بازاڕه‌كانی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی كوالیتی و نرخدا

هەواڵ / ئابوری :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 134‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی تابان ره‌زا

له‌هه‌موو به‌رهه‌مهێنان و فرۆشتنێكی بازاڕدا، نرخ و كوالیتی رۆڵی خۆیان هه‌یه‌، هه‌تا كوالیتی باش بێت نرخیش  به‌رزتر ده‌بێت. خاوه‌نی كۆمپانیایه‌ك باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ كوالیتی له‌ بازاڕدا سفره‌ و بازرگانه‌كان له‌پێناو قازانجكردنی خۆیاندا كێبڕكێ له‌بازاڕدا دروستده‌كه‌ن. پسپۆڕێكی ئابورییش ده‌ڵێت: "كوالیتی كۆنترۆڵ كۆنترۆڵی هه‌موو شتێكی نه‌كردووه‌، زۆر شتی خراپ دێته‌ بازاڕی ئێمه‌وه‌  به‌نرخێكی هه‌رزان".


كوالیتی باش نرخه‌كه‌ی گرانه‌
سه‌باح عه‌بدولوه‌فا (مامۆستا) بۆ دواڕۆژ، ده‌ڵێت: "كاتێك كوالیتی باش هه‌ڵده‌بژێریت بێگومان نرخه‌كه‌شی گران ده‌بێت، ئه‌و شتومه‌كه‌ی كوالیتی باشه‌ زۆرتر ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته‌وه‌ سه‌ر گیرفان و باری دارایی كه‌سه‌كه‌، هه‌ندێ كه‌س ئه‌گه‌ر باری دارایی باش نه‌بێت گوێ به‌كوالیتی نادات، چونكه‌ تا نرخه‌كه‌ی بۆ ئه‌و كه‌متر بێت باشتره‌".

وتیشى: "به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كاڵایه‌ك نییه‌ باش بێت و نرخه‌كه‌شی گونجاو بێت و له‌گه‌ڵ گیرفانی خه‌ڵكدا بگونجێت".

شوان داودی (رۆژنامه‌نوس) له‌كاتی سه‌رقاڵبوونی به‌ كڕینی شتومه‌ك، بۆمان دوا و وتى: "له‌ نێوان نرخ و كوالیتی په‌یوه‌سته‌ به‌گیرفانه‌وه‌، له‌ناو كورددا وته‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌وترێت (پێت به‌قه‌د به‌ڕه‌كه‌ت راكێشه‌). گیرفان به‌رپرسه‌ له‌كاتی كڕینی  شتومه‌ك  و كاڵایه‌ك كه‌ پێویسته‌، به‌ڵام له‌ دواجاردا ئه‌و نرخه‌ی به‌ كوالیتییه‌كه‌ی ده‌ده‌یت زیاتر ده‌مێنێته‌وه‌ و سوودی لێ ده‌بینیت. ئه‌و كاڵایەی ده‌یكڕیت  ئه‌گه‌ر كوالیتی باشتر بێت له‌ قازانجی خۆته‌، چونكه‌ ماوه‌یه‌كی زیاتر ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌ر شتێك كه‌ ده‌یكڕیت ده‌بێت زۆرترین سوودی لێوه‌ربگریت به‌قه‌د ئه‌و پاره‌یه‌ی پێی ده‌ده‌یت".

كێبڕكێى نێوان بازرگانه‌كان كوالیتی له‌بازاڕدا سفر ده‌كاته‌وه‌
خاوه‌ن كۆمپانیایه‌ك كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بکرێت، به‌ دواڕۆژى وت: "ئێستا له‌كوردستاندا كوالیتی سفره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی كێبڕكێى بازگانه‌كان له‌ ناو بازاڕ كوالیتییه‌كه‌ی سفر كردووه‌ته‌وه‌، بێگومان ئه‌و شته‌ی كوالیتی به‌رز بێت نرخه‌كه‌شی گرانه‌، له‌بچووكترین كاڵاوه‌ هه‌تا گه‌وره‌ترین شتومه‌ك. هه‌ر له‌به‌رئه‌وەشه‌ بازرگانه‌كان گرنگیی به‌كوالیتی ناده‌ن و له‌نێوان خۆیاندا كێبڕكێیانه‌، هه‌ریه‌كه‌یان شتی زیاتر ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ى زۆرتر بیفرۆشێت و قازانجی زیاتر بكات. ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا هه‌یه‌ هه‌رزان بازاڕه‌كان دروستیان كردووه‌".

حیسام حه‌كیم به‌رزنجی، پسپۆڕی ئابوری، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "كاتێك هه‌وڵده‌ده‌یت شتێك به‌ره‌و باشیی به‌ریت خه‌رجیی زۆری تیادا ده‌كه‌یت، ئه‌و پاره‌یەی بۆی خه‌رج ده‌كه‌یت دوایی بۆی وه‌رده‌گریته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ كوالیتی زۆر باش پاره‌ی ده‌وێت و دواتر به‌گرانیش ده‌فرۆشرێته‌وه‌، له‌ زۆرینه‌ى وڵاتانی دنیایش وایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ كه‌مجار رێكده‌كه‌وێت شتێكت ده‌ستبكه‌وێت به‌كوالیتی باش و نرخی كه‌م. ده‌كرێت دوو كاڵا به‌هه‌مان كوالیتی بێت، به‌ڵام له‌نرخدا جیاواز بن، ئه‌مه‌ش به‌پێی په‌راوێزی قازانجه‌ كه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر كاڵاكه‌".

"له‌ هه‌رێمی كوردستان كوالیتی باش هه‌یه‌، به‌ڵام كه‌مه‌، چونكه‌ كوالیتی كۆنترۆڵ كۆنترۆڵی هه‌موو شتێكی نه‌كردووه‌، زۆر شتی خراپ دێته‌ بازاڕی ئێمه‌وه‌ به‌نرخێكی هه‌رزان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیی ئێمه‌ بشكێنێت. پێویسته‌ كوالیتی باش له‌ بازاڕی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت و كوالیتی خراپ كه‌مبكرێته‌وه‌ و بتوانین ئه‌و كوالیتییه‌ باشانه‌ به‌نرخێكی وابێت كه‌ خه‌ڵكی هه‌ژاریش بتوانێت بیكڕێت" حیسام حه‌كیم وای وت. 

دوای جێبه‌جێكردنی  یاسای داكۆكیكردن له‌مافی به‌كاربه‌ران ده‌كه‌ن
لای خۆیه‌وه‌ شێخ عه‌تا محه‌مه‌د، جێگری سه‌رۆكی لقی سلێمانی یه‌كێتی هاورده‌ و هه‌نارده‌كاران، بۆ دواڕۆژ وتى: "هه‌موو ئه‌و كاڵا و شتومه‌كانه‌ی دێنه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌مووی به‌كوالیتیدا دێته‌ هه‌رێم و كۆنترۆڵی جۆری له‌ هه‌موو سنووره‌كاندا هه‌یه‌ و پێیدا تێده‌په‌ڕن، هه‌موو كاڵا و شتومه‌كه‌كان كوالیتی باشن، كاتێكیش كوالیتی باش بێت نرخه‌كه‌شی گران ده‌بێت، مه‌گه‌ر  هه‌ندێ شت نه‌بێت كه‌ به‌ رێگه‌ی قاچاخ دێت و داخڵ ده‌بێت. له‌هه‌موو دنیاشدا شتی باش و  باشتر و خراپیش هه‌یه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی كوالیتییه‌كه‌ی  نرخه‌كه‌شی ده‌گۆڕێت".

به‌ قسه‌ى شێخ عه‌تا: "كوالیتی باش كه‌ له‌ بازاڕ نرخی گرانه‌، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بازرگانه‌كه‌ كوالیتی باش دەهێنێته‌ بازاڕەوه‌، به‌گران ده‌یكڕێت و ناچاره‌ به‌گرانیش بیفرۆشێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی كێبڕكێ و له‌ناو بازاڕدا فرۆشیاره‌كان هه‌ریه‌كه‌یان له‌ویتر نرخی كه‌متر داده‌نێت بۆ ئه‌وه‌ى كڕیاری زیاتر بێت".

جێگری سه‌رۆكی لقی سلێمانی یه‌كێتی هاورده‌ و هه‌نارده‌كاران ده‌ڵێت: "پێداگریی زۆرمان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌ كردووه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ داكۆكیكردن له‌ مافی به‌كاربه‌ران، به‌ڵام تائێستا ماوه‌ و راگیراوه‌، به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ به‌كاربه‌ر ده‌توانێت داوای مافی خۆی بكات".

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure