كاتى ناردنى بودجه‌ى هه‌رێم و به‌غدا بۆ په‌رله‌مان ئاشكرابوو

هەواڵ / کوردستان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 6068‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: پێنجشه‌ممه‌ 5ى تشرینى دووه‌مى 2019، حكومه‌تى عێراق ره‌شنووسى بودجه‌ى 2020 بۆ په‌رله‌مان ده‌نێرێت، دواى په‌سه‌ندكردنى پشكى هه‌رێم، وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێمیش له‌و مانگه‌دا ره‌شنووسى بودجه‌ بۆ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌نێرێت.

به‌پێى بڕیارى په‌رله‌مانى عێراق له‌ سه‌ره‌تاى تشرینى یه‌كه‌مى هه‌موو ساڵێك، ده‌بێت حكومه‌ت ره‌شنووسى بودجه‌ بۆ په‌رله‌مان بنێرێت، به‌ڵام به‌هۆى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ ناردنى بودجه‌كه‌ دواكه‌وتووه‌.

مه‌یاده‌ محه‌مه‌د، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: هه‌رچه‌نده‌ ناردنى بودجه‌ دواكه‌وتووه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ دواى یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌كه‌، بڕیاره‌ پێنجشه‌ممه‌ى ئه‌و هه‌فته‌یه‌ ره‌شنووسى بودجه‌ بگاته‌ په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ندكردنى.

وتیشى "وه‌كو نوێنه‌رانى كورد، داكۆكى له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنى بودجه‌كه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ پشكى كورد له‌ بودجه‌كه‌ یه‌كلایى كراوه‌ته‌وه‌".

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، دواى په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى عێراق كه‌ تیایدا پشكى كورد له‌ ساڵى 2020 یه‌كلایى كراوه‌ته‌وه‌، وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێم ره‌شنووسى بودجه‌ بۆ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌نێرێت.

 سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێم، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دواى په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى عێراق و دیاریكردنى پشكى هه‌رێم، ره‌شنووسى بودجه‌ى 2020ى هه‌رێم بۆ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌نێردرێت بۆ په‌سه‌ندكردنى.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، وتیشى "پێشتر بڕیاربوو وه‌زاره‌تى دارایى بودجه‌كه‌ بۆ په‌رله‌مان بنێرێت، به‌ڵام به‌هۆى یه‌كلایینه‌كردنه‌وه‌ى پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى عێراق، ناردنى ره‌شنووسى بودجه‌ى هه‌رێم بۆ په‌رله‌مانی کوردستان دواخرا".

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure