دواڕۆژ، زریان محەمەد
له یه‌كێك له كۆگاكانی خۆراك له گه‌ڕه‌كی راپه‌ڕین-ی سلێمانی، ده‌ستگیرا به‌سه‌ر دوو جۆر برنج-دا كه به‌خراپی هه‌ڵگیرابوو و ته‌واوی برنجه‌كه له‌ناوده‌برێت.
گۆران قادر سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلیمانی، بەدواڕۆژی وت:"به‌پێی راپۆرتێكی لیژنه‌ی كۆگاكانی سه‌ر به لیژنه هاوبه‌شه‌كانمان، له یه‌كێك له كۆگاكاندا ده‌ستگیراوه به‌سه‌ر بڕی (31) تەن برنجی جۆری (دۆلفین سی) و (دیار)دا كه تێبینی كراوه (ئەسپێ)ی تێدایه. دوای بڕیاری ئه‌نجامدانی پشكنین بۆ ئه‌و برنجه و پشكنینی فیزیایی بۆی، ده‌ركه‌وت شیاوی خواردن نییه، له‌سه‌ر داوای خاوه‌نه‌كه‌یشی دووباره پشكنینی بۆ كرایه‌وه، به‌ڵام به‌پێی ئه‌نجامی پشكنینه‌كانی چاودێریی ته‌ندروستی ده‌ركه‌وتووه برنجی (دیار25كگم) به‌رواری به‌رهه‌مهێنان مانگی(5/2019بۆ 5/2021) و برنجی (دۆلفین سی 25كگم) به‌رواری ده‌رچوونی مانگی (3/2019 بۆ 3/2021) به‌هۆی بوونی (ئەسپێ) تیایاندا، شیاوی خواردن نین و بۆ به‌كارهێنان ئاسایی نین".
گۆران قادر وتیشی: "دوای ئه‌نجامی پشكنینه‌كان و بڕیاری كۆتایی، ته‌واوی برنجه خراپبووه‌كه، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌ت به له‌ناوبردنه‌وه، له‌ناوده‌برێت".
پ: ل. م
ب: ک. س