باسی ئەمڕۆ... ئاوڕدانەوە لە دواوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 309‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

 

زوربەی كەلتوورەكان پشتگیریی لەو گوتەیە دەكەن كە دەڵێت پێویستە هەمیشە مرۆڤ لەپێشەوە بڕوانێت نەك لە دواوە. ئاوڕدانەوە لەدواوە شتێك لە پەشیمانی تێدایە. دەتوانرێت بیرۆكەكە بەم شێوەیەش گوزارشت بكرێت: (ئەو شتانەی كە ناتوانین بۆیان بگەڕێینەوە پێویست ناكات خەفەتیان بۆ بخۆین و پەشیمانی دەرببڕین. ئەوی ڕۆی ڕۆی). 

 
بە رواڵەت ئەمە فەلسەفەیەكی سەرنجڕاكێشە و زوربەی هەرە زۆرمان بەدڵمانە. خاوەنی ئەم وتەیە خاتوو (مابێس)ە (كورتترین شانۆگەری شكسپیر). ئەو خاتوونە وای بە مێردەكەی وت، بۆ ئەوەی چیتر لۆمەی خۆی نەكات لەسەر ئەوەی كە خەڵكی كوشتووە.
بەڵام لەڕاستیدا مرۆڤ ئەگەر نەتوانێت پەشیمانی تاقی بكاتەوە و هەستی پێ‌بكات مانای وایە كەموكوڕییەك لە دەروونیدا هەیە. توێژینەوە پزیشكییەكان دەریانخست ئەو كەسانەی ناتەواوییەك لە توێكڵی بەشی پێشەوەی مێشكیاندا هەیە هەست بە پەشیمانی ناكەن بەرامبەر خراپترین و بێبایەخترین بڕیار. كەواتە تۆ ئەگەر بتەوێت ئیتر لە ژیانتدا لە هیچ پەشیمان نەبیتەوە و هەستی پێنەكەیت پێویستە بە نەشتەرگەری ئەو توێكڵەی بەشی پێشەوەی مێشكت ببڕیت. بەپێچەوانەشەوە ئەگەر دەتەوێت بەڕاستی مرۆڤێكی چالاك و رەوشت بەرز و هەڵكەوتوو بیت پێویستە فێر ببیت چۆن لەگەڵ پەشیمانیدا بژیت نەك بەبێ‌ پەشیمانی، پێویستە هەستكردن بە پەشیمانی و لێكەوتەكانی ئەو هەستە بكەیتە ئامرازێك لە ئامرازەكانی ژیان.
پێشەكی با بزانین پەشیمانی چ واتایەكی هەیە؟ پەشیمانی ئەو هەستەیە كە تیاماندا دروست دەبێت كاتێك پێمان وادەبێت دەمانتوانی لەباتی ئەم بارودۆخەی ئێستامان لە بارودۆخێكی باشتر و كامەرانتردا بوینایە ئەگەر لە رابوردودا شتێكی جیاوازترمان ئەنجام بدایە. واتە پەشیمانی پێویستی بە دوو مەسەلەیە، یەكەمیان هزرێكی رێكخەر یان هێزێك – پێویستە لەسەرەتادا بڕیارێك بدەین. 
مەسەلەی دووهەم خەیاڵە. پێویستە ئەوە بهێنینە بەرچاوی خۆمان كە گەڕاوینەتە دواوە بۆ ئەوەی بڕیارێكی جیاوازتر بدەین لە بڕیارەكەی یەكەم. پاشان پێویستە بتوانین ئەم خەیاڵە بخەینە گەڕ و بەرەو پێشەوەی ببەین و بارودۆخی ئێستامان بهێنینە بەرچاو كە بە چ جۆرێك دەبێت پاش ئەو بڕیارەی كە گریمانەمان كردووە.
مرۆڤ هەتا زیاتر بەتواناتر بێت لەو دوو مەسەلەیەدا توانای زیاتر دەبێت بۆ گۆڕین و خەیاڵكردنەوە لەگەڵ رێزگرتندا لەو پەشیمانییەی كە بەرۆكی گرتووە. هەستكردن بە پەشیمانی كاتێك سروشتی دەبێت كە خۆمان بە بەرپرسیاری ئەو بڕیارانە بدەین كە ئەنجامەكانیان خراپ بوون، بەڵام لەكاتی خۆیدا بە بڕیاری راست و دروستمان داوە.
شەش بابەتی سەرەكی هەن كە مرۆڤ هەست بە پەشیمانی دەكات لەبارەیانەوە: لە پلەی یەكەمدا خوێندن. زوربەمان خۆزگە بەوە دەخوازین زیاترمان بخوێندایە و زیاتر و باشتر سوودمان لە خوێندن و پەروەردە وەربگرتایە. خوازیارین لە بوارێكی تردا پسپۆڕیمان وەربگرتایە. بابەتەكانی دیكەی پەشیمانی بوارەكانی كار و پیشە و پەیوەندییە سۆزدارییەكان و دایك و باوكایەتی دەگرێتەوە، هەروەها چەند مەسەلەیەكی دیكەی پەیوەست بە خۆمان و بارودۆخەكانمانەوە و ئەوەی كە چۆن كاتی دەستبەتاڵیمان بەسەردەبەین و ئارەزووەكانمان و ..تاد، كە زوربەمان خۆمان بە شكستخواردوو دەزانین لە چۆنێتی بەسەربردنی كاتی دەستبەتاڵیدا.
بابەتەكانی دیكەی پەشیمانی بریتین لە بارودۆخی دارایی، ئەو كێشە خێزانیانەی كە پەیوەست نین بە باری سۆزدارییەوە، تەندروستی، هاوڕێكان، مەسەلە ئاینییەكان، كۆمەڵگا.
توێژینەوەكان دەریانخستووە پەشیمانی لە بڕیارە ئابوورییەكانمان تەنیا 3%ی تێكڕای پەشیمانییەكانمان پێكدەهێنێت. زوربەی بڕیارە ئابوورییەكانمان چەند ساڵێك دواتر لەبیر دەچنەوە. پەشیمانی هەستێكی بەئازارە و بەدیاریكراوی لە چوار قۆناغدا ترسناكە.
قۆناغی یەكەمیان نكوڵی لێكردنە. كە تۆ پەشیمانی لە هەڵوێست و بڕیارێك دەردەبڕیت، یەكەم هەنگاو ئەوەیە هەموو هەوڵێك دەدەیت كێشەكە دیار نەمێنێت. پەنا بۆ كەسوكار و هاوڕێكانت دەبەیت. 
قۆناغی دووهەم، هەستكردنە بە واق وڕمان و سەرلێشێواوی. گلەیی لە خۆت دەكەیت من چۆن شتی وام كردووە؟! هەست دەكەیت نامۆیت بە بەشێك لە كەسایەتی خۆت كە ئەو بڕیارەی داوە. بەشێك كە تۆ نایناسیتەوە و ناتوانیت لێی تێبگەیت و بە دڵنیاییەوە خۆشیشت ناوێت بۆیە حەز دەكەیت سزای خۆت بدەیت. ئەم ئارەزووی سزادانە قۆناغی سێهەمە.
قۆناغی چوارەم، ئەوەیە كە دەروونناسەكان پێی دەڵێن بەردەوام بوون. واتە تەنیا فكر و خەیاڵت هەمیشە لەسەر ئەو شتە بێت.
بەڵام قۆناغێكی دیكەش هەیە ئەویش دروستبوونی ئەو هەستەیە كە بە هیچ شێوەیەك پارێزراو نیت. هەڵسوكەوتی بێ‌ ئەقڵانە خەوشەكانت بۆ جیهان ئاشكرا دەكات و لاوازییەكانت دەردەخات. بۆ خەڵكە بێ‌ رەحمە كەمتەرخەمەكەی دەوروبەرت.
لەڕاستیدا ئەمە ئەزموونێكی بەئازار و قابیلی باوەڕپێكردن نییە. لەناو كۆمپیوتەردا دوو دوگمەی تایبەت هەیە ئەگەر لەیەك كاتدا دەستیان پێدا بنێیت ئەو كارەت هەڵدەوەشێنێتەوە كە ئەنجامت داوە. لە ژیانی رۆژانەشماندا پێمان وایە دەتوانین كێشەكان بە پارە و بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا چارەسەر بكەین. بەڵام لەڕاستیدا، كۆمەڵێك بەسەرهات و رووداو هەن كە پێویستە بیانگۆڕین و ناتوانین. ژیان ئەو كۆمپیوتەرە نییە كە دوگمەی تایبەتی تێدا بێت بۆ گەڕاندنەوەی رووداوەكان.
مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ هەستی پەشیمانیدا بژی، لە هەنگاوی یەكەمدا پێویستە بزانێت كە هەستكردن بە پەشیمانی مەسەلەیەكی سروشتییە و هەموو كەس وایە.
خاڵی دووهەم، بۆ قبوڵكردن و راهاتن لەگەڵ پەشیمانیدا ئەوەیە كە گاڵتە بە خۆمان بكەین. هەموو ئەو كەسانەی كە بە پەشیمانیدا رۆیشتوون دەزانن ئازار و خەمێكی راستەقینەیە، بۆیە گاڵتەجاڕی و تەنانەت كۆمیدیای رەشیش رۆڵێكی بنەڕەتی دەگێڕێت لە تێپەڕاندنی قەیرانەكەدا. دەمانگێڕێتەوە بۆ بارودۆخی پێش رووداوەكە.
خاڵی سێهەم، كە یارمەتیدەرە بۆ راهاتن لەگەڵ پەشیمانیدا تێپەڕبوونی كاتە. زەمەن دەرمانی هەموو دەردێكە. مەسەلەیەكی دیكە كە پێویستە بیرمان نەچێت ئەوەیە كە هەندێك بابەت كە لێیان پەشیمانین بەو رادەیە خراپ و ناشیرین نین كە تێی گەیشتووین.
پوختەی باسەكەمان با ئەم رستەیەی خوارەوە بێت:
نابێت هەوڵ بدەین بەشێوەیەك بژین كە لە هیچ شتێك پەشیمان نەبینەوە. رقمان لە خۆمان نەبێتەوە كە فڵانە بژاردە و فیسارە بڕیارمان هەبووە. پێویستە بڕوامان بەوە هەبێت كە هیچ مرۆڤێك كامڵ نییە. پێویستە ناتەواوی و كەموكورتییەكانی خۆمانمان خۆش بووێت، ئەو كارە نانموونەییانەی كە كردومانن. پێویستە لە خۆمان ببورین كە هەڵەمان كردووە و وەكو پێویست سەركەوتوو نەبوین تیایدا. پەشیمانی پێویستە هاندەرێك بێت بۆ ئەوەی لەمەولا كارەكان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەین.

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure