کۆربه‌ندی هاوبەشی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق بەڕێوەچوو

هەواڵ / ئابوری :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 163‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

بەمەبەستی بەھێزکردنی کاری بازرگانی و پیشەسازی لەنێوان ھەرێم و ئێران کۆڕبەندی ھاوبەشی بازرگانی ئێرانی و عێراقی لە کۆماری ئیسلامی ئێران لەتاران بەڕێوەچوو.

یاسین ره‌حیم، جێگری سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: لە کۆڕبەندەکەدا دۆخی ئێستای بازرگانی و په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کان له‌ نێوان سلێمانی و ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و کێشه‌ و گرفته‌کانی ده‌روازه‌ سنورییه‌کانی به‌وردی باسی لێوەکرا.

ڕاشیگەیاند: داوامانکرد کە‌ كۆمسیۆنێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان بازرگانانی كوردستان و ئێراندا بكرێته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت، بتوانێت دادوه‌ری بكه‌ن، بۆ نموونه‌ كۆمپانیایه‌كی ئێرانی كاڵای كوالێتی نزم ده‌نێرێت، بتوانرێت لێپرسینەوەیان له‌گه‌ڵدا بكرێت تاكو خه‌ڵك و بازرگانی ئێمه‌ تووشی زه‌ره‌ر نه‌بن، له‌ هه‌مانكاتیشدا ئه‌گه‌ر بازرگانێكی ئێمه‌ش سه‌رپێچیه‌كی كرد ئه‌و كۆمسیۆنه‌ بتوانێت لێپرسینەوەی له‌گه‌ڵدا بكات، داواشی له‌ بازرگانان و خاوه‌نکارانی ئێرانی کرد کارگه‌کانیان بهێننه‌ هه‌رێمی کوردستان و شاری پیشه‌سازی هاوبه‌ش بکرێته‌وه.

ھەر لە کۆڕبەندەکەدا ئه‌‌حمه‌د که‌لاری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی نوێنەری بازرگانانی گەرمیان بە دواڕۆژی راگەیاند: به‌ به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانم راگه‌یاند داخستنی ده‌روازه‌ سنورییه‌کانی نێوانمان له‌ ماوه‌ی رابوردوودا هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ بوو، بازرگانانی ئێمه‌ی نیگه‌ران کردووه‌، پێوسته‌ له‌وه‌ تێبگه‌ن سیاسه‌ت و بازرگانی دوو شتی جیاوازن و ناکرێت په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کان تێکه‌ڵی  سیاسه‌ت بکرێن.

ئەنجامدانی ئەم جۆرە کۆڕبەندانە بۆ باشکردن و بەھێزکردنی کاری بازرگانیە لە نێوان ھەرێم و ئێراندا.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure