دواڕۆژ ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا ئاشكراده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 18239‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
شاندی هه‌رێمی كوردستان دوای دوو ڕۆژ له‌ ئه‌نجامدانی گفتووگۆی چڕ له‌باره‌ی پرسی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراق، دوێنێ شه‌و به‌شێك له‌ شانده‌كه‌ی هه‌رێم گه‌ڕانه‌وه‌ و له‌سه‌ر پشكی هه‌رێمیش له‌ بودجه‌ی ساڵی داهاتووی عێراق گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن.


به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ دوای ته‌واوكردنی كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا دوێنێ دووشه‌ممه‌، 2ی كانونی یه‌كه‌م، شاندی هه‌رێم ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی عێراق كۆبوونه‌ته‌وه‌ و به‌شێك له‌ ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌یان بۆ ئه‌وان باسكردووه‌.

به‌پێی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ كه‌ دواڕۆژ له‌ ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، هه‌ردوولا رێككه‌وتن كه‌ هه‌رێم بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانە راده‌ستی به‌غدا بكات له‌به‌رامبه‌ردا هه‌رێم له‌ كۆی بودجه‌ی خه‌ملێنراوی عێراق كه‌ 162 تریلیۆن دیناره‌، بڕی 10 تریلۆن ‌و نیو دینار پشكی ده‌بێت و ئه‌و 200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌شی ده‌مێنێته‌وه‌ شایسته‌ داراییه‌كانی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی پێده‌درێت.

هه‌ربه‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رجه‌م ناوه‌ڕۆكی گرێبه‌سته‌كانی ده‌خاته‌ به‌رده‌م حكومه‌تی به‌غدا ئه‌وانیش له‌ رێگه‌ی كۆمپانیایه‌كى سه‌ربه‌خۆ وردبینی بۆ تێچووی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كه‌ن.

به‌پێی وته‌ی شاندی هه‌رێم بۆ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان، هه‌ردوولا رێككه‌وتوون له‌سه‌ر پێدانی پاره‌ی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌ بڕی 510 ملیار دینارە له‌ حاڵه‌تی راده‌ستنه‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم.

هه‌ر به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ پشكی پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پاره‌ی قه‌ره‌بووی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دیاریكراوه‌ نه‌ك وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ 15 بڕگه‌ له‌ بودجه‌ی سیادی عێراق لادراوه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستانه‌ و پشكی هه‌رێم زیاد ده‌كات.

دواڕۆژ زانیویه‌تی تاوه‌كو ئێستا رێككه‌وتن له‌سه‌ر داهاته‌ ناوخۆییه‌كان و فیدراڵییه‌كان نه‌كراوه‌ وابڕیاره‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی داهاتوو شاندی هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تی بریكاری وه‌زیری دارایی و چه‌ند راوێژكار و به‌ڕێوبه‌رێكی گشتیی له‌ به‌غدا بمێننه‌وه‌، تاوه‌كو رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر ته‌واوی بڕگه‌كان ده‌كرێت، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بڕگه‌و مادانه‌ی ماون به‌غدا و هه‌رێم له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكن، چونكه‌ به‌پێی یاسا له‌ سه‌دا 50ی سه‌رجه‌م داهاته‌ ناوخۆی و گومرگییه‌كان بۆ خودی پارێزگاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ سه‌دا 50 بۆ حكومه‌تی فیدڕاڵی.

به‌پێی وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتیی عێراق له‌ سه‌دا 12.67 ده‌بێت.

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند : كۆبوونه‌وه‌ی دوو ڕۆژی رابوردووی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا به‌رهه‌مداربووه‌ و شاندی هه‌رێمی كوردستان كاری باشیان كردووه‌ و زۆر بڕگه‌ی باشیان له‌ ره‌شنوسی بودجه‌ی 2020 جێگیركردووه‌، به‌ڵام بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر ژماره‌كان لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ ده‌درێت.

وتیشی " هه‌تاوه‌كو ئێستا هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئاستی لیژنه‌ و هه‌ردوو حكومه‌ت رێككه‌وتوون، به‌ڵام ژماره‌كان به‌شێوه‌ی ته‌خمین دانراوه‌، شه‌ڕه‌ قوڕسه‌كه‌ له‌سه‌ر ته‌واوی بودجه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌بێت، به‌شێكیان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردادێت."

ئاشكراشیكرد: ئه‌گه‌ری زۆر لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی ره‌شنوسی بودجه‌ی 2020 راپۆرتی خۆیان بخه‌نه‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و تاوه‌كو له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت، چونكه‌ به‌پێی قبوڵكردنی نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و ماده‌ی ده‌ستووری حكومه‌ت له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا ده‌بێته‌ كار به‌ڕێكه‌ر، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌ن ده‌توانێت به‌ر له‌وه‌ی ببێته‌ حكومه‌تی كار به‌ڕێكه‌ر ئه‌و كاره‌ بكات.

پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure