نووسه‌ره‌ چه‌په‌كانی ئێران

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 230‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

بزورگی عه‌له‌وی

ئه‌ندامی گروپه‌ په‌نجا و سێ كه‌سییه‌كه‌ی رووناكبیره‌ سۆشیالیسته‌كان بوو كه‌ خرانه‌ زیندانه‌وه‌ و له‌وێ دوو كتێبی له‌باره‌ی زیندانه‌وه‌ نووسیوه‌. بزورگی عه‌له‌وی له‌گه‌ڵ نووسه‌ره‌ چه‌په‌كانی تر وه‌ك ته‌قی ئه‌رانی و ئیره‌ج ئه‌سكه‌نده‌ری گۆڤاری (دنیا)یان دامه‌زراندووه‌ و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بیری چه‌پیان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌. پاشان بووه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نجومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌ كه‌لتوورییه‌كانی ئێران و یه‌كێتیی سۆڤێت و بووه‌ته‌ سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (په‌یامی نوێ). دوای هه‌وڵی تیرۆره‌ شكستخواردووه‌كه‌ی شای ئێران، بزورگی عه‌له‌وی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ئه‌ندامی تری پارتی توده‌ خرانه‌ زیندانه‌وه‌ و پاش ئازاد بوون ده‌ستی به‌ كاری هزری و ئه‌ده‌بی كرده‌وه‌ و دوای كوده‌تای 1953ی ئێران وازی له‌ سیاسه‌ت هێنا و چووه‌ ئه‌ڵمانیا و خۆی به‌ نووسینه‌وه‌ سه‌رقاڵ كرد. دواجار له‌ ساڵی 1997 له‌ ته‌مه‌نی 93 ساڵیدا له‌ به‌رلین كۆچی دوایی كرد.

ئه‌حمه‌دی شاملو


هه‌ندێك كه‌س ئه‌حمه‌دی شاملو به‌ یه‌كێك له‌ دۆگماترین كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و چه‌پی ئێران ده‌زانن و ماوه‌یه‌ك له‌ ئه‌ڵمانیای نازییه‌وه‌ نزیك بووه‌ و ماوه‌یه‌كیش بیری ماركسی هه‌بووه‌. له‌ ساڵانی 1950كاندا بوو به‌ ئه‌ندامی توده‌ و له‌ باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌ سۆشیالیستییه‌كانی وه‌ك هه‌نگاریا كاری راوێژكاری كه‌لتووری ده‌كرد. 9 ژماره‌ گۆڤاری (روزنه‌) و 3 ژماره‌ (اهنگ صبح)ی بۆ پارتی توده‌ بڵاو كرده‌وه‌. دوای كوده‌تای 1953ی ئێران به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سۆڤێت ساڵێك له‌ زینداندا مایه‌وه‌. پاشان وازی له‌ سیاسه‌ت هێنا و به‌ شیعر و ره‌خنه‌ به‌شداری له‌ كاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیدا ده‌كرد. له‌ ساڵی 2000 له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ كه‌ره‌ج گیانی له‌ده‌ست دا.

سه‌مه‌دی به‌هره‌نگی


زۆر كه‌س پێیان وایه‌ كتێبی (ماسییه‌ ره‌شه‌ بچكۆله‌كه‌) له‌ هه‌موو شتێك زیاتر باسكردنه‌ له‌ چۆنێتی ئه‌ندام وه‌رگرتنی رێكخراوی چریكی فیدایی گه‌لی ئێران و پارته‌ چه‌په‌كانی تر. مردنه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌كه‌ی ناوبراو له‌ ساڵی 1967 دا ئه‌وی كرد به‌ سیمبولی بیری چه‌پ و ماركسی.

عه‌لی شه‌ریعه‌تی


ئیسلامی چه‌پگه‌را له‌ مێژووی هزری ئێرانی هاوچه‌رخدا به‌بێ عه‌لی شه‌ریعه‌تی باس ناكرێت. ئه‌و بیرمه‌ندێكی زۆر به‌توانا بوو كه‌ ده‌یتوانی به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ بیری ماركسی مێژووی ئیسلام لێك بداته‌وه‌ و ره‌خنه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی ده‌یه‌كانی شه‌سته‌كان و حه‌فتاكان بگرێت و به‌وه‌ش توانی گه‌نجان و خوێندكاران به‌لای خۆیدا رابكێشێت. عه‌لی شه‌ریعه‌تی به‌ وه‌رگرتنی چه‌مكه‌ كۆنه‌ ئیسلامی و شیعییه‌كان و به‌كارهێنانیان بۆ واتا ماركسیییه‌كان بوو به‌ یه‌كێك له‌ داڕێژه‌ره‌ گرنگه‌كانی ئایدۆلۆجیا له‌ مێژووی هزری هاوچه‌رخی ئێراندا.

 

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure