چواره‌مین فێستیڤاڵی شانۆی قه‌زاکان له‌چه‌مچه‌ماڵ ئه‌نجام ده‌درێت

هەواڵ / که‌لتور :: 05/12/2019‌ :: 251‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف

وابڕیاره‌ له‌ڕۆژانی 18 تا 20ی ئه‌م مانگه‌ چواره‌مین فێستیڤاڵی شانۆی قه‌زاکان له‌چه‌مچه‌ماڵ ئه‌نجام بدرێت و بۆ ئه‌م خووله‌ش 6 به‌رهه‌می ناوخۆیی و دوو به‌رهه‌می ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌شداری تیادا ده‌که‌ن.


له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌ڤاڵ غالب سه‌رۆکی لیژنه‌ی راگه‌یاندنی فێستیڤاڵ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: "بۆ خوولی چواره‌می فێستیڤاڵی شانۆی قه‌زاکان له‌چه‌مچه‌ماڵ چه‌ند به‌رهه‌مێکی شانۆیی له‌ زۆرینه‌ی ناوچه‌کانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ده‌ست لیژنه‌ی بینین و هه‌ڵسه‌نگاندنی فێستیڤاڵ". 

راشیگه‌یاند: دوای بینین و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ شانۆییانه، له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌کی 5 که‌سی له‌هونه‌رمه‌ندان و شاره‌زایانی بواری شانۆ، بڕیاریاندا به‌رهه‌می 6 قه‌زا و ناحیه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ دوو به‌رهه‌می قه‌زاکانی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان له‌ وڵاتی ئێرانه‌وه‌ به‌شداری بکه‌ن.

له‌باره‌ی شوێنه‌کانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ سه‌رۆکی لیژنه‌ی راگه‌یاندنی فێستیڤاڵی شانۆی قه‌زاکان له‌چه‌مچه‌ماڵ وتی: "به‌رهه‌می هه‌ریه‌که‌ له‌ قه‌زا و ناحیه‌کانی (چه‌مچه‌ماڵ، کفری، ده‌ربه‌ندیخان، که‌لار، پیره‌مه‌گروون و خورماڵ) به‌شداری ده‌که‌ن، له‌گه‌ڵ دوو به‌رهه‌می قه‌زاکانی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان که‌ وه‌کو میوان له‌په‌راوێزی فێستیڤاڵدا نمایش ده‌کرێن".

فێستیڤاڵی شانۆی قه‌زاکان له‌چه‌مچه‌ماڵ، فێستیڤاڵێکی تایبه‌ت به‌شانۆی هۆڵ (سته‌یج)ه‌و ساڵانه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان / به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی / به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیری و هونه‌ری چه‌مچه‌ماڵ له‌قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ به‌هاوکاری لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و هونه‌رمه‌ندانی سنووره‌که‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌ساڵانی 2011-2012 و 2013 سێ خوولی به‌ڕێوه‌چووه‌ و وابڕیاره‌ ئه‌مساڵیش له‌ 18-20 /12/ 2019 خوولی چواره‌می به‌ڕێوه‌بچێت.

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure