بۆنى جه‌سته‌ له‌ ترسه‌وه‌ هه‌تا وروژاندنى سێكسى

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 4958‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

سه‌باره‌ت به‌ بۆنكردن و بۆنى تایبه‌تى سه‌رچاوه‌ جۆراوجۆره‌كان گه‌لێك په‌ند و ده‌سته‌واژه‌ و رسته‌ ده‌بیستین، كه‌ هه‌ندێكیان رۆژانه‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌. بۆ نموونه‌ كورد ده‌ڵێت بارودۆخه‌كه‌ بۆنى خوێنى لێ دێت، فڵانه‌ شت بۆنى فیساره‌ كه‌سى لێ دێت.


بۆنكردن هێنده‌ى هه‌سته‌كانى دیكه‌ى وه‌ك بینین و بیستن گرنگه‌ ئه‌گه‌رچى مافى خۆیشى پێنه‌دراوه‌. له‌ ره‌وتى گه‌شه‌كردنى مرۆڤدا بۆنى جه‌سته‌ رۆڵێكى دیاریكراوى هه‌بووه‌ بۆ یارمه‌تیدانى مرۆڤ كه‌ بمێنێت و نه‌شونما بكات. ئێستا زانست سه‌لماندویه‌تى كه‌ بۆنى هیچ كه‌سێك له‌ كه‌سێكى دیكه‌ ناچێت ته‌نانه‌ت منداڵه‌ دووانه‌كانیش بۆنى جیاوازى جه‌سته‌یان هه‌یه‌.

بۆن فێرمان ئه‌كات په‌یوه‌ندى خێزانى دروست بكه‌ین و هاوبه‌شه‌كه‌مان له‌لا سه‌رنجڕاكێش ده‌كات و مه‌ترسى و نه‌خۆشى و ده‌ستدرێژیمان لێ دوورده‌خاته‌وه‌. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو هه‌ندێك كه‌س ده‌توانێت هه‌ر به‌ بۆندا بزانێت كه‌سه‌كه‌ى به‌رامبه‌رى دڵخۆشه‌ یان نا. به‌ڵگه‌ زانستییه‌ هاوچه‌رخه‌كان ده‌ڵێن مرۆڤ ئێستا بۆنى كه‌متره‌ و ورده‌ ورده‌ تواناى بۆنكردنى چه‌ند بۆنێكى دیاریكراوى نامێنێت.

بۆنكردن له‌ قۆناغى كۆرپه‌ییدا واته‌ پێش له‌دایكبوونى مرۆڤ ده‌ست پێده‌كات چونكه‌ بۆنى زۆرێك له‌ مادده‌ كیمیاوییه‌كان به‌ وێڵاشدا تێده‌په‌ڕێت بۆ ناو جه‌سته‌ى كۆرپه‌كه‌ و بیرۆكه‌یه‌كى پێ ده‌به‌خشێت له‌سه‌ر ئه‌و خۆراكه‌ى كه‌ دایكه‌كه‌ى ده‌یخوات. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ واده‌كات كاتێك منداڵ له‌دایك ده‌بێت شیرى دایكى له‌لا سه‌رنجڕاكێش و خۆش ده‌بێت. هه‌ر تواناى بۆنكردنه‌ كه‌ منداڵى تازه‌بوو وا لێده‌كات بتوانێت دایكى خۆى له‌ناو ده‌یان ژنى دیكه‌دا بناسێته‌وه‌، رێك وه‌كو باڵنده‌ و ئاژه‌ڵه‌كانى دیكه‌.

ئێمه‌ به‌ هه‌ڵه‌ واتێگه‌یشتووین كه‌ بۆنى جه‌سته‌ بریتییه‌ له‌ بۆنى بنباخه‌ڵ بۆیه‌ بیرۆكه‌یه‌كى نه‌رێنیمان له‌سه‌ر  بۆنى جه‌سته‌ى مرۆڤ بۆ دروست بووه‌. پێشه‌كى پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانین كه‌ بۆنى بنباخه‌ڵ بۆنێكى خراپ و زیانبه‌خش نییه‌، به‌پێچه‌وانه‌ى بۆنى هه‌ناسه‌ و بۆنى پێ، كه‌ ره‌نگه‌ مادده‌ى خراپیان له‌گه‌ڵدا بێت. بۆنى بنباخه‌ڵ بریتییه‌ له‌ ده‌رهاویشته‌كانى رژێنه‌كانى بنباخه‌ڵ كه‌ له‌ سێ پێكهێنه‌رى سه‌ره‌كى دروست بووه‌: سیوڵ، ستیرۆیده‌كان و كۆمه‌ڵێك ترش. ئه‌م سیانه‌ هیچیان بۆنیان نییه‌، به‌ڵام به‌هۆى میكرۆبه‌كانى سه‌ر جه‌سته‌مانه‌وه‌ بۆنیان ناخۆش ده‌بێت. به‌گشتى پیاو زیاتر له‌ ئافره‌ت ئاره‌ق ده‌كاته‌وه‌ و بوارى زیاتر ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ تێركردنى به‌كتریاكان بۆیه‌ بۆنى پیاو ناخۆشتره‌.

دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ بۆنى ناخۆش كاردانه‌وه‌یه‌كه‌ مرۆڤ به‌ده‌ست خۆى نییه‌ و ره‌نگه‌ له‌ كۆندا ئه‌م بۆنه‌ ناخۆشه‌ ئه‌ركێكى هه‌بووبێت. ئێستا زانست سه‌لماندویه‌تى كه‌ مرۆڤ ده‌توانێت نزیكه‌ى ترلیۆنێك بۆنى جیاواز بناسێته‌وه‌. به‌مه‌ش ده‌گاته‌ هاوشانى مشك و سه‌گ له‌ بۆنكردندا. به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ هێشتا ئێمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌داین كه‌ بۆن كه‌مبایه‌ختره‌ به‌لاى مرۆڤه‌وه‌.

ته‌وقه‌ كردن، بێ ئه‌وه‌ى به‌خۆمان بزانین یه‌كێكه‌ له‌ رێگا گرنگه‌كان بۆ تاقیكردنه‌وه‌ى بۆنى ئه‌و كه‌سه‌ى ته‌وقه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌یت.

هێشتا به‌ وردى ئه‌وه‌ ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ بۆن فێرمۆناتى دیاریكراوى تێدا بێت كه‌ له‌ڕووى سێكسییه‌وه‌ كه‌سێك رابكێشێت به‌ره‌و كه‌سێكى دیكه‌. به‌ڵام چه‌ندین به‌ڵگه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ندێك بۆن بۆ هه‌ندێك جۆر له‌ كه‌سایه‌تى وروژێنه‌ره‌.

توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ ساڵى 2017 ئه‌نجام درا هیچ گومانێك له‌وه‌دا ناهێڵێته‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت بۆنى ترس و گرژى و دڵه‌ڕاوكێ بكرێت له‌ جه‌سته‌ى كه‌سانى دیكه‌دا. هه‌روه‌ها به‌ بۆنكردنى ئاره‌قى جه‌سته‌ى زۆرانبازه‌كانه‌وه‌ ده‌توانین بزانین كێ براوه‌ ده‌بێت. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا چه‌ندین تیۆریش هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ بۆنى جه‌سته‌ ده‌توانێت هه‌سته‌ ئه‌رێنییه‌كان ده‌رببڕێت.

له‌ڕووى پزیشكیشه‌وه‌ بۆن وه‌ك ئامرازێك بۆ دۆزینه‌وه‌ و ده‌ستنیشانكردنى نه‌خۆشییه‌كان به‌سووده‌. بۆنكردنى هه‌ناسه‌ و ئاره‌ق و میز و پیسایى كه‌سه‌كه‌ زۆرجار یارمه‌تیده‌رن بۆ ده‌ستنیشانكردنى نه‌خۆشییه‌كانى شه‌كره‌ و كۆلێرا و هه‌وكردنى سییه‌كان و هه‌ندێك جۆرى شێرپه‌نجه‌.

جیاوازى مرۆڤ له‌ شیرده‌ره‌كانى دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ ده‌زانێت په‌یوه‌ندى به‌هێز هه‌یه‌ له‌نێوان پاك و ته‌میزیى و نه‌خۆشیدا. بۆیه‌ رقى له‌ بۆنى خۆیه‌تى، كه‌ هه‌ستى كرد بۆنێكى ناخۆشى لێ دێت ده‌چێت خۆى ده‌شۆرێت و ئه‌مه‌ش فرسه‌تى ژیانى به‌هێزتر ده‌كات.

خاڵێكى گرنگ كه‌ مایه‌ى هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر كردنه‌ ئه‌وه‌یه‌ رێژه‌یه‌كى زۆرى دانیشتووانى خۆرهه‌ڵاتى ئاسیا رزگاریان بووه‌ له‌ بۆنى بنباخه‌ڵ. زاناكان ده‌ڵێن خه‌ڵكى ئه‌و ناوچانه‌ زۆر ده‌مێكه‌ فێرى خۆشۆردن بون و ئه‌مه‌ واى كردووه‌ گۆڕانێكى بۆماوه‌یى له‌ یه‌كێك له‌ جینه‌كاندا رووبدات. 

هه‌ندێك جار بۆنى ناخۆش نابێته‌ هۆى دوركه‌وتنه‌وه‌مان له‌ كه‌سه‌كه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ خۆشه‌ویست و گرنگ بێت به‌لامانه‌وه‌. له‌هه‌مان كاتیشدا هه‌ڵوێستێكى ئه‌رێنى ده‌نوێنین به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ له‌ روانگه‌ى سێكسییه‌وه‌ به‌دڵمانه‌.

بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure