لێدوانى وه‌زیرى دارایى له‌سه‌ر كێشه‌ى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست

هەواڵ / کوردستان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 5445‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

وه‌زیرى دارایى و ئابوورى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: جگه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ى ئامار له‌باره‌ى فه‌رمانبه‌رانى گرێبست، هیچ مه‌رجێكیان بۆ به‌ هه‌میشه‌ییكردنى فه‌رمانبه‌ران دانه‌ناوه‌و ده‌شڵێت "هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هاوشێوه‌ى مامۆستایان، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیار له‌باره‌ى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست بدات".

له‌ 13ى تشرینى دووه‌مى 2019، په‌رله‌مانى كوردستان مۆڵه‌تى دوو هه‌فته‌ى به‌ حكومه‌تى هه‌رێمدا بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست بكاته‌ هه‌میشه‌یى، به‌ڵام دواى ته‌واوبوونى ماوه‌كه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ وه‌ڵامى په‌رله‌ماندا رایگه‌یاند: سه‌رقاڵى كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى له‌باره‌ى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست و هه‌ركاتێك زانیارییه‌كان ته‌واو بوون، په‌رله‌مان ئاگادارده‌كاته‌وه‌.

له‌باره‌ى بڕیارى وه‌زاره‌تى دارایى بۆ به‌ هه‌میشه‌ییكردنى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست دیدار ساڵح، یه‌كێك له‌ نوێنه‌رانى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌باره‌ى به‌ هه‌میشه‌ییكردنى فه‌رمانبه‌ران له‌گه‌ڵ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی قسەیان کردووه‌و وه‌زیرى دارایى قسه‌ى سه‌رجه‌م په‌رلەمانتارانی رەتکردەوە کە لەخۆوەیانه‌وه‌ مەرج و زانیاریان بڵاودەکردەوە دەربارەی ساڵانی خزمەت و تەمەن، بۆیه‌ تائێستا هیچ بڕیارو رێنماییەک بۆ به‌ هه‌میشه‌ییكردنیان ده‌رنه‌كراوه‌، به‌ڵكو ئەوەی ئێستا هەیە تەنیا كۆكردنه‌وه‌ى ئاماره‌".

وتیشى "وه‌زیرى دارایى پێڕاگه‌یاندوون، دوای تەواوکردنی ئاماره‌كان وەزارەتی دارایی راپۆرتی خۆی دەدات بە ئەنجومەنی وەزیران بۆی بزانرێت دەتوانرێت چ بکرێت؟".

وه‌زیرى دارایى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: كه‌ تەواوی هه‌وڵى خۆیان بەکاردێنن بۆئه‌وه‌ى وەک مامۆستایان زۆرترین فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست سوودمه‌ند بن و بكرێنه‌ هه‌میشه‌یى.

پێداچوونەوەوە بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure