عێراق بڕى هه‌نارده‌ و داهاتى نه‌وتى مانگى رابوردووى ئاشكرا كرد

هەواڵ / ئابوری :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 187‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 1ى كانونى يه‌كه‌مى 2019 بڕى هه‌نارده‌ و داهاتى نه‌وتى مانگى رابوردووى ئاشكراكرد، شاره‌زايه‌كى بوارى نه‌وتيش ده‌ڵێت: "بارودۆخى ئێستاى عێراق كاريگه‌رى له‌سه‌ر هه‌نارده‌ى نه‌وت نه‌بووه‌".


وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ده‌ڵێت: "له‌ مانگى تشرينى دووه‌مى رابوردوودا زياتر له‌ 105 مليۆن به‌رميل نه‌وت هه‌نارده‌ى بازاڕه‌كانى جيهان كراوه‌، داهاته‌كه‌شى 6 مليار دۆلارى تێپه‌ڕاندووه‌".

حه‌مزه‌ جه‌واهيرى، چاودێر و پسپۆڕى بوارى نه‌وت له‌ لێدوانێكدا به‌ داوڕۆژى راگه‌ياند: به‌راورد له‌گه‌ڵ مانگه‌كانى دیکەی پێش خۆيدا مانگى رابوردوو، داهات و هه‌نارده‌ى نه‌وت كه‌مى نه‌كردووه‌، وه‌ك مانگه‌كانى دیکە وايه‌، چونكه‌ عێراق له‌و سنووره‌دا نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات کە له‌گه‌ڵ ئۆپيك لەسەری رێككه‌وتووه‌.

ئاشكراشيكرد: بارودخى ئێستا و چه‌ند مانگى رابوردوو هيچ كاريگه‌ريى له‌سه‌ر ده‌ركردن و هه‌نارده‌ى نه‌وت نه‌بووه‌، خۆپيشانده‌ران ته‌نیا يه‌ك رۆژ بۆ چه‌ند كاتژمێرێك رێگه‌ى به‌نده‌ره‌ ئاوييه‌كانيان گرت، به‌ڵام دواتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى قوت و مووچه‌ى خه‌ڵكى له‌سه‌ره‌ ئه‌و ده‌روازه‌یەيان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ك ئه‌گه‌ر خۆپيشانده‌ران رێگه‌ى به‌ندره‌كان ببه‌ستن، ئه‌وا ناتوانن بگه‌نه‌ به‌نده‌ره‌كانى باركردنى نه‌وت له‌سه‌ر ده‌ريا، چونكه‌ ئه‌و به‌نده‌رانه‌ زۆر له‌ قوڵيى ده‌ريادان.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure