دواڕۆژ، راپۆرتی عیسا عه‌بدولقه‌هار
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌زیری دارایی و سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر به‌هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست داوه، به‌ڵام تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی وه‌ڵامی په‌رله‌مانی نه‌داته‌وه بۆ به‌هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌ران.
سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان به دواڕۆژی راگه‌یاند "له 17ی تشرینی دووه‌می 2019، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دوو ھەفتە مۆڵه‌تی داوەتە حکومەتی ھەرێم بۆ بەھەمیشەییکردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبەست، ئەگەر له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته وه‌ڵامی په‌رله‌مان نه‌درێته‌وه، دەبێت دەست بە ئامادەکردنی راپۆرت بکات بۆ خوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە بڕیارەکە".
دوێنێ یه‌كشه‌ممه 1ی كانوونی یه‌كه‌می 2019، واده‌كه‌ی په‌رله‌مان بۆ بەههمیشهییكردنی فه‌رمانبه‌ران كۆتاییهات و حكومه‌ت هیچ وه‌ڵامێكی په‌رله‌مانی نه‌داته‌وه.
عه‌باس فه‌تاح، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان به دواڕۆژی راگه‌یاند "دوێنێ كه دوایین واده‌بوو بۆ حكومه‌ت تاوه‌كو وه‌ڵامی په‌رله‌مان بداته‌وه و فه‌رمانبه‌ران بكاته هه‌میشه‌یی، به‌ڵام به‌داخه‌وه حكومه‌ت هیچ وه‌ڵامێكی په‌رله‌مانی نه‌داته‌وه".
وتیشی: "له‌ڕاستیدا نه‌ده‌بوو سه‌رۆكی په‌رله‌مان هیچ واده‌یه‌ك بۆ حكومه‌ت دابنێت، چونكه پێش دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له 17ی تشرینی دووه‌م، وه‌زیری دارایی و سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر به‌هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌ران ده‌ربڕیوە، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوون فه‌رمانبه‌ران بكرێنه هه‌میشه‌یی، به‌ڵام به‌م مۆڵه‌ت پێدانەی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌ران دواكه‌وت".
هاوكات سۆران عومه‌ر، ده‌ڵێت: "ھەستدەکرێت حکومەت پاش بەرچاو روونی وەزارەتی دارایی بۆ ژمارەی گرێبەستەکان چارەنوسی بە ھەمیشەییکردنی گرێبەستەکانی بەنادیاری ھێشتۆتەوە".
بەپێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم، لەدوای ساڵی 2014ەوە لەسەر داوای وەزارەتەكان نزیكەی 31 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا بەشێوەی گرێبەست دامەزراندووە و ده‌بوو ئه‌وانه‌ی سێ ساڵ خزمه‌تیان هه‌یه بكرێنه هه‌میشه‌یی، به‌ڵام به‌هۆی "قه‌یرانی دارایی" ه‌وه تائێستا فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست نه‌كراونه‌ته هه‌میشه‌یی.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر حكومه‌ت وه‌ڵامی په‌رله‌مانی نه‌دایه‌وه، عه‌باس فه‌تاح وتی: "ئه‌گه‌ر حكومه‌ت وه‌ڵامنه‌داته‌وه، ده‌بێت په‌رله‌مان له دانیشتێنكدا هه‌ردوو لیژنه‌ی دارایی و یاسایی راسپێرێت بۆئه‌وه‌ی راپۆرت له‌باره‌ی به‌هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌ران ئاماده‌بكه‌ن دواتر خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ راپۆرته‌كه بكرێت و بڕیاری به هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌ران ده‌ربكرێت و چیتر چاره‌نووسی فه‌رمانبه‌ران به نادیاریی نه‌مێنێته‌وه".
به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌كراونه‌ته هه‌میشه‌یی، فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له هه‌ندێك ئیمتیاز بێبه‌شن له‌وانه، پێنه‌دانی مۆڵه‌تی مانگانه كه سێ رۆژه، كه‌میی مووچه‌ی مانگانه و نه‌گواستنه‌وه‌یان له فه‌رمانگه‌كان و پاداشتنهكردنیان هاوشێوه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌میشه‌یی.