بەشی زمانی وڵاتێك لە زانكۆی سەلاحەدین كرایەوە

هەواڵ / کوردستان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 256‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز


بۆیەكەمجار لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەشی زمانی (چینی) لە زانكۆی سەلاحەدین كرایەوە.

لە راگەیەندراوێكدا، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی (ئەمڕۆ سێشەممە3ی كانونی یەكەمی 2019) بڵاویكردووەتەوە"بۆیەكەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، لەلایەن ئارام قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەشی زمانی چینی لە زانكۆی سەلاحەدین كرایەوە".
ئارام قادر وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند"كۆماری چین یەكێكە لە وڵاتە ئابووری و بەهێز و كاریگەرەكانی جیهان، دەوڵەتێكی بەهێزی پیشەسازییە و زۆر بەخێرایی گەشەدەكات، بۆیە پێویستە پەیوەندییەكانمان لەڕووی خوێندن و ئابووری لەگەڵ وڵاتی چین-دا بەهێز بكەین".
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی وتی:"كەرتی خوێندن لەو وڵاتەدا زۆر فراوانە و زانكۆكانی لەریزبەندی باشترین وڵاتە پێشكەوتووەكانە، بەپێی نوێترین راپۆرتی (world bank) خەرجیی توێژینەوە و پەرەپێدان لە كۆماری میلـلی چین، لە ساڵی 2019 دا دەگاتە 500 بلیۆن دۆلار كە دەكاتە رێژەی 22%ی خەرجی و توێژینەوە و پەرەپێدانی هەموو جیهان".
وتیشی:"زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ئامادەن پێشوازیی لە وەرگرتنی هەر قوتابی و خوێندارێكی وڵاتی چین بكات بەمەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوە و خوێندنی بەكالۆریۆس و خوێندنی باڵا، دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەئاستی زانست و خوێندندا بەرەوپێشەوە ببەین".

پ: ل. م 

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure