دەستەی دەسپاكی: مەترسی گەندەڵی لەمەترسی تیرۆر كەمتر نییە

هەواڵ / کوردستان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 215‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەرۆكی دەستەی دەسپاكی رایدەگەیەنێت: "قەبارەی گەندەڵی لە كوردستان وەك عێراق نییە، بەڵام مەترسی گەندەڵیش لەكوردستان لەمەترسی تیرۆر كەمتر نییە".

ئەمڕۆ (3ی كانوونی یەكەمی 2019) لەكۆلێجی یاسای زانكۆی سلێمانی لەچوارچێوەی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەكوردستان، سیمینارێك رێكخرا، حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی لەكوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەم سیمینارە بەشێكە لەهەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی دژی گەندەڵی، مەبەستیشیان هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیانە لەدژایەتیكردنی گەندەڵی، ساڵانی پێشوو بەهۆی نەبوونی داراییەوە نەیانتوانیوە ئەم سیمینارانە بكەن، بەڵام ئەمساڵ دەستیان پێكردووە.

سەبارەت بەوەی ئایا گەندەڵی لەكوردستان بۆتە سیستم؟، ناوبراو روونیكردەوە: "عێراق یەكێك لەگەندەڵترین وڵاتانی جیهان، رەنگە هەرێم وەك عێراق نەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە كوردستانیش گەندەڵی مەترسییەكی گەورەیە و پەتایەكی ترسناكە و مەترسی گەندەڵیش لەمەترسی تیرۆر كەمتر نییە، بەڵام وەك قەبارەی عێراق نییە، لەبەرئەوەی لەعێراق پارەكە زۆرترە و دانیشتوانیش زیاترە".

هەروەها د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەوتاری دەستپێكدا رایگەیاند: ئەم سیمینارانە تەنها وەك رۆژی وەبیر هێنانەوەی گەندەڵییە، ئەگینا دەبێت بەردەوام سەرچاوەكانی گەندەڵی بنەبڕ بكرێت، لەسەر ئاستی دامەزراوەكان، پێیانوایە كوردستان كێشەی سەرمایەی دارایی و مرۆیی نییە، بەڵكو كێشەی خراپ ئیدارەدانی دارایی هەیە كە ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی گەندەڵییەوە، بۆیە دەبێت دەسەڵاتداری بۆ دەوڵەتداری بگۆڕدرێت و سەروەری یاسا دروست بكرێت، بەڵام بەیاسای دادپەروەرانە.

پارێزگاری سلێمانی وتی :"دام و دەزگاكانی پارێزگای سلێمانی كراوەن بۆ هەموو لێپێچینەوە و چاودێریكردنێك و پشتیوانیكردن، ئومێد دەكەین هەموو لایەك هاوكاری دەسپاكی بن".

ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure