نوێترین زانیاری لەسەر دۆخی تەندروستی ئەو كچەی خوێن دەردەدات

هەواڵ / کوردستان :: 01/12/2019‌ :: 9069‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی


وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت "له‌ هه‌رێمی كوردستان چوار هاوڵاتی تووشی حاڵه‌تی خوێنبه‌ر بوون له‌ ده‌م و چاو و لوت و گوێیه‌كانیان" ده‌شڵێت: "ئه‌م نه‌خۆشییه‌ حاڵه‌تێكی ئاساییه ‌و مه‌ترسی له‌سه‌ر هاوڵاتیان نییه".

دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ شه‌ممه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا گرته‌ی ڤیدیۆیی كچێكی خوێندكاری ته‌مه‌ن 17 ساڵان بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ خوێن له‌ چاو، لوت، گوێ و ده‌می دێتە خوار، ئه‌م دیمه‌نه‌ هاوڵاتیانی تووشی دڵه‌ راوكێ كرد. 

ساڵی رابوردووش گرته‌یه‌كی تری ڤیدیۆیی گه‌نجێكی سنووری پارێزگای دهۆك به‌ هه‌مان شێوه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ خوێن له‌ لوت و چاوی ده‌هات.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌و حاڵه‌تەی خوێن به‌ربوونی كچه‌ خوێندكاره‌كه‌ ئاگادارن و ئه‌مڕۆ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی له‌ هه‌ولێر چاره‌سه‌ری پێویستی بۆ ئه‌نجام ده‌ده‌رێت".

وتیشی: "تاوه‌كو ئێستا چوار حاڵه‌تی له‌و جۆره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمار كراوه‌و چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ دووان له‌و كه‌سانه‌ به‌ ته‌واوی چاك بوونه‌ته‌وه‌و ئه‌وانه‌ی تریش له‌ژێر چاودێری پزیشكدان و چاره‌سه‌ری به‌رده‌وامیان بۆ ده‌كرێت".


روونیشیكرده‌وه‌: هەموو پشکنینێک بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ كراوه‌و هەمووی نۆرماڵ دەردەچێت، تەنانەت لیژنەی پسپۆڕی جۆراو جۆر چەندین کۆبوونەوەی زانستییان كردووه‌، بەڵام هیچ دەرەنجامێک نەبووه‌ جگە لە گومانی نەخۆشییەک کە جارێ روون نییه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure