په‌رله‌مانى كوردستان بۆ یاسایەک كۆده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 01/12/2019‌ :: 243‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

دواى ئەوەی سەرۆکی هەرێم یاساى "به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى له‌ سنوورى شاره‌وانییه‌كان زیاده‌ڕەوییان له‌سه‌ر كراوه‌" گەڕاندەوە، په‌رله‌مانى كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ و ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانیش ده‌ڵێت: "پەرلەمان بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانى ده‌توانێت پێداگری لەسەر رای خۆی بکات، سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ جارى دووه‌م ناتوانێت راكه‌ى په‌رله‌مان ره‌تبكاته‌وه‌".


دواى ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم یاساى "به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى له‌ سنوورى شاره‌وانییه‌كان زیاده‌ڕەوییان له‌سه‌ر كراوه‌" گه‌ڕانده‌وه‌ په‌رله‌مان، بڕیاره‌ چوارشه‌ممه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ 4ى كانوونى یه‌كه‌م، جارێكى دیكه‌ په‌رله‌مانى كوردستان دووباره‌ له‌باره‌ى داڕشتنه‌وه‌ى یاساكه‌ كۆببێته‌وه‌.

سه‌رچنار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى چه‌ند تێبینییه‌كه‌وه‌، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی له‌سنوورى شاره‌وانییه‌كان زیادەڕەوییان لەسەر کراوه‌، ره‌تكرده‌وه‌ و گه‌ڕاندیه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان.

وتیشى: "دوای گەڕاندنەوەی یاساکە، پەرلەمان بەپێی مادەی 95ی پەیڕەوی ناوخۆ له‌ماوه‌ى 15 رۆژدا لیژنەی تایبەتمەند پێكبهێنێت و راپۆرتی خۆیان له‌باره‌ى یاساكه‌ بنووسن، پاشان لەیەکەمین دانیشتن دوای تەواوکردنی راپۆرتەکە، پەرلەمان بڕیاری  یەکلاکەرەوە له‌باره‌ى یاساكه‌ ده‌دات، یان رای سەرۆکی هەرێم وەردەگیرێت و راپۆرتی لیژنەی تایبەتمەند تاوتوێ دەکرێت، یاخود پەرلەمان بەدەنگی زۆرینەی ئەندامان پێداگری لەسەر رای خۆی دەکات و ئەم جارەش رای پەرلەمان رەتناکرێتەوە، به‌ڵام بۆ ئه‌و دانیشتنه‌ سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم دەتوانێت ئامادەی دانیشتنەکە بێت".
 
بۆ تاپۆكردنى هه‌ر خانوویەك كه‌ به‌ زیاده‌ڕەو دروستكراوه‌ نرخى جیاواز وه‌رده‌گیرێت، له‌ ناحیه‌كان بڕى پێنج تاوه‌كو هه‌شت هه‌زار و له‌ قه‌زاكان له‌ 10 تاوه‌كو 15 هه‌زار و له‌ پارێزگاكانیش 15 تاوه‌كو 30 هه‌زار دینار بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەک دیاریكراوه‌، به‌ڵام ئه‌و یاسایه‌ ئه‌و خانووانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ دواى 18ى شوباتى 2018 به‌ زیاده‌ڕەو دروستكراون.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure