ژمارەی تووشبوانی نەخۆشی ئایدز لەسلێمانی ئاشكرابوو

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 01/12/2019‌ :: 381‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

لەشاری سلێمانی تائێستا تەنیا حەوت كەس تووشی نەخۆشی ئایدز بوون، ئەوەش ئەو كوردانەن كە لەدەرەوەی وڵات هاتونەتەوە، بەرپرسێكی تەندروستیش دەڵێت: "لەمەودوا كۆد بۆ تووشبوان دادەنێین".


ئەمڕۆ رۆژی جیهانی ئایدزە و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: ئەمساڵ لەكوردستان 41 كەس تووشی ئەو نەخۆشییە بوون.

رزگار عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ 1ی كانوونی یەكەمی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند: ژمارەی تووشبوانی نەخۆشی لەسلێمانی حەوت كەسن كە ئەوەش زۆر زۆر كەمە و ئەگەر بەراوردی ئامارە جیهانییەكانی بكەین شایانی باسكردن نییە، چونكە وڵات نییە ئایدزی تیادا نەبێت، ئەو حەوت كەسەش، كوردن و لەدەرەوە هاتوونەتەوە، ئەگینا لەناوخۆی سلێمانی تیایدا نییە.

ناوبراو روونیكردەوە: هۆكارەكانی تووشبوون بەم نەخۆشییە، زیادبوونی ئازادی سێكسی، باشبوونی باری ئابوری و هاتوچۆی زۆر، واڵابوونی سنوورەكان، بەڵام ئەوان بەچەندین رێگە رێگری لەتووشبوونی خەڵكانی دیكە دەكەن، ئەوانیش پشكنینی پێش هاوسەرگیری، پشكنینی ئەوانەی لەمەساج و یانە شەوانەكاندا كار دەكەن، پپشكنینی پێش نەشتەرگەری، پشكنین بۆ ئەوانەی خوێن دەبەخشن، لەتازەترین رێگەشدا ئەوانەی پشكنینیان بۆ دەكرێت بۆ پاراستنی ناویان كۆدیان بۆ دادەنرێت.

هەروەها فەرهاد مەجید، بەرپرسی بەشی هۆبەی ئایدز لەبەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: ئایدز نەخۆشییەكی مەترسیدارە و گواسترایەوە، بەڵام ئەو قسە باوەی كە هەیە و تەنیا لەڕێگەی سێكس نییە نەخۆش تووش دەبێت راست نییە، بەڵكو بەكارهێنانی پێداویستی پزیشكی بەپیسی، تێكردنی خوێن بێ پشكنین، پێداویستی پزیشكی پیس لای پزیشكی ددان، بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لەڕێگەی دەرزی رێگەكانی توشبوونن.

وتیشی: "مەترسیدارین سیفاتی ئەم نەخۆشییە ئەوەیە نیشانەی نییە تا پشكنینی بۆ بكرێت، بەڵام چارەسەر ئەوەیە پێش هەموو شتێك هۆشیاری تەندروستی، دواتریش دەرمانی هەیە نەخۆش بەكاری بهێنێت و بتوانێت ژیانێكی ئاسایی بباتەسەر".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure