خۆشەویستی بۆچی هەیە؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 493‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

 

خۆشەویستی رۆمانسی شتێكی جوانە و مرۆڤ مەست دەكات. مایەی خەفەت و تێكشكێنەری رۆحە. زۆرجار خۆشەویستی لە یەك كاتدا هەموو ئەمانەیە. كەواتە بۆچی خۆمان دەخەینە بەر ئەم سەركێشییە؟ ئایا خۆشەویستی واتایەك دەبەخشێت بە ژیانمان، یاخود هەڵهاتنە لە تەنیایی و مەراقەكانمان؟ ئایا خۆشەویستی دەمامكێكە ئارەزووە سێكسییەكانمانی پێ‌ دەشارینەوە یاخود فێڵێكی بایۆلۆجییە بۆ ئەوەی زاوزێ‌ بكەین؟ ئایا ئێمە هەر پێویستمان بە خۆشەویستییە و هیچیتر؟ ئایا ئەسڵەن پێویستمان پێیەتی؟.

لەڕاستیدا ئەگەر خۆشەویستی رۆمانسیی ئامانجێكی هەبێت ئەوا تائێستا نە زانست و نە دەروونناسی هێشتا نەیاندۆزیوەتەوە. بەڵام بە درێژایی مێژوو هەندێك لە فەیلەسوفەكان لەو رووەوە كۆمەڵێك تیۆریی سەرنجڕاكێشیان داڕشتووە. بۆ نموونە ئیفلاتون دەڵێت مرۆڤ لەڕێی خۆشەویستییەوە كامڵ دەبێت. ئەفسانەیەك باس لەوە دەكات كە مرۆڤ پێشتر بوونەوەرێك بووە چوار قۆڵ و چوار قاچ و دوو كەللەسەری هەبووە. رۆژێكیان خوداوەند تووڕە دەكات و ئەویش ئەیكات بە دوو كەرتەوە، لەوكاتەوە مرۆڤ بەدوای نیوەكەی تریدا دەگەڕێت. خۆشەویستی بریتییە لە خولیا و ئارەزووی دۆزینەوەی نیوەكەی دیكە. بۆ ئەوەی جارێكی تر هەست بە كامڵبوون بكەین.
زۆر دوای ئیفلاتون شۆبنهاوەری فەیلەسوفی ئەڵمانی دەڵێت: خۆشەویستی لەسەر ئارەزووی سێكسی پابەندە و وێنەیەكی خەڵەتێنەری چێژی هەستییە. ئەو دەڵێت ئێمە بۆیە عاشق دەبین چونكە ئارەزووەكانمان پەلكێشمان دەكەن بۆ ئەو باوەڕەی كە كەسێكی دیكە هەیە بەختەوەرمان دەكات، بەڵام لەوەدا زۆر بەهەڵەدا چووین. سروشت دەمانخەڵەتێنێت بۆ ئەوەی زاوزێ‌ بكەین. تێكەڵاوبوونی خۆشەویستی كە بەدوایدا وێڵین بە لەدایكبوونی منداڵەكانمان كامڵ دەبێت. بە تێركردنی ئارەزووە سێكسییەكانمان تەنیا هەر ئەوە بەدەست دەهێنین كە پارێزگاری لە رەگەزی مرۆڤ بكەین و ئیتر خوولی رەنج و كوێرەوەرییەكان درێژەی پێ‌ دەدرێتەوە.
بەلای فەیلەسوفی ئینگلیزی (بریتراند راسڵ)ەوە خۆشەویستی بۆ پاراوكردنی ئارەزووە جەستەیی و دەرونییەكانمانە. مرۆڤ بۆ زاوزێكردن خوڵقێنراوە، بەڵام بەبێ‌ چێژی سۆزداریی، سێكس دەبێتە پڕۆسەیەكی بێتام كە ئارەزووەكانمان تێر ناكات. ترسی مرۆڤ لەو جیهانە دڵڕەقەی دەوروبەر ناچاری دەكات خۆی گۆشەگیر بكات و بیپارێزێت. خۆشی و گەرموگوڕی عەشق یارمەتیمان دەدات زاڵ ببین بەسەر ئەو ترسەی كە لە جیهان هەمانە. لە گۆشەگیرییەكەمان دێینە دەرەوە و پێ دەنێینە ناو جیهانەوە. خۆشەویستی دەمانگەشێنێتەوە، بۆیە گرنگترین بەخششی بوونە.
(بودا) پێی وایە ئێمە بۆ تێركردنی ئارەزووە بنەڕەتییەكانمان خۆشەویستی دەكەین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزووە سۆزدارییەكانمان كەموكورتیمان بۆ دروست دەكەن، تەنانەت خۆشەویستی رۆمانسیش سەرچاوەیەكی گەورەی مەراق و ئازارەكانە.
خۆشەویستی دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنێت بگەینە دوورتر لە خۆمان. 
(سیمۆن دید بۆڤوار)یش دەڵێت خۆشەویستی بریتییە لە ئارەزووی تێكەڵبوون لەگەڵ كەسێكی دیكەدا و هەر ئەمەشە مانایەك دەبەخشێت بە ژیانمان. بەلای ئەم خانمە فەیلەسوفەوە گرنگ نییە بۆچی عاشق دەبین بەڵكو گرنگ ئەوەیە چۆن عاشق ببین بەشێوەیەكی باشتر. دەڵێت كێشەی خۆشەویستییە رۆمانسییە نەریتییەكە ئەوەیە كە زۆر دڵڕفێنە، تا ئەو ئاستەی كە بە یەكەم هۆكاری ژیان و بەردەوامبوونمانی بزانین. بەڵام پشتبەستن بە كەسی بەرامبەر وەك پاساوێك بۆ بوونی خۆمان زۆر بە ئاسانی دەبێتە هۆی بێزاریی و پێشبڕكێ‌ كردن لەسەر هێز و كاریگەریی. بۆ ئەوەی نەكەوینە ئەم تەڵەیەوە پێویستە خۆشەویستی شتێكی واقیعبین بێت، هاوڕێیەتییەكی بەهێز بێت. دوو خۆشەویستەكە پشتیوانی یەكتری بن بۆ ئەوەی خۆیان بدۆزنەوە و سنووری خوودی خۆیان تێبپەڕێنن و پێكیشەوە ژیان و جیهان باشتر بكەن. 
كەواتە ئێمە ئەگەر نەشزانین بۆچی عاشق دەبین بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوە دەزانین ئەم عەشقە رێگەیەكی پڕ لە هەوراز و نشێوی سۆزدارییە. ترسناك و دڵخۆشكەر و سەرنجڕاكێشە. خۆشەویستی تووشی خەم و ناڕەحەتیمان دەكات. بەڵام واشمان لێدەكات بدەین لە شەقەی باڵ. خۆشەویستی دەتوانێت مرۆڤ سەرگەردان و بزر بكات، دەشتوانێت وای لێبكات خۆی بدۆزێتەوە. دەتوانێت مایەی خەم و ئازار بێت. دەشتوانێت ببێتە باشترین بابەت لە ژیاندا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure