وه‌زاره‌تى كاره‌با ورده‌كارى كێشه‌ى كاره‌با بۆ په‌رله‌مانتاران ئاشكراده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 396‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى عیسا عه‌بدولقه‌هار


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم پاره‌یه‌كى زۆرى بۆ كێشه‌كانى كاره‌با خه‌رجكردووه‌، به‌ڵام تائێستا كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌ و وه‌زیرى كاره‌باى هه‌رێمیش بۆ په‌رله‌مانتاران ورده‌كارى بڕى كاره‌با و خه‌رجییه‌كان و به‌ فیڕۆدانى كاره‌با ده‌خاته‌ڕوو.


هێڤیدار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌سه‌ر كێشه‌كانى كاره‌با، په‌رله‌مانتارانى فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ كه‌مال محه‌مه‌د وه‌زیرى كاره‌باى هه‌رێم كۆبووینه‌وه‌.


له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌، هێڤیدار ئه‌حمه‌د وتى: "رەزامەندی سەرۆکی حکومەت بۆ راکێشانی هێڵی کارەبا لە دهۆک بۆ وێستگەی کارەبای تلکەبەر نیشاندراوە، کە پڕۆژە بە 11 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار جێبه‌جێده‌كرێت و لە 24ى مانگى رابردوو، ته‌نده‌رى پڕۆژه‌كه‌ راگه‌یاندراوه‌ و ماوه‌ى 12 رۆژیش ده‌خایه‌نێت، هه‌روه‌ها هەشت ملیار و 300 ملیۆن دینار بۆ بەهێزکردنى هێڵی کارەبا لە حەوزی سۆران تەرخانکراوە و رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی بۆ وەرگیراوە و سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆلاریش بۆ کارەبای دەربەندیخان ته‌رخانكراوه‌.
بڕیاره‌ له‌ 15ى كانوونى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ پڕۆژەی بەستنی هێلی نیشتمانی نێوان هەولێر و دهۆک کۆتایى بێت، کە پارەی پڕۆژەکە له‌ كابینه‌ى هه‌شته‌م خه‌رجكراوه‌.
هێڤیدار ئه‌حمه‌د، وتى: "ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو نادادپه‌روه‌ره‌ییه‌ى لەسەر وەرگرتنی پشکی کارەبا بۆ پارێزگای دهۆك کۆتایی دێت و لەمەودوا هەموو پارێزگان پشکی خۆیان بە دادپه‌روه‌رانه‌ وەردەگرن کە بەو شێوەیە دابەشکراوە:
دهۆک 24 %
سلێمانی 36%
هەولێر 40%
وه‌زیرى كاره‌با به‌ په‌رله‌مانتارانى راگه‌یاندووه‌: هەتاوەکو 15ى مانگى رابردوو، رۆژانە بە تێکڕایی 21 کاژێر کارەبا به‌ هاووڵاتیان دراوه‌، به‌ڵام بەهۆی هەندێ کێشەی تەکنیکی لە وێستگەی ئەحمەد ئیسماعیل لە هەولێر، خورماڵە و بڕینی غازی داناغاز لە قادر کەرەم بووە هۆی سەرهه‌ڵدانی کێشەی کارەبا و كاتژمێره‌كانى کارەبا کەمبوونەوە، ئێستا بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا به‌ تێكڕا رۆژانە 9 تاوەکو 11 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاووڵاتیان.


به‌وته‌ى وه‌زیرى كاره‌با، هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی شه‌ش هه‌زار و  733 مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام تەنیا دەتوانین سێ هه‌زار 100 مێگاوات کارەبا بەرهەم بێنن، له‌كاتێكدا تەنیا لەو چەند رۆژە خواست لەسەر كاره‌با بۆ هه‌زار و 450 مێگاوتاى دیكه‌ زیادبوو "پێشینى ده‌كه‌ن هێشتا خواست له‌سه‌ر كاره‌باى نیشتمانى زیادببێت، ئەمەش وادەکات کە كاتژمێره‌كانى کارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان کەمتر ببێت".

"زیادبوونى كاره‌با کێشەکە چارەسەر ناکات"
وه‌زیرى كاره‌باى هه‌رێم راشیگه‌یاندووه‌: بەهۆی وێستگەی نوێى هه‌ڵمى کارەبای خەبات و زیادبوونی 50 هەزار پێی سێ جای غاز لە خۆرمەلە هەتاوەکو 400 مێگاواتی دیکە لە مانگی داهاتووە زیادببێت، بەڵام ئەمە ناتوانێ کێشەی کارەبا لە وەرزی زستان چارەسەر بکرێت چونكه‌ به‌هۆى دابیننه‌كردنى سوته‌مه‌نییه‌وه‌ هاووڵاتیان ئامێره‌كانى گه‌رمكه‌ره‌وه‌ زۆر به‌كارده‌هێنن.
وه‌زیرى كاره‌با داوا له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌كات، فرۆشتنى ئامێره‌كانى گه‌رمكه‌ره‌وه‌ له‌ بازاڕ قه‌ده‌غه‌ بكرێت و له‌رامبه‌ردا نه‌وتى سپى بۆ هاووڵاتیان دابینبكرێت.
 هێڤیدار ئه‌حمه‌د، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: وه‌زیرى كاره‌با پێیڕاگه‌یاندوون كه‌ 28%ى كاره‌باى هه‌رێم بزرده‌بێت، ئه‌میش به‌ دوو شێوه‌:
یەکەم: 12% بۆ 13% بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە رێگاوە بزر دەبن و ئەمە لە هەموو دنیا هەیە بۆ نموونه‌ لە وڵاتی کۆریای باشوورە رێژه‌ى بزربوونى كاره‌با 6.5%یه‌.
دووەم: 15%ی کارەبا لەلایەن هاووڵاتیان و بەتایبەتی لەلایەن (مەزرەعەکانەوە) دەدزرێت.

"هه‌زار پێوه‌رى زیره‌ك به‌ستراوه‌و تڕلیۆنێک و 107 ملیار دینارى قه‌رزى كاره‌با نادرێته‌وه‌"
وه‌زیرى كاره‌با ئاشكرایده‌كات كه‌ تائێستا 70 هەزار سه‌عاتى پێوه‌رى زیره‌ك (سمارت میتەر) له‌ هه‌رێمى كوردستان بەستراوه‌، كه‌ 43 هه‌زاریان لە هەولێر، 12 هەزار لە سلێمانی و 9 هەزاریشیان لە دهۆک بووه‌ "بەستنی سەعاتەکە بۆ ماڵان بێ بەرامبەرە و کەس ناتوانێت دەستکاری لەو سەعاتانە بکات و له‌هەر 15 خولەک جارێک لەلایەن فەرمانگەی کۆنتڕۆلی کارەبا، کارەبای هەموو هاوبەشێک تۆمار دەکرێت".
وه‌زیرى كاره‌با به‌ په‌رله‌مانتارانى وتووه‌: "لە هەرێمی کوردستان ملیۆن و 500 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، كه‌ تائێستا ترلیۆنێک و 107 ملیار دینار پارەی کارەبا لای هاووڵاتیان و کارگەکانە کە ئامادە نین بیدەن به‌ حكومه‌ت، له‌و رێژه‌یه‌ 788 ملیار دینار لای هاووڵاتیانه‌ كه‌ دەکاتە مووچەی مانگێکی مووچەخۆرانی هەرێم".
به‌هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى كاره‌با، وه‌زاره‌تى كاره‌با چه‌ند رۆژێكه‌ى هه‌ڵمه‌تێكى فراوانى بۆ بڕینى سه‌رپێچییه‌كان ده‌ستپێكردووه‌.
هاوكات ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كاره‌باى هه‌ولێر له‌ راگه‌یاندراوێكدا، مۆڵه‌تى مانگێكى به‌ هاووڵاتیان ده‌دات بۆ بڕینى سه‌رپێچییه‌كان و پێدانى پاره‌ى كاره‌با به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ "سزاى توند" ده‌درێن.
هاوكات كاره‌باى هه‌ولێر، هاوبه‌شه‌كانى (کشتوکاڵى، بازرگانى و پیشەسازى) ئاگادارده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ زووترین كات قه‌رزه‌كانیان بده‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاره‌بایان ده‌بڕدرێت.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure