هەرێمی كوردستان خۆی بۆ گۆڕانكارییەكانی دەستوور ئامادە دەكات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 30/11/2019‌ :: 249‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەر هەموارێكی دەستوری عێراق بۆ خزمەتی عێراق و كوردستان بێت كورد مانعی نییە، پەرلەمانتاران و شارەزایانی یاسای دەستووریش دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتیانی كوردستان كە هەمواركردنەوەی دەستور دژی مافەكانی گەلی كورد نابێت.


ئەمڕۆ 30ی تشرینی دووەمی 2019 لەهۆتێل گراند میلینیۆم لەشاری سلێمانی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهەماهەنگی نوێنەرانی كورد لەلیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوری عێراق یەكەم ۆركشۆپیان ساز كرد بۆ وەرگرتنی رای كەسانی شارەزا بۆ پێدانی بیرۆكە و سوود وەرگرتنی لەهەمواركردنەوەی دەستور.

دەستوری هەمیشەیی عێراق بەدایكی یاساكان دادەنرێت و ساڵی 2005 لەڕاپرسییەكی جەماوەریدا پەسەند كرا، بەڵام دوای خۆپیشاندانی شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق یەكێك لەداواكانیان هەمواركردنەوەی دەستور بوو، پەرلەمانی عێراق ئەو داوایەی پەسەند كرد.

دوای تەواو بوونی ۆركشۆپەكە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەم ۆركشۆپە بۆ زانینی ئامانجەكانی پشت هەمواركردنەوەی دەستور و هەڵوێستی حكومەتی هەرێمە، بۆ ئەو مەبەستەش شەش لیژنە دروستكراون بۆ پێشكەشكردنی راسپاردە بۆ لیژنەی باڵا كە حكومەتی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم دایانمەزراندووە."

بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "تائێستا مەسەلەی فیدراڵییەتی كوردستان بەفەرمی باسنەكراوە، بەڵام هەر باسكردنێك لەفیدراڵییەت لەهەمواری دەستوردا بكرێت كورد بەدیل و بژاردەی هەیە، وتیشی: "هەمواركردنەوەی دەستور بابەتێكی نامۆ نییە و دەكرێت هەموار بكرێتەوە، بەڵام بۆ شێوازی باشتر، هەر گۆڕانكارییەك خزمەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بكات، ئێمە مانعمان نییە".

یوسف محەمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستور بەدواڕۆژی راگەیاند "وەك  لیژنە دەستورییەكان و نوێنەرانی كورد پێویستیان بەوەرگرتنی رای خەڵكانی شارەزا و پسپۆڕ هەیە بۆ ئەوەی هەوڵی ئەوە بدەن تا بەئامادەكاری بڕۆنە گفتوگۆی هەمواركردنەوەكە."

دوای خستنەڕووی هەمواركردنەوەی دەستور، خەڵكانێك لەهەرێمی كوردستان ترسیان لێ نیشتووە بەوەی هەمواركردنەوەكە ببێتە مەترسی بۆ ئەو دەستكەوتانەی پێشتر بۆ كورد بەدەستهاتوون.

بەڵام یوسف محەمەد دەڵێت: "ئەگەر هەرێمی كوردستان باش خۆی بۆ ئەو هەمواركردنەوەیە ئامادە بكات، نەك هەر مەترسی نابێت، بەڵكو دەتوانرێت بكرێتە دەرفەت بۆ چەسپاندنی ئەو داخوازییانەی تائێستا بەدەست نەهاتوون، بۆ نموونە ماددەی 140 كە تائێستا جێبەجێنەكراوە و چۆن بتوانین جێبەجێی بكەین".

ئەو پەرلەمانتارە روونیكردەوە، هەمواركردنەوەی دەستور پێویستی بەئامادەكردنە لەسەر سێ ئاست، یەكەمیان یارمەتیدانی لیژنە دەستورییەكە، دوووەم، ئاستی دانوستان لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی عێراق بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان، سێیەمیش، مەسەلەی چاكسازی لەناوخۆی كوردستان، چونكە سەرمایەی هەرێمی كوردستان بۆ هەمواری دەستور دەنگی خەڵكە.

هەروەها عەبدولباری مودەریس، سەرۆكی فراكسیۆنی سەربەخۆ لەپەرلەمانی عێراق بۆ دواڕۆژ رایگەیاند "هەمواری دەستور جێی ترس نییە، بەڵكو دەبێت هەوڵبدرێت دەستكەوتی زیاتر بۆ كورد دەستەبەر بكرێت، چونكە لەبڕگەی 4ی ماددەی 142دا هاتووە، ئەو دەستورە ناگۆڕدرێت تا دوو لەسەر سێی سێ پارێزگا رەزامەندی لەسەر نەدەن، بۆیە كورد گەرەنتی هەیە ئەگەر هەموارەكە لەبەرژەوەندی نەبوو رایبگرێت.

لەلایەكی دیكەوە شۆڕش حەسەن، مامۆستای یاسای دەستوری لەزانكۆی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند "پێویستە ئەو مافانەی لەساڵی 2005 لەدەستور بۆ كورد جێگیر كراوە وەك فیدراڵی و دیموكراسی و مافەكانی دیكە لەم هەموارەشدا بەرەو پێش ببرێن و بەرەو دواوە نەگەڕێتەوە."

بەبۆچوونی ئەو شارەزایەی دەستور: بۆ قۆناغی داهاتوو مەبدەئی سەربەخۆیی زاتی هەرێمی كوردستان قوڵ بكرێتەوە بۆ دیاریكردنی سنوری هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی، پرەنسیپی بەشداریی كوردیش لەحكومەتی عێراق زیاتر بكرێت، هەروەها ئەنجومەنی ئیتحیادی بەپێی دەستور دروست بكرێت بۆ ئەوەی كورد فلتەرێكی هەبێت بۆ رێگرتن لەو یاسایانەی لەدژی دەبن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure