رێژه‌ى هاورده‌كردنى به‌روبوومى ده‌ره‌كى بۆ مانگى 12 دیارى كرا

هەواڵ / ئابوری :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 179‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
به‌هۆی زیادبوونی به‌روبوومی ناوخۆیی له‌ په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵ، رێژه‌ی هاورده‌كردنیان كه‌مده‌كرێته‌وه‌ و قایمقامى سلێمانییش ده‌ڵێت:"وه‌به‌رهێنان له‌ پڕۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كاندا له‌ گه‌شه‌سه‌ندندایه‌ و بایه‌خى زیاتریش به‌ به‌روبوومى ناوخۆیى ده‌ده‌ین".

 
ئاوات محه‌مه‌د، قایمقامی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند"له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دیاریكردنی به‌روبوومی ئاژه‌ڵی و په‌له‌وه‌ری له‌ پارێزگای سلێمانی كۆبووینەوە، پاش هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی به‌روبوومی ناوخۆیی بڕیاردرا پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕی ئه‌و به‌روبووم و پێداویستیانه‌دا بكرێت كه‌ هاورده‌ی پارێزگاكه‌ ده‌كرێت".


قایمقامی سلێمانی وتى:"وه‌ك هه‌میشه‌ بایه‌خ و گرنگیى ته‌واو به‌ به‌روبوومى خۆماڵى و پرۆژه‌ كشتوكاڵییه‌ ناوخۆییه‌كان ده‌ده‌ین و ئه‌و گرنگیپێدانه‌یش له‌ ماوه‌ى رابوردوودا رۆڵى گرنگى هه‌بووه‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندنى به‌روبوومى ناوخۆیی و په‌ره‌دان به‌ پرۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كان".


رزگار حه‌مه‌د خدر جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی سلێمانی بەدواڕۆژی وت:"به‌هۆی زۆربوونی پرۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كان و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌می ناوخۆ، هه‌روه‌ها بۆ پشتگیریی جووتیاران و پرۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كان، به‌روبوومه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان تا ئاستی 90% به‌رهه‌می ناوخۆ پڕده‌كه‌نه‌وه‌".


رزگار حه‌مه‌د خدر ده‌ڵێت:"له‌ رێژه‌ی به‌روبوومه‌ هاورده‌كراوه‌كاندا ره‌چاوی زیادبوونی به‌رهه‌می ناوخۆ و كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌كارهێنان له‌ وه‌رزه‌كاندا كراوه‌، لیژنه‌كه‌ بۆ مانگی (12)ی ئه‌مساڵ بڕیاریدا 300 ته‌ن مریشكى به‌ستوو به‌ره‌چاوكردنى پێداویستیى بازاڕ و 800 ته‌ن ماسی و 500 ته‌ن گۆشتی سوور هاورده‌بكرێت. هه‌روه‌ها رێگه‌ به‌هاورده‌كردنی سێ هه‌زار و 750 سه‌ر ئاژه‌ڵ بدرێت و هاورده‌كردنى هێلكه‌یش هاوشێوه‌ى مانگه‌كانى تر قه‌ده‌غه‌ بكرێت".

پ: ل. م 

 بڵاوكردنه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure