركیادا دەژین لەو ناوچەیەدا نیشتەجێ بكات. ئەمە لە كاتێكدایە كە چەند ئەندامێكی دیكەی ناتۆ بەهیچ جۆرێك سیاسەتەكانی ئەم دواییەی ئەنقەرەی قبووڵ نییە بە تایبەت هێرشەكانی توركیا بۆسەر سوریا و هەروەها رەتكردنەوەی نەخشەی ناتۆ بۆ بەرگریكرن لە پۆڵەندا و وڵاتانی ناوچەی باڵتیك. دزەكردنی زانیاری دەربارەی ناكۆكییەكانی نێوان ئەندامی ناتۆ بۆ دەزگاكانی راگەیاندن مایەی سەرسوڕمانی كاربەدەستان توركە كە پێیان وایە ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئەنقەرەدا بەو رادەیە نین كە چارەسەر نەكرێن، بەڵام پاریس دەڵێت ناكۆكی نێوان ئەندامانی ناتۆ ناكۆكی ستراتیجییەوە و ئەمەش وای كردووە رێكخراوی ناتۆ بكەوێتە گیانەڵاوە چونكە ئەندامێكی ناتۆ بەبێ هەماهەنگی كردن هێرشی سەربازی لە ناوچەیەكدا دەستپێكردووە كە بەرژەوەندییەكانمان بەو كردەوەیە رووبەرووی هەڕەشەی گەورە دەبنەوە ئەردۆگانی سەرۆكی توركیاش لە بەرامبەردا سەرۆكی فەرەنسا بە كەسێكی زۆر بێ ئەزموون دەزانێت و دەڵێت فرەنسا وەك پێویست بەشداری نەكردووە لە دابینكردنی پێویستییەكانی ناتۆدا. سەرچاوە بەرپرسەكانی ئەنقەرە دەڵێن توركیا رەنجێكی زۆری مادی و مرۆیی لە ناتۆدا داوە و بەهیچ شێوەیەك نیازی نییە لەو رێكخراوە بچێتە دەرەوە. 
مەسەلەیەكی ئاڵۆزی دیكە كە بووەتە خاڵێكی ناكۆكی لەگەڵ توركیادا ململانێی وڵاتانە لەسەر سەرچاوەكانی وزە لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا توركیا و حكومەتی لیبیا كە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانی لێ دەكات هەفتەی رابردوو رێككەوتنێكیان ئیمزاكرد سەبارەت بەو مەسەلەیە بۆ رێگریكردنی زیاتر لە یۆنان و قوبڕوس لە بواری گەڕان و پشكنیندا بەدوای وزە لەو ناوچەیەدا. لە بەرامیەردا یۆنان هەوڵدەدات ئەندامانی ناتۆ بهێنێتە سەرخەت بۆ بەرژەوەندی خۆی. شەڕی كۆنە قینی نێوان ئەنقەرە و پاریس لەوەدایە كە پاریس چەند جارێك میوانداری نوێنەرانی یەپەگەی كردووە كە ئەردۆغان بە رێكخراوێكی تیرۆرستی دادەنێت. ئەم هەڵوێستە دوژمنكارییەی ئەنقەرە بەرامبەر كوردەكانی سوریا. فرەنسا و بریتانیا و هۆڵەندا و ئەڵمانیا و ئیسپانیا و كۆماری چیكی ناچاركرد بڕیا بدەن هەناردەكردنی چەك و كەرەستەی سەربازی بۆ توركیا كەم بكەنەوە.

ئەو ناوچە ئەمینەی كە توركیا بە نیازە دروستی بكات لە بنەڕەتدا بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیە و دورخستنەوەی هێزەكانی یەپەگەیە. بڕیار وایە رۆشی سێ شەممە ئەردۆگان و سەرۆكی فرەنسا و سەرۆك وەزیرانی بریتانیا و راوێژكاری ئەڵمانیا پێكەوە كۆدەبنەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی سیاسی بۆ كێشەی سوریا. رەخنەیەكی سەر توركیا كڕینی بەرگری ئاسمانی S400ی رووسییە كە هیچ وڵاتێكی ئەندامی ناتۆ ئەم كارەی ئەنقەرەی پێ باش نییە. چاودێرە سیاسییەكان دەڵێن لە هەموویان ناڕازیتر لە پەیمانی ناتۆ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانە  و پێشبینی دەكرێت كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ تەنیا یەك وڵات دڵخۆشبكات ئەویش رووسیایە.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure