بارهه‌ڵگرێك نه‌یهشێت هاوكار و هاوڕێكانی بگه‌نه‌وه‌ ماڵ!

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 22432‌ جار بینراوە
هاوكار به‌كر و هاوژینه‌كه‌ى

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

ئه‌وكاته‌ى هاوكار و چوار له‌ هاوڕێكانی له‌سه‌ر كاره‌كه‌یانه‌وه‌ به‌ره‌و ماڵ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ماندوێتیی رۆژێكی درێژی پاییز بحه‌وێنه‌وه‌، له‌پڕ ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگر كۆنتڕۆڵ له‌ده‌ستده‌دات و ده‌یانشێلێت رووداوه‌كه‌ ده‌بێته‌ هۆى برینداربوونى پێنج گه‌نج كه‌ دواتر دوانیان گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن.


دره‌نگانی (شه‌وی هه‌ینی 29ی تشرینی دووه‌م) هاوكار به‌كر و ده‌وران نه‌وزاد-ی هاوڕێی، له ‌گه‌ڕه‌كی عه‌ره‌فه‌-ی شاری كه‌ركوك به‌هۆی شێلانیان له‌لایه‌ن ئۆتۆمبێڵێكی بارهه‌ڵگره‌وه‌ گیانیانله‌ده‌ستدا و سێ هاوڕێی دیكه‌شیان برینداربوون.

هاوار محه‌مه‌د، هاوڕێی نزیكی (هاوكار) كه‌ نیو كاتژمێر به‌ر له‌ رووداوه‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بوون‌، به ‌دواڕۆژی وت: "هاوكار و چوار هاوڕێكه‌ی كه‌ وه‌ك كارمه‌ند له‌ سوپه‌رماركێتێكدا كاریان ده‌كرد، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ماڵه‌وه‌ تووشی رووداوێكی هاتوچۆ بوون و دوانیان گیانیان له‌ده‌ستدا و سیانه‌كه‌ى دیكه‌شیان برینداربوون. رووداوه‌كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئۆتۆمبێلێكی جۆری (كیا‌ی بارهه‌ڵگر) به‌هۆی تیژڕه‌وییه‌وه‌ كۆنترۆڵی له‌ده‌ستداوه‌ و له‌نزیك ده‌روازه‌ی گه‌ڕه‌كی عه‌ره‌فه‌ی سه‌ر رێگه‌ی كه‌ركوك-هه‌ولێر هاتووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجه‌ و شێلاندونی".

هاوكار وه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری گشتی سوپه‌رماركێتێكی گه‌وره‌ به‌ناوی (شاهی ژیان) له‌ گه‌ڕه‌كی ئه‌ڵماس كاریده‌كرد، شه‌وی هه‌ینی هاوشێوه‌ی شه‌وه‌كانی دیكه‌ هه‌تا دره‌نگانێك كاریكردووه ‌و دواتر له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌كانیدا به‌ ئاراسته‌ى ماڵ گه‌ڕاونه‌ته‌وه، تا ئه‌و كاته‌ى تووشى رووداوه‌كه‌ بوون.

هاوكار (24 ساڵ)، نزیكه‌ی ساڵ و نیوێك بوو ژیانی هاوسه‌رگیریی پێكهێنابوو، هاوژینه‌كه‌یشی (شیاو ته‌یب) خوێندكاری قۆناغی یه‌كه‌می په‌یمانگه‌ی كۆمپیوته‌ری ئه‌هلییه‌ له ‌كه‌ركوك.

هاوار-ی هاوڕێی ده‌ڵێت: "هاوكار خۆی به‌بێ باوكی به‌خێوكرا و هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ ئه‌گه‌رچی بچووكترین منداڵی خێزانه‌كه‌ی بوو، به‌ڵام خه‌می به‌خێوكردنی برا و خوشك و دایكه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی له‌كۆڵنابوو".

رووداوه‌كه‌ نزیك كاتژمێر 12ی شه‌و روویداوه‌، سه‌ره‌تا هه‌ر پێنج گه‌نجه‌كه‌ برینداربوون، به‌ڵام دوای ره‌وانه‌كردنیان بۆ نه‌خۆشخانه‌ هاوكار به‌كر و ده‌وران نه‌وزاد گیانیانله‌ده‌ستداوه‌، هه‌رچی شۆفێره‌كه‌یشه‌ به‌هۆی ئاماده‌نه‌بوونی وته‌بێژی پۆلیسی كه‌ركوك بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی میدیاكاران، نازانرێت راگیراوه‌ یاخود نا.

عه‌قید عوسمان عه‌بدوڵـڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی هونه‌ریی هاتوچۆی كه‌ركوك به ‌دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌مساڵدا زیاتر له‌ 320 رووداوی هاتوچۆ روویانداوه‌ و به‌هۆیانه‌وه‌ 13 كه‌س گیانیانله‌ده‌ستداوه ‌و 125 كه‌سیش برینداربوون.

له‌باره‌ی هۆكاری زیادبوونی رووداوه‌كانی هاتوچۆوه‌، ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پۆلیسی هاتوچۆ ده‌ڵێت: شۆفێران پابه‌ندنی رێنماییه‌كانی هاتوچۆ نابن و شه‌قامه‌كانیش به‌شێكی دیكه‌ی كێشه‌كه‌ن، دیارترین و دوایینیشان ئه‌و رووداوه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ژماره‌ گه‌نجه‌ى كرده‌ قوربانى.

پ: ل. م 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure