كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو له‌سه‌ر پرسی سیاسه‌ت و بانگه‌واز ناكۆكن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 419‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نووسینگه‌ی هه‌ولێر

بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌ریه‌ك له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی كۆنگره‌ی ئاسایی خۆیان ببه‌ستن و پرسی جیاكردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و بانگه‌واز ئاراسته‌كانی ناو ئه‌و حیزبانه‌ی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شكردووه‌.

 
تائێستا ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی، بڕیاری له‌سه‌ر واده‌ی ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می ئاسایی خۆی نه‌داوه‌ و بڕیاریشه‌ به‌ر له‌كۆتایی ئه‌مساڵ كۆنگره‌ ببه‌سترێت.
مانگی رابوردوو، یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆنفراسه‌ ناوخۆییه‌كانی خۆی له‌باره‌ی دیاریكردنی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ ته‌واوكرد و900 كەس وه‌ك ئه‌ندامی كۆنگره‌ی هه‌شته‌م هه‌ڵبژێردران.
به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ"تائێستادا ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه،‌ پرسی جیاكردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت-ی له‌ بانگه‌واز یه‌كلانه‌كردووەته‌وه‌ كه‌ ئاخۆ له‌ كۆنگره‌دا بیخاته‌ به‌رده‌م ئه‌ندامانی كۆنگره‌یه‌، یان نا".
دواڕۆژ زانیویه‌تی"له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی پرسی بانگه‌واز و سیاسه‌ت، ئه‌مینداری گشتیی حیزبەكە ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ئه‌و دوو پرسه‌ لێكجیابكرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك حیزبدا به‌شێوه‌یه‌ك به‌رپرسی سیاسه‌ت و به‌رپرسی بانگه‌واز ببنه‌ یاریده‌ده‌ری ئه‌مینداری گشتی، به‌ڵام به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كان، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌بوبه‌كر كاروانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ئه‌و حیزبه‌ ئێستا هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و ببێته‌ حیزبێكی بانگخوازی و سه‌رله‌نوێ حیزبێكی سیاسیی نوێ دروستبكرێت".
هه‌رچی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان-یشه‌، دوای ته‌وابوونی كۆبوونه‌وه‌ گشتییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ بڕیاره‌ له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا كۆنفراسه‌ ناوخۆییه‌كان بۆ كۆنگره‌ی پێنجه‌م ئه‌نجامبدات و له‌سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوویشدا كۆنگره‌ی ئاسایی خۆیان ببه‌ستن.
به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ"ناكۆییه‌ ناوخۆییه‌كان و پاشگری ئیسلامیی و ناوی ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی و پرسی جیاكردنه‌وه‌ی بانگه‌واز و سیاسه‌ت، له‌ دیارترین ئه‌و كێشانه‌ن كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م كۆنگره‌ی ئه‌و حیزبه‌".
دواڕۆژ زانیویه‌تی"ئه‌میری ئێستای كۆمه‌ڵی ئیسلامی، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیریی لادانی پاشگری ناوی ئیسلامی و گۆڕینی وشه‌ی "ئه‌میر" به‌ "سكرتێر" یان "سه‌رۆك" ده‌كات و ده‌یه‌وێ له‌و كۆنگره‌یه‌دا پرسی بانگه‌واز و سیاسه‌تیش به‌ فۆڕمێكی نوێی له‌ یه‌كتر جیابكرێنه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا باڵی سه‌لفییه‌كانی ئه‌و حیزبه‌ ئه‌و داواكاریانه‌ی ره‌تده‌كه‌نه‌وه"‌.
كارزان حه‌سه‌ن شاره‌زای كاروباری ئیسلامییه‌كان له‌وباره‌یه‌وه‌ پێیوایە:"كۆنگره‌ی ئه‌مجاره‌ی ئیسلامییه‌كان پێویسته‌ له‌وه‌ی پێش خۆی جیاواز بێت، چونكه‌ كۆمه‌ڵێك ته‌حه‌دیاتی سیاسی و حوكمڕانیی هاتوونه‌ته‌ئاراوه‌، پرسه‌كانی ده‌عوه‌ و سیاسه‌ت، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیان، پێگه‌یان وه‌ك هێزێكی ئۆپۆزیسیۆن، ئه‌مانه‌ ئه‌و ستراتیجییەتانه‌ن كە ئیسلامییه‌كان ده‌بێت له‌م كۆنگرانه‌دا هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر بكه‌ن و به‌رنامه‌ی بۆ دابنێن".
كارزان حه‌سه‌ن دەڵێت:"ده‌نگێكی زۆر له‌ ناو ئیسلامییه‌كاندا پشتگریی ئه‌و بۆچوونانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ باس له‌ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌عوه‌ و سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له‌ چوارچێوی میكانیزم و رێوشوێنی گونجاودا. ئه‌گه‌ر ئه‌و حیزبانه‌ زیاتر گۆڕانکاریی جه‌وهه‌ری نه‌که‌ن ده‌پووکێنه‌وه‌ و توانای گه‌شه‌کردن له‌ ده‌ستده‌دەن، چونكه‌  هیچ پڕۆژه‌یه‌کی جدی نییه‌ بۆ ده‌ستپێکردنی قۆناغێکی نوێ، له‌سه‌ر ئاستی به‌خۆداچوونه‌وەیش‌ ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ئه‌نجامی بده‌ن، تا ئێستا نه‌یانکردووه‌".

دواڕۆژ له‌سه‌ر پرسی كۆنگره‌ی داهاتووی ئه‌و دوو حیزبه‌، په‌یوه‌ندیی كرد به‌ به‌رپرسانی هەردوو حیزبەكەوە‌، به‌ڵام به‌ بیانووی (پرسی ناوخۆیی) ئاماده‌نه‌بوون له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ن.
یه‌كگرتوو له ‌ساڵی١٩٩٤ەوە حه‌وت كۆنگره‌ی به‌ستووه‌ و یه‌ك جار ئه‌مینداری ئاڵوگۆڕكرد، دواتر سه‌لاحه‌دین به‌هادین گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر كورسیی یه‌كه‌می حیزبه‌كه‌. كۆمه‌ڵ-یش ساڵی2001 له‌ بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوون جیابووه‌ و تائێستا چوار كۆنگره‌ی بەستووە.

پ: ل. م 
ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure